وه‌زاره‌تى گه‌یاندنى عێراق ژمارەیەک پاسى گواستنه‌وه‌ ده‌داته‌ شه‌نگال

هەواڵ / عێراق :: 10/04/2019‌ :: 313‌ جار بینراوە

 دواڕۆژ، به‌غدا

كۆمپانیاى گشتى گواستنه‌وه‌ى گه‌شتیاران و شانده‌كانى سه‌ربه‌ وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ئاشكرایكرد، ژماره‌یه‌ك پاسى گواستنه‌وه‌ى ناوخۆیى بۆ قه‌زاى شه‌نگالى پارێزگاى نه‌ینه‌وا ره‌وانه‌كردووه‌، بۆ خزمه‌تى قوتابیان و هاوڵاتیانى قه‌زاكه‌ و گواستنه‌وه‌یان له‌ شوێنى نیشته‌جێبوونیان بۆ قوتابخانه‌ و زانكۆكان.


كه‌ریم كازم حسێن، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كۆمپانیاى گشتى گواستنه‌وه‌ى گه‌شتیاران و شانده‌كان، له‌ راگه‌یاندراوێكدا ده‌ڵێت: "پشتبه‌ست به‌ رێنماییه‌كانى عه‌بدوڵڵا لعێبى وه‌زیرى گواستنه‌وه‌ى عێراق و وه‌ك گونجاندنێك له‌گه‌ڵ پرۆگرامى حكومه‌ت بۆ پاڵپشتیكردنى ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان، 18 پاسى جۆرى King long یه‌ك نهۆمى كه‌ به‌رزترین مواسه‌فاتیان هه‌یه‌، له‌ گواستنه‌وه‌ى ناوخۆیى بۆ كاركردن و خزمه‌تكردنى هاوڵاتیانى قه‌زاى شه‌نگال".

روونیشیكرده‌وه‌: "كۆمپانیا هه‌وڵده‌دات بۆ جێبه‌جێكردنى پلانه‌ ئاینده‌ییه‌كانى و چالاككردنى پرۆسه‌ى گواستنه‌وه‌ى به‌كۆمه‌ڵ له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكانى عێراق، ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ى هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان".

پێشتریش كۆمپانیاى گشتى گواستنه‌وه‌ى گه‌شتیاران و شانده‌كان، پێنج پاسى ترى له‌ هه‌مان جۆر بۆ پارێزگاى نه‌ینه‌وا ته‌رخانكرد، بۆ گواستنه‌وه‌ى هاوڵاتیان و كه‌مكردنه‌وه‌ى تێچووى گواستنه‌وه‌ له‌سه‌رشانى هاوڵاتیان.

پ:س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure