شاندێکی عێراقی سەردانی مەرزی کێلێ دەکات

هەواڵ / ئابوری :: 10/04/2019‌ :: 388‌ جار بینراوە

دواڕۆژ ، محەمەد مستەفا

بەمەبەستی هەڵسەنگاندن بۆ بەنێودەوڵەتی کردنی مەرزەکە، شاندێکی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق سەردانی مەرزی کێلێیان کرد لە سنوری قەزای پشدەر.


بەکر بایز، قائیمقامی قەزای پشدەر (ئەمڕۆ چوارشەممە 10 ی نیسانی 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: شاندێكى حكومه‌تى عێراق كه‌ پێکهاتبوون لە نوێنەری چەند وەزارەتێکی پەیوەندیدار بە بواری بازرگانی و ناوخۆ و ئابوری حکومەتی عێراقی، دوای سەردانی کردنی مەرزی کێلێ بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی تەواویان بۆ سەرجەم بەشەکانی مەرزەکە کرد.

وتیشی: "شاندەکە تا ڕادەیەکی زۆر لە هەیکەلی ئیداری و جوگرافی مەرزەکە رازی بوون، هاوکات شاندەکە راپۆرتێکی تایبەت لەسەر بە نێودەوڵەتیکردنی مەرزەکە بۆ چەند وەزارەتێکی پەیوەندیداری حکومەتی عێراقی بەرز دەکەنەوە".

بەکر بایز باسی لەوەشکرد: لە ئایندەیەکی نزیکدا دووبارە شاندەکە سەردانی مەرزەکە دەکاتەوە لەسەر دوایین گۆڕانکاری ئیداری و خزمەتگوزاری مەرزەکە و دواتر بڕیار لەسەر بە نێودەوڵەتی کردنی مەرزەکە دەدرێت.

قایمقامی پشدەر جەختیشیکردەوە: ئومێدێکی زۆر هەیە کە مەرزەکە بە نێودەوڵەتی بکرێت، لە ئێستاشدا چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ مەرزەکە لە جێبەجێکردن دان.

ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە هەوڵ بۆ بەنێودەڵەتیکردنی مەرزی کێلێ دەدرێت کە مەرزێکی نافەرمی نێوان باشوری کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانە و لە ئێستاشدا رۆژانە زیاتر لە 200 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەو مەرزە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان باشوری کوردستان و ئێران ئەنجامدەدەن.

پ: س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە