​بۆچوونی یەكگرتوو سەبارەت بە ئەگەری بەشداریكردنی بزووتنەوە لە حكومەتی نوێی هەرێم

هەواڵ / کوردستان :: 10/04/2019‌ :: 234‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سەركردەیەكی یەكگرتووی ئیسلامی رایدەگەیەنێت: بزووتنەوەی ئیسلامی حیزبێكی سەربەخۆن و ئازادن بەشداری حكومەتی نوێی هەرێم دەكەن یان نا.


شێركۆ جەودەت، ئەندامی سەركردایەتی و سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ ۱۰ی نیسانی ۲۰۱۹ بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەوان لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی بران نەك هاوپەیمان، بزووتنەوەش حیزبێكی سەربەخۆیە و بڕیاری خۆی بەدەست خۆیەتی، بەمەسڵەحەتیان زانی دەڕۆنە حكومەتی نوێوە و بەمەسڵەحەتیشیان نەزانی ناڕۆنە حكومەتەوە، پەیوەندی و هەماهەنگیشیان بەردەوامە.

ناوبراو روونیكردەوە: ئێمە بڕیاری ئۆپۆزسیۆنبوونمان داوە و ئەو بەشەی خۆمان، خۆمان تەحەكومی پێوە دەكەین.

بۆ هەڵبژاردنی ۳۰ی ئەیلولی ۲۰۱۸ی پەرلەمانی كوردستان یەكگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامی بە هاوپەیمانی (بەرەو ئیسڵاح)بەشدارییان كرد، بەڵام تەنها ٥ كورسیان هێنا و كاندیدەكانی یەكگرتوو بوونە پەرلەمانتار.

سەبارەت بەوەی ئەگەر بزووتنەوە بەشداری حكومەتی نوێی هەرێم بكات پێچەوانەی هاوپەیمانییەكەیان نییە كە ئێستا یەكگرتوو ئۆپۆزسیۆنە، شێركۆ جەودەت وتی :"هاوپەیمانییەكە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن بوو، بەڵام تائێستا نازانرێت چ لایەنێك دەڕواتە حكومەتەوە و چ لایەنێكیش دەبێتە ئۆپۆزسیۆن، قۆناغی دوای هەڵبژاردنیش قۆناغێكی دیكەیە و بزووتنەوە خۆیان مەسڵەحەتی خۆیان بە چی دەزانن، سەربەخۆن بڕیار لە چی دەدەن".

رۆژی دووشەممەی رابردوو عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، رابەری گشتی بزووتنەوە و شاندێكی یاوەری سەردانی مەسرور بارزانی، كاندیدی پارتییان بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی نوێی هەرێم كرد و بەپێی زانیارییەكانیش پێدەچێت پارتی بیەوێت بزووتنەوە بەشداری حكومەتی نوێ پێبكات.

 

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure