كوڕ و كچه‌كانى خاشقچى به‌یاننامه‌یه‌ك بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌

هەواڵ / جیهان :: 10/04/2019‌ :: 200‌ جار بینراوە
"هیچ جۆره‌ گفتوگۆیه‌كمان له‌باره‌ى له‌برى خوێن نه‌كردووه‌"

دواڕۆژ

كوڕ و كچه‌كانى خاشقچى له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایده‌گه‌یه‌نن: خێزانه‌كه‌یان هیچ گفتوگۆیه‌كیان له‌باره‌ى قه‌ره‌بوو سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ى كوژرانى جه‌مال خاشقچى،ى باوكیان نه‌كردووه‌.


سه‌لاح كوڕه‌ گه‌وره‌ى خاشقچى (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 10ى نیسانى 2019) به‌یاننامه‌كه‌ى له‌سه‌ر په‌ڕه‌ى خۆى له‌ تویته‌ر بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌: نه‌ پێشتر و نه‌ئێستا هیچ جۆره‌ گفتوگۆیه‌كمان له‌باره‌ى له‌برى خوێن نه‌كردووه‌ و وه‌ك نه‌وه‌ و خێزانى خاشقچى دوپاتیده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌ر كه‌سێك تاوانه‌كه‌ى كردووه‌ یا به‌شدارى كردووه‌ یان په‌یوه‌ندى به‌و تاوانه‌وه‌ هه‌بووه‌ رووبه‌ڕووى دادگا ده‌كرێته‌وه‌ و سزاى خۆى وه‌رده‌گرێت.

ئاماژه‌شده‌دات: سوپاسى هه‌ر كه‌سێك ده‌كه‌ن كه‌ زانیارى یان به‌ڵگه‌ى تایبه‌ت به‌ دۆسیه‌كه‌ پێشكه‌ش ده‌كات، لێكۆڵینه‌وه‌ى داد كارێكى پیرۆزه‌ و رێوشوێنه‌كانى دادگاش تائێستا به‌رده‌وامه‌.

پێشتر رۆژنامه‌ى واشنتن پۆست-ى ئه‌مریكا، كه‌ خاشقچى له‌ رۆژانى كۆتایى ته‌مه‌نیدا تیایده‌نوسى، رایگه‌یاند: منداڵه‌كانى خاشقچى خانوویان به‌ "ملیۆنه‌ها دۆلار" له‌ سعودییه‌ پێدراوه‌، جگه‌له‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتدارێتى ریاز "مووچه‌ى مانگانه‌یان به‌ ده‌یان هه‌زار" پێده‌دات وه‌ك قه‌ره‌بووى كوشتنى باوكیان.

له‌ تشرینى یه‌كه‌مى رابردوو داواكارى گشتى سعودییه‌ رایگه‌یاند: لێكۆڵینه‌وه‌كان مردنى جه‌مال خاشقچى، هاوڵاتى سعودى ده‌رخست پاش رووداوێك كه‌ له‌ كونسوڵخانه‌ى سعودیه‌ له‌ ئه‌سته‌نبوڵ روویدا و به‌هۆى رووداوه‌كه‌شه‌وه‌ 18 كه‌س ده‌ستگیركراون.

ئا: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure