له‌باره‌ى زیادكردنی جێگرێكی دیکە بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم پارتی وەڵامی گۆڕان دەداتەوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 10/04/2019‌ :: 5395‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

پارتى دیموكراتى كوردستان دڵنیایى ده‌داته‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌وه‌ى ئه‌و پۆسته‌ى كه‌ وه‌كو جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌درێته‌ یه‌كێتیى ده‌سه‌ڵاتى ته‌نیا رێكخستنه‌وه‌ى كاروباره‌كانى یه‌كه‌ى حه‌فتا و هه‌شتای ده‌بێت و گۆڕانیش سێ پێشنیارى خستووه‌ته‌ به‌رده‌م پارتى.


وابڕیاربوو (دووشه‌ممه‌ى ڕابردوو، 8ى نیسان)، پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، رێككه‌وتنێكی دیكه‌ سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ  واژۆ بكه‌ن، به‌ڵام ڕازینه‌بوونى بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ زیادكردنی جێگرێكى دیكه‌ بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم ، ئه‌و پرسه‌ی بۆ كاتێكى دیكه‌ دواخست.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، دواى ئه‌وه‌ى شاندى پارتى له‌سه‌ر داواكارى یه‌كێتیى داواى زیادكردنى جێگرێكى بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كردوه‌، گۆڕان داواكه‌ى ڕه‌تكردووه‌ته‌وه‌ و پێشنیاریان كردووه‌ سه‌رۆكى هه‌رێم دواى هه‌ڵبژاردنى به‌ سه‌رۆك به‌پێى ده‌سه‌ڵاته‌كانى خۆى یاریده‌ده‌رێك بۆ كاروباره‌كانى زیاد بكات.

دواڕۆژ زانیویه‌تى ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان رازیش نەبێت دوو جێگر بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیاریبكرێت، ئەوا پارتی هەر جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری پێشمەرگە و ئاسایش دەداتە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژیش لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان، پێشنیازەكانی یەكێتی بۆ هه‌موارى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم  له‌باره‌ى پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم له‌ راپۆرتى لیژنه‌ى یاسایى جێكردووه‌ته‌وه‌ و له‌ دانیشتنى په‌سه‌ندكردنى پڕۆژه‌یاساكه‌دا ده‌خرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر ده‌نگى پێویست بهێنێت، ئه‌وا بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ناتوانێت ڕێگرى لێبكات.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ئێستادا دژی دانانی دوو جێگره‌ بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم و ئه‌وه‌ش بووه‌هۆی ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ی پارتی و یه‌كێتی واژۆنه‌كرێت، بۆ ده‌ستبه‌رداربوون له‌و پۆسته‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان مه‌رجی بۆ پارتى داناوه‌، به‌وه‌ى ئه‌وان ئاماده‌ن ده‌ستبه‌رداری پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم ببن كه‌ به‌پێی رێككه‌وتنی نێوان گۆڕان و پارتی ئه‌و پۆسته‌ به‌ر گۆران كه‌وتوه‌، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا گۆڕان وەزارەتی ناوخۆ یان پێشمەرگە وەربگرێت یاخود جێگرێکی تر بۆ سه‌رۆكى حكومه‌ت دابنرێت بۆ گۆڕان.

دواڕۆژ زانیویه‌تى یه‌كێتیى رازى نییه‌ به‌ داواكارییه‌كه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و دواین وه‌ڵامى پارتیش بۆ گۆڕان دوێنێ سێشه‌ممه‌ بووه‌ كه‌ پارتى پێیڕاگه‌یاندوون ئەو پۆستەی لەسەرۆكایەتی هەرێم دەدرێتە یەكێتی ده‌سه‌ڵاته‌كانى لەخوار سەرۆكی هەرێم و جێگرەكەی دەبێت و دەسەڵاتیشی تەنیا رێكخستنی پەیوەندی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەكانی حەفتا و هەشتا ده‌بێت و داواكارییەكانی ئه‌وان بۆ سەرۆكی هەرێم و جێگرەكەی بەرزدەكاتەوە، هەروەها زیادکردنی ئەو پۆستە پێدانی پۆستی گۆڕان نییە بە یەکێتیی بۆیە گۆڕان ناتوانێت وەک پێشێلکردنی رێککەوتنی نێوان خۆیان و پارتی هەژماری بکات.

لاى خۆیه‌وه‌ هێمن شێخانى، ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانى گۆڕان بۆ دواڕۆژ ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: هه‌روه‌ك چۆن یه‌كێتیى جێگرى دووه‌م بۆ سه‌رۆكى حكومه‌ت ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌، به‌هه‌مانشێوه‌ش گۆڕان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نییه‌ جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكى هه‌رێم ته‌نیا بۆ بارگرانى زیادبكرێت.

روونیشیكرده‌وه‌: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دژی زیادكردنی جێگریكی تره‌ بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم و ئه‌م نیگه‌رانییه‌ى گه‌یاندووه‌ته‌ به‌رپرسانی پارتی و بێ رێككه‌وتنى پێشوه‌خته‌ش گۆڕان قسه‌ى خۆى ده‌بێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure