بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى داواى وه‌زاره‌تێک ده‌كات

هەواڵ / کوردستانی :: 10/04/2019‌ :: 293‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

له‌ماوه‌ى ڕابردوودا پارتى دیموكراتى كوردستنان به‌شێوه‌یه‌كى رەسمى داواى له‌ حیزبى سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى كردوه‌ به‌شدارى كابینه‌ى داهاتووى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن، بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامیش داواى وه‌زاره‌تى ئاوقاف ده‌كات و پارتیش ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌.


بزوتنەوەی ئیسلامی لەچوارچێوەی هاوپەیمانییەتییەكەى لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی بەشداری هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 30ی ئەیلولی ساڵی رابردووی كرد، بەڵام هیچ كورسییەكی نییە و لەئێستاشدا یەكگرتووی ئیسلامیش بووه‌ته‌ ئۆپۆزسیۆن.

رۆژی دووشەممە 8ى نیسانی 2019، شاندێكى بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى به‌ سه‌رۆكایه‌تى ڕابه‌رى گشتیى بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى، سه‌ردانى مەسرور بارزانی كاندیدى پارتى بۆ سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى کوردستانی كرد، به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ شانده‌كه‌ى بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى بۆ به‌شدارى لەحكومەت داوای وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئیسلامی-یان كردوه‌، مەسرور بارزانیش ته‌نیا پێشنیازه‌كه‌ى وه‌رگرتوون و  به‌ڵێنیشى پێداون بەشێوەی رەسمی سه‌ردانیان بكات.

بەپێی زانیارییەكان: پارتی نایەوێت پۆستی وه‌زیر له‌ كابینەی داهاتوودا به‌ بزوتنەوەی ئیسلامی بدات، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستى بریكارى وه‌زیر و ڕاوێژكار به‌شدارى به‌و حیزبه‌ ده‌كات و چه‌ندجارێكیش له‌وباره‌یه‌وه‌ گفتوگۆ له‌ نێوانیاندا كراوه‌.

عه‌بدوڵا وه‌رتێ، وته‌بێژى بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو: جارێ گفتوگۆى ڕه‌سمى له‌باره‌ى به‌شدارى بزوتنه‌وه‌ له‌كابینه‌ى داهاتوو نه‌كراوه‌.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: سەردانیان بۆ لای مەسرور بارزانی سەردانێكی ئاسایی بووه‌ و هێشتا ماوه‌ قسە لە باره‌ى به‌شداریكردنى بزوتنه‌وه‌ له‌ كابینه‌ى داهاتوودا بكرێت.

له‌باره‌ى به‌شداریكردنى حیزبى سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان، عه‌بدوڵای حاجى مه‌حمود، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى حیزبى سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند: شاندى پارتى به‌ رەسمى سه‌ردانى كردون و داوایان لێكردون به‌شدارى كابینه‌ى داهاتووى حكومه‌تى هه‌رێم بكه‌ن، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا له‌سه‌ر ورده‌كارییه‌كه‌ و پشكى ئه‌و حیزبه‌ گفتوگۆى ڕه‌سمى نه‌كراوه‌ و چاوه‌ڕێى وه‌ڵامى پارتین.

ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد: له‌ زۆربه‌ى كابینه‌كانى ڕابردوو به‌ وه‌زیرێك به‌شداریانكردوه‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كرێت ئه‌مجاره‌ش وه‌زیرێك وه‌رگرن.

هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا و رێكه‌وتى 30ى تشرینى یه‌كه‌مى 2018، ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە هەرێمی کوردستان ئەنجامى 30ى ئەیلولی 2018ی په‌سه‌ندكرد، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا كابینه‌ى نوێی حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێكنه‌هێنراوه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure