په‌روێزخان.. جموجۆڵى بازرگانى بۆ 1000 بارهه‌ڵگر زیادده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 10/04/2019‌ :: 240‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

به‌هۆى یه‌كخستنى سیسته‌مى نوێى گومرگ له‌گه‌ڵ عێراق، جموجۆڵ و ژماره‌ى بارهه‌ڵگره‌كانى مه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى په‌روێزخان رووى له‌ زیادبوون كردووه‌، په‌رپرسێكى مه‌رزه‌كه‌ش ئاشكراى ده‌كات ئه‌و چالاکبوونه‌ په‌یوه‌ندى به‌ زیادبوونى ژماره‌ى كاڵا و نزیكبوونه‌وه‌ى شوێنه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ به‌شێك له‌ بازرگانەكان. 


ئارام سایه‌خان، به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى مه‌رزى په‌روێزخان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ دواى یه‌كخستنى سیسته‌مى گومرگیى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ عێراق، جموجۆڵى بازرگانى له‌ مه‌رزه‌كه‌یان رووى له‌ زیادبوون كردووه‌. 

وتیشى: "یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانى زیادبوونى جموجۆڵى بازرگانى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پێشتر ته‌نها پێنج جۆر كاڵا ترانزێتى پێوه‌ده‌كرا له‌ مه‌رزى په‌روێزخان، به‌ڵام به‌پێى پێناسه‌ى نوێى گومرگیى، هه‌موو جۆره‌ كاڵایه‌ك ده‌هێنرێت و رێگه‌ پێدراوه‌ بازرگانى به‌ هه‌رجۆره‌ كاڵا و شتومه‌كێكه‌وه‌ بكرێت. 

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، به‌شێكى دیكه‌ى کارابوونی جموجۆڵه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پێشتر به‌شێك له‌ بازرگانان له‌ به‌ر كه‌میى گومرگ یان به‌پێى به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان له‌گه‌ڵ سیسته‌مى گومرگى عێراق له‌ مه‌رزه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى عێراقه‌وه‌ هاتووچۆیان ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا له‌ مه‌رزى په‌روێزخانه‌وه‌ دێنه‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، چونكه‌ چیتر پێویست ناكات رێگاى دوورتر ببڕن بۆ ئه‌وى بگه‌نه‌ هه‌رێمى كوردستان. 

ئارام سایه‌خان، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو زیادبوونى ژماره‌ى بار هه‌ڵگره‌كان و جموجۆڵى بازرگانى له‌ مه‌رزه‌كه‌یان به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێته‌هۆى زیادبوونى داهات و فراوانتربوون و  گه‌رموگوڕى زیاترى مه‌رزى په‌روێزخان. 

به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى مه‌رزى په‌روێزخان، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو زیادبوونى ژماره‌ى بارهه‌ڵگره‌كان و جموجۆڵى بازرگانى له‌ مه‌رزه‌كه‌یان به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێته‌هۆى زیادبوونى داهات و فراوانتربوون و  گه‌رموگوڕى زیاترى مه‌رزى په‌روێزخان به‌ شێوه‌یه‌ك پێشتر نزیكه‌ى 800 بارهه‌ڵگر له‌ ڕۆژێكدا هاتووچۆى ده‌كرد، به‌ڵام سیسته‌مه‌ نوێیه‌كه‌ ڕێژه‌كه‌ زیاتر ده‌كات بۆ 1000 بارهه‌ڵگر یان زیاتر به‌ تایبه‌تى دواى ته‌واوبوونى پشوه‌كانى نه‌ورۆز له‌ ئێران.

پ:س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure