دوای هێرشه‌كه‌ی نیوزله‌ندا چه‌ك له‌و وڵاته‌ قه‌ده‌غه‌ كرا

هەواڵ / جیهان :: 10/04/2019‌ :: 156‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ


دوای ئه‌و هێرشه‌ی له‌ رۆژی 15ی ئازاری ئه‌مساڵدا له‌لایه‌ن كه‌سێكی راستڕه‌وه‌وه‌ به‌ناوی برینتۆن تارانت كرایه‌ سه‌ر دوو مزگه‌وت و به‌هۆیه‌وه‌ 50 كه‌سی كرده‌ قوربانی، حكومه‌تی نیوزله‌ندا بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی نیمچه‌ ئۆتۆماتیكیی راگه‌یاند. 


ئه‌م بڕیاره‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ به‌ ده‌نگی 119 ده‌نگی به‌ڵێ به‌رامبه‌ر 1 ده‌نگی نه‌خێر، له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی وڵاته‌وه‌ ده‌نگی بۆ درا و بڕیاره‌ رۆژی هه‌ینی ره‌زامه‌ندیی شاهانه‌ی له‌سه‌ر بدرێت. بڕیاره‌كه‌ له‌ رۆژی هه‌ینی 12ی نیسانه‌وه‌ كاری پێ ده‌كرێت.


به‌پێی ئه‌م یاسایه‌، چه‌كی نیمچه‌ ئۆتۆماتیكیی وه‌كو چه‌كی سه‌ربازی به‌ مه‌خزه‌ن و پارچه‌كانییه‌وه‌ له‌و وڵاته‌ قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت. ئه‌م یاسایه‌ش ته‌نیا 26 رۆژ له‌دوای هێرشه‌كه‌وه‌ ده‌ركرا. سه‌رۆك وه‌زیری نیوزله‌ندا رایگه‌یاند: كاتێك بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ تاوانباره‌كه‌ ئه‌و چه‌كانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی كڕیوه‌، بڕیاری داوه‌ به‌ زووترین كات ئه‌و یاسایه‌ بگۆڕێت.


هه‌روه‌ها حكومه‌تی نیوزله‌ندا به‌نیازه‌ ئه‌و جۆره‌ چه‌كانه‌ له‌ هاووڵاتییه‌كانی بكڕێته‌وه‌ و بۆ ئه‌وه‌ش پێشبینی ده‌كات كه‌ بڕی 69-138 ملیۆن دۆلاری پێویست بێت.

 

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure