هەر هاووڵاتییەک ئەندامێکی جەستەی بفرۆشێت 7 بۆ 10 ساڵ زیندانی دەکرێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 29206‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

پەرلەمانی كوردستان بەیاسای ژمارە 1ی ساڵی 2018، بەخشین و چاندنی ئەندامەكانی لەشی مرۆڤی دیاریكردوە كە نابێت بازرگانی پێوەبكرێت و سزاشی بۆ داناون.

ئەبوبەكر بورهان، پارێزەر بەدواڕۆژی راگەیاند: لەماددەی سێیەم بڕگەی یەكەمی یاساكەدا هاتووە كە ناكرێت هەر ئەندامێك یان بەشێك لەئەندامێك یان شانەیەك لەجەستەی مرۆڤێكی زیندوو بگوازرێتەوە بەمەبەستی چاندنی لەجەستەی مرۆڤێكی دیكە، تەنیا لەحاڵەتی زەروریەت نەبێت كە پێویست بكات بۆ پارێزگاریكردن لەژیانی كەسی وەرگر یان چارەسەركردنی لەنەخۆشییەكی كوشندە، بەو مەرجەی گواستنەوەكە تاكە ئامراز بێت بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەم زەرورەتە و گواستنەوەش نەبێتەهۆی ئەوەی كەسی بەخشەر تووشی مەترسییەكی گەورە بێت لەسەر ژیانی یان لەسەر تەندروستی.

ناوبراو روونیكردەوە: لەبڕگەی دووەمیشدا هاتووە، چاندنی رژێنەكانی زاوزێ، بەش و شانە و خانەكانی قەدەغە دەكرێت، هەروەها لەماددەی چوارەمیشدا ئاماژە بەوەكراوە كە نابێت گواستنەوەی هەر ئەندامێك یان بەشێك لەئەندام یان شانەیەك لەجەستەی مرۆڤێكی زیندوو بۆ چاندنی لەجەستەی مرۆڤێكی دیكە ئەنجام بدرێت، تەنیا بەبەخشین نەبێت.

وەك ئەو پارێزەرە روونیكردەوە: ماددەی پێنجەم بڕگەی یەكەمیش هاتووە، پێویستە بەخشینەكە لەویستێكی ئازاد و جێگیركراو بەنووسراوێكی رەسمی سەرچاوەی گرتبێت ئەویش بەشێوەیەك كە پەیڕەو و رێنماییەكانی ئەم یاسایە دیاری دەكەن، هەروەها جگە لەنەشتەرگەری چاندنی مۆخی ئێسك، بەخشین لەكەسانی نالێهاتە و كەم لێهاتە قبوڵ ناكرێت هەتا ئەگەر دایك و باوكیشی یان ئەوەی لەڕووی یاساییەوە نوێنەرایەتی دەكات رەزامەندی لەسەر بدەن.

بۆ سزاكانیشی بازرگانیكردن بەئەندامانی جەستە و لەنێویاندا گورچیلە، ئەبوبەكر بورهان دەڵێت: "هەر كەسێك ئەندامێكی مرۆیی یان بەشێكی بەمەبەستی چاندن بەپێچەوانەی حوكمێك لەحوكمەكانی ماددەكانی (3.4.5)ی ئەم یاسایە بگوازێتەوە، ئەوا سزا دەدرێت بەزیندانیی لە 7 ساڵ زیاتر نەبێت و پێبژاردنێك كە لە 10 ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە 20 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت".

وتیشی: "ئەگەر ئەو كارەی لەبڕگەی پێشوو ئاماژەی پێكراوە ببێتەهۆی مردنی كەسی بەخشەر، ئەوا سزاكە دەبێتە زیندانیكردنێك بۆ ماوەیەك زیاتر نەبێت لە 10 ساڵ و پێبژاردنێك لە 30 ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە 50 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت".

پ: چ. ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure