حکومەت بڕیارێکی لە بەرژەوەندی هەڵەبجە دەرکرد

هەواڵ / ئابوری :: 10/04/2019‌ :: 580‌ جار بینراوە

دواڕژ، عەلی حەمەسەعید

بە فەرمانێکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، بڕیار درا بە کردنەوەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی لە پارێزگای ھەڵەبجە، هەر ئەمڕۆش لە هەڵەبجە دەست بە ڕێککارەکانی کردنەوەی کرا.


بەگوێرەی نوسراوێکی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران سکرتاریەتی ئەنجومەن ژمارە (2021) کە (ئەمڕۆ چوار شەممە 10ی نیسان) دەرچووە و وێنەیەکی دەست دواڕۆژ کەوتووە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لاری نەبوونی حکومەتی بۆ دامەزراندنی (ژووری بازرگانی وپیشەسازی پارێزگای ھەڵەبجە) ڕاگەیاندووە.

لە خاڵێکی نوسراوەکەدا دەستەی وەبەرھێنان راسپێردراوە بە سوود وەرگرتن لە ماددەی شەشەم لە یاسای وەبەرھێنان (ژمارە 4 ساڵی 2006) بۆ بەخشینی ئیمتیازی سەربار و زیادکردنی ساڵەکانی لێبوردنی باج و ڕەسمی گومرگی سەربار بەو پڕۆژانەی کەرتی تایبەت کە لە ھەڵەبجە جێبەجێدەکرێن جیاواز لە پارێزگاکانی دیکە تا ھانی وەبەرھێنەران بدرێت ڕوو بکەنە ئەو پارێزگایە بەتایبەتیش لە بوارەکانی گەشتوگوزاریی و کشتوکاڵ.

لای خۆیەوە، کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: لەدوای دەرچوونی بڕیارەکە هەر ئەمڕۆ لە دیوانی پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ ژووری بازرگانی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە دەستمان بە ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکە کردووە و سەرەتاش دەستەیەک بۆ بەڕێوەبردنی ژووری بازرگانی هەڵەبجە هەڵدەبژێردرێت.

ث:س.م




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure