سوپاى جه‌زائیر پشتیوانى بۆ قۆناغى گواستنه‌وه‌ راده‌گه‌یه‌نێت

هەواڵ / جیهان :: 10/04/2019‌ :: 126‌ جار بینراوە
هه‌زاران كه‌س له‌ پایته‌خت كۆبونه‌وه‌ بۆ داواكردنى وازهێنانى سه‌رۆكى كاتى

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

سه‌رۆك ئه‌ركانى سوپاى جه‌زائیر پشتیوانى خۆى بۆ رێشوێنه‌كانى وڵاته‌كه‌ى تا گه‌یشتن به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان راده‌گه‌یه‌نێت، خۆپیشانده‌رانیش داواده‌كه‌ن سه‌رۆكى كاتى وڵات ده‌ست له‌كاربكێشێته‌وه‌.


فه‌ریق ئه‌حمه‌د قاید ساڵح، سه‌رۆكى ئه‌ركانى سوپاى جه‌زائیر (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 10ى نیسانى 2019) رایگه‌یاند: سوپا پشتیوانى قۆناغى گواستنه‌وه‌ ده‌كات.

وتیشى: "له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكى قۆناغى نوێ و به‌رده‌وامى خۆپیشاندانه‌كان ده‌ركه‌وتنى هه‌وڵى هه‌ندێك لایه‌نى بیانیمان كردووه‌ به‌ پشتبه‌ست به‌ ناكۆكییه‌ مێژوییه‌كان بۆ لێدانى سه‌قامگیرى وڵات و بڵاوه‌پێكردنى دوبه‌ره‌كى له‌نێوان رۆڵه‌كانى گه‌لدا".

ئه‌وه‌شى وت: بۆ قۆناغى داهاتوو پێویسته‌ گه‌ل "سه‌بر"ى هه‌بێت.

لێدوانى ئه‌و به‌رپرسه‌ له‌كاتێكدا خۆپیشاندانه‌كان له‌ جه‌زائیر درێژه‌یان هه‌یه‌ و ئه‌مڕۆ جارێكى تر هه‌زاران كه‌س له‌ پایته‌خت كۆبونه‌وه‌ بۆ داواكردنى وازهێنانى سه‌رۆكى كاتى.

میدیاكان بڵاویانكرده‌وه‌ هێزه‌كانى پۆلیس ده‌نگى بێزاركه‌یان به‌كارهێناوه‌ بۆ بڵاوه‌پێكردنى خۆپیشانده‌ران.

رۆژى پێشتر عه‌بدولقادر بن ساڵح، سه‌رۆكى كاتى جه‌زائیر رایگه‌یاند: جه‌خت له‌سه‌ر بوونى مه‌رجه‌ پێویسته‌كان ده‌كات بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنێكى پاك و بێگه‌رد.

رۆژى سێشه‌ممه‌ په‌رله‌مان عه‌بدولقادر بن ساڵح،ى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى گه‌لى وه‌ك سه‌رۆكى كاتى وڵات ده‌ستنیشانكرد، به‌ڵام بڕیاره‌كه‌ ناڕه‌زایه‌تى هاوڵاتیانى ئه‌و وڵاته‌ى لێكه‌وته‌وه‌.

هه‌فته‌ى رابردوو عه‌بدولعه‌زیز بۆته‌فلیقه‌، سه‌رۆكى جه‌زائیر ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ى خۆى پێشكه‌شكرد، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ى له‌باره‌ى دووباره‌ خۆ كاندیدكردنه‌وه‌ى بۆ پۆستى سه‌رۆكى وڵات سه‌ریهه‌ڵدا.

بۆته‌فلیقه‌ له‌ ساڵی 1999 بووه‌ سه‌رۆك له‌وكاته‌وه‌ كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی 20 ساڵ وه‌ك سه‌رۆكی جه‌زائیر و كاربه‌ده‌ستى باڵاى وڵات مایه‌وه‌. 

س: میدیاكان
وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure