ئارێز عه‌بدوڵڵا: ده‌مانه‌وێت پڕۆژه‌ى ده‌ستور هه‌موار بكرێته‌وه‌و ریفراندۆمى بۆ بكرێت

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 09/04/2019‌ :: 2706‌ جار بینراوە
ئارێز عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتيى نیشتیمانيى كوردستان

دواڕۆژ، سامان قوبادى

به‌هۆى كێشه‌ى هونه‌رى و شێوازى نوسینیه‌وه‌، رێككه‌وتنى نێوان پارتى و یه‌كێتى دواكه‌وت، ئارێز عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتيى نیشتمانيى كوردستان له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا باس له‌وه‌ده‌كات: ئه‌گه‌رى زۆره‌ سبه‌ى رێككه‌وتنه‌كه‌ واژۆ بكرێت، ده‌ڵێت: "پێداگیر ده‌بین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پڕۆژه‌ى ده‌ستور هه‌موار بكرێته‌وه‌و له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا ریفراندۆمى بۆ بكرێت".


دواڕۆژ: بۆچی رێككه‌وتنه‌كه‌تان له‌گه‌ڵ پارتى دواکەوت و کەی واژۆی ده‌كه‌ن؟
ئارێز عه‌بدوڵڵا:
به‌هۆى كۆمه‌ڵێك كێشه‌ى هونه‌رى له‌ شێوازى نوسین و راگه‌یاندنى رێككه‌وتنه‌كه‌ دواكه‌وت، ئه‌گه‌رى زۆره‌ سه‌رله‌به‌یانى رۆژى چوارشه‌ممه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ واژۆ بكرێت و یه‌كێتیش به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كات.

دواڕۆژ: به‌ڵام دواكه‌وتنى رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ده‌تانه‌وێت هاوسه‌نگی له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كاندا هه‌بێت، له‌نێوان ئێوه‌و پارتیدا؟
ئارێز عه‌بدوڵڵا:
ده‌مانه‌وێت هاوسه‌نگی له‌نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كاندا هه‌بێت و لێك جیا بكرێنه‌وه‌، ده‌سه‌ڵاته‌كانى یاسادانان و جێبه‌جێكردن و دادوه‌رى، هه‌ر كاتێك سه‌قامگیر بوون و لێكجیاكرانه‌وه‌، پێویست به‌ هاوسه‌نگى سیاسى ناكات، چونكه‌ هه‌ر ده‌زگایه‌ك به‌ ئه‌ركى خۆى هه‌ڵده‌ستێت و كاریگه‌رییان به‌سه‌ر یه‌كترییه‌وه‌ هه‌یه‌.

دواڕۆژ:  گۆڕان له‌به‌رامبه‌ر وازهێنانى له‌ پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم داواى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ده‌كات، یه‌كێتى رازییه‌؟
ئارێز عه‌بدوڵڵا:
به‌ ئاسایى وه‌ریده‌گرین، مه‌رج نییه‌ جێبه‌جێ بكرێت، له‌م قۆناغه‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ جگه‌ له‌ یه‌كێتى  و پارتى لایه‌نێكى تر به‌ڕێوه‌ى به‌رێت كێشه‌ و گرفت دروست ده‌بێت، باشتره‌ ئه‌و كه‌سه‌ى ده‌بێته‌ وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ یه‌كێتى یان پارتى بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هێزى 70 و 80 هه‌یه‌، كارێكى باش نابێت بدرێت به‌ لایه‌نێكى تر.

دواڕۆژ:  ئایا جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم كه‌ داواتان كردووه‌ بدرێت به‌ ئێوه‌، له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت؟
ئارێز عه‌بدوڵڵا:
هه‌ندێك پرس هه‌یه‌ جارى یه‌كلایى نه‌كراونه‌ته‌وه‌، به‌شێكى له‌ناو په‌رله‌مان یه‌لاكلایى ده‌كرێنه‌وه‌. 

دواڕۆژ: ئایا له‌باره‌ى هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ پارتى رێككه‌وتوون؟
ئارێز عه‌بدوڵڵا:
پارتى و گۆڕان رێككه‌وتوون له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌، یه‌كێتى پشتیوانى بكات یان نا یاساكه‌ تێپه‌ڕده‌كرێت، به‌ڵام یه‌كێتى سوره‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى خۆى كه‌ پێویسته‌ سیستمى حكومڕانى له‌ كوردستان په‌رله‌مانى  دیموكراسى بێت، راسته‌ سه‌رۆك له‌ناو په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێت، ئه‌مه‌ ماناى بوونى سیستمێكى په‌رله‌مانى نییه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌نده‌ به‌ رێكخستنى ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆك و ئه‌ركه‌كانى نێوان سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و حكومه‌تدا، هاوكات پێداگیر ده‌بین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پڕۆژه‌ى ده‌ستور هه‌موار بكرێته‌وه‌و له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا ریفراندۆمى بۆ بكرێت.

دواڕۆژ: كه‌واته‌ تێپه‌ڕاندنی پڕۆژه‌یاسای سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم كه‌ ئێستا ئاماده‌كراوه‌، رێگه‌خۆشكه‌ره‌ بۆ بوونى ده‌سه‌ڵاتى ره‌ها و سیستمى سه‌ركایه‌تى؟
ئارێز عه‌بدوڵڵا:
كه‌ باسى ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ین له‌ده‌ستى نێچیرڤان بارزانى بێت یان مه‌سرور بارزانى هه‌ر پارتین و یه‌ك شته‌، مه‌به‌سته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت سیستمه‌كه‌ دیموكراتى په‌رله‌مانى سه‌قامگیر بێت، جگه‌ له‌وه‌ هیچ رێگه‌یه‌كى تر نییه‌و ده‌بێت سه‌رۆك له‌ناو  په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاته‌كانى رێكبخرێن، پێشتر ئه‌م بڕگه‌یه‌ له‌ ده‌ستوردا كه‌ ناكۆكى قوڵى له‌سه‌ر بووه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌وكاته‌ ده‌توانین ریفراندۆم بۆ ده‌ستور بكه‌ین، سیستمى سیاسى و حكومڕانى له‌ كوردستان سه‌قامگیر بێت، ئارامى زیاتر ده‌بێت.

دواڕۆژ: ئایا یه‌كێتى داواى كردووه‌ نیوه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانى ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمى پێبدرێت؟
ئارێز عه‌بدوڵڵا:
ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ پارتى رێككه‌وتووین، پێمانوتوون كه‌ ده‌مانه‌وێت به‌شدار و هاوبه‌ش بین، له‌ته‌واوى ده‌زگاكانى حكومه‌ت یه‌كێتى ده‌سه‌ڵاتى ده‌بێت، به‌ڵام بابه‌ته‌كه‌ دابه‌شكردنى 50%ى ده‌سه‌ڵاته‌كان نییه‌.

دواڕۆژ: بۆچى له‌ گفتوگۆكاندا له‌گه‌ڵ پارتى زیاتر جه‌ختتان له‌ وه‌رگرتنى پۆستى ناو ده‌زگا ئه‌منییه‌ هه‌ستیاره‌كان كردوه‌ته‌وه‌؟
ئارێز عه‌بدوڵڵا:
هه‌لومه‌رجه‌كه‌ تائێستا به‌شێوه‌یه‌كه‌ یه‌كێتى و پارتى كاریگه‌رییان به‌سه‌ر هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و پۆلیس و ئاسایشه‌وه‌ هه‌یه‌، تا ئه‌و كاته‌ى ئه‌و ده‌زگایانه‌ له‌ كاریگه‌ریى حیزبى دورده‌خرێنه‌وه‌، ده‌بێت یه‌كێتى بیر له‌ وه‌رگرتنى ئه‌و ده‌زگایانه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ مۆركى ئه‌ویان پێوه‌یه‌، بۆیه‌ له‌پێناوى سه‌قامگیرى و نه‌خورانى مافى كارمه‌ندانى ئاسایشى سلێمانى و هێزه‌كانى ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌، ده‌بێت له‌گه‌ڵ پارتى به‌مشێوه‌یه‌ رێكبكه‌وین، تا ئه‌وكاته‌ى یه‌كده‌گرنه‌وه‌.

دواڕۆژ: هه‌ریه‌ك له‌ سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره‌، ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ، حاكم قادر، یوسف گۆران، حه‌مه‌ى حه‌مه‌ سه‌عید بۆ پۆسته‌ دیاره‌كانى حكومه‌ت كاندید كراون، راسته‌؟
ئارێز عه‌بدوڵڵا:
راسته‌ ئه‌و ناوانه‌ هه‌ن، به‌ڵام تائێستا بڕیار له‌سه‌ر كاندیدكردنیان نه‌دراوه‌، دواى واژۆكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌ یه‌كلایى ده‌كرێنه‌وه‌.

دواڕۆژ: له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك یه‌كێتى كاندید بۆ پۆسته‌كانى له‌ناو حكومه‌تدا دیارى ده‌كات؟
ئارێز عه‌بدوڵڵا:
خه‌ڵكێكى زۆر سیڤى خۆى پێشكه‌شكردووه‌ بۆ پۆسته‌كان، به‌ڵام پۆسته‌ باڵاكانى ناو حكومه‌ت كه‌ به‌ر یه‌كێتى ده‌كه‌ون له‌ ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كلایى ده‌كرێنه‌وه‌ و بڕیار له‌سه‌ر دانانى كه‌سه‌كان ده‌درێت، پره‌نسیپى گشتى ئه‌وه‌یه‌ كه‌سى شیاو بۆ شوێنى شیاو بێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure