پێشینه‌كان له‌ وه‌زاره‌تێكى هه‌رێم وه‌رده‌گیرێته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 10/04/2019‌ :: 3771‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار


هه‌رچه‌نده‌ وه‌زاره‌تى دارایى هه‌رێم بڕیاریدابوو به‌ دواخستنى وه‌رگرتنه‌وه‌ى پێشینه‌كان، به‌ڵام له‌كاتى دابه‌شكردنى مووچه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌دا ئەو پێشینانە له‌ كارمه‌ندان و ئه‌فسه‌ران وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌.

ئازاد له‌تیف، كارمه‌ندى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌كاتى دابه‌شكردنى مووچه‌ى مانگى (كانوونى دووه‌مى 2019) پێشینه‌كانى خانووبه‌ره‌ و هاوسه‌رگیرى له‌ پێشمه‌رگه‌ و پله‌داره‌كانى وه‌زاره‌ت وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌.

وه‌رگرتنه‌وه‌ى ئه‌و پێشینانه‌ له‌كاتێكدایه‌، كه‌ پێشتر وه‌زاره‌تى دارایى بڕیاریدابوو به‌ دواخستنى پێشینه‌كان دواخراوه‌ بۆ دواى مانگى ره‌مه‌زان.

له‌باره‌ى هۆكارى وه‌رگرتنه‌وه‌ى پێشینه‌كان، فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: پێشتر وه‌زاره‌تى دارایى بڕیاریدابوو له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنى مووچه‌ى مانگى یه‌ك پێشینه‌كان وه‌رناگرێنه‌وه‌، به‌ڵام له‌م مانگه‌وه‌ ئاگادار كراینه‌وه‌ كه‌ پێشینه‌كان وه‌رده‌گیرێنه‌وه‌، بۆیه‌ به‌دواداچوون ده‌كه‌ین له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ى ئه‌و پێشینانه‌. 

هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرس له‌ وه‌زاره‌تى دارایى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: هۆكارى وه‌رگرتنه‌وه‌ى پێشینه‌كان به‌هۆى ئه‌وه‌ بووە كه‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ لیستى مانگى یه‌ك_ى به‌شێوه‌یه‌ك ئاماده‌كردبوو، كه‌ پێشینه‌كان بڕاون، بۆیه‌ وه‌زاره‌ت كارى به‌و لیسته‌ كردووه‌ و پێشینه‌كانى وه‌رگرتۆته‌وه‌.

پێشتر وه‌زیرى دارایى و به‌رپرسانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌ڵێنیان به‌ په‌رله‌مانتاران دابوو، كه‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ى پێشینه‌كان دواده‌خرێت بۆ دواى مانگى ره‌مه‌زان، به‌ڵام بڕیاره‌كه‌ بۆ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ جێبه‌جێنه‌كرا.

به‌هۆى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌، له‌ شوباتى 2016 حكومه‌تى هه‌رێم بڕیاریدا وه‌رگرتنه‌وه‌ى پێشینه‌كان له‌ فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆران بۆ دواى چاكبوونه‌وه‌ى قه‌یران و نه‌مانى پاشه‌كه‌وت، دوابخرێت.


پ:س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە