له‌باره‌ى به‌خشینى هاوڵاتیانى ناحیه‌یه‌ك له‌ پاره‌ى ئاو روونكردنه‌وه‌ ده‌درێت

هەواڵ / ئابوری :: 12/04/2019‌ :: 1066‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید

به‌شێك له‌ هاوڵاتیانى ناحیه‌ى خورماڵ داواده‌كه‌ن پاره‌ى ئاویان لێوه‌رنه‌گیرێت به‌هۆى ئه‌وه‌ى ناوچه‌كه‌یان خاوه‌نى سه‌رچاوه‌ى ئاوى زه‌ڵمه‌، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌كه‌ش ده‌ڵێت: ده‌ست به‌ دانانى پێوه‌رى ئاو كراوه‌ و له‌ هیچ شارێكى نه‌بووه‌ خاوه‌نى سه‌رچاوه‌ى ئاو بێت و له‌ پێدانى پاره‌ به‌خشرابێت.


ماوه‌ى چه‌ند رۆژێكه‌ وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار له‌ رێگه‌ى تیمێكه‌وه‌ كه‌ كۆمپانیایه‌ك سه‌رپه‌رشتى ده‌كه‌ن ده‌ستیان به‌ دانانى پێوه‌رى ئاو له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى كردووه‌.

سمكۆ سالار، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى خورماڵى سه‌ر به‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: دانانی پێوه‌ری ئاو له‌ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانییه‌وه‌ به‌ گرێبه‌ست دراوه‌ به‌ كۆمپانیایه‌ك و رێنمایى دانان و كۆكردنه‌ی پاره‌ و سه‌رپه‌رشتی له‌ڕێگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و فه‌رمانگه‌كانی ئاو و كۆمپانیاكه‌ جێبه‌جێده‌كرێت و رێنمایى تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌ بۆ به‌ستنى پێوه‌رى ئاوى ماڵان و شوێنه‌ گشتییه‌كان.

وتیشى: "پاره‌ی هه‌ر خزمه‌تگوزارییه‌ك كه‌ كۆده‌كرێته‌وه‌ به‌پێی یاسا و رێنمایی كۆده‌كرێته‌وه‌، هیچ كه‌س ناتوانێت هاوڵاتیان ببه‌خشێ له‌ پاره‌ی ئاو یاخود كاره‌با، تا ئه‌وكاته‌ى به‌ یاسا یان بڕیاری سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌رده‌چێت". 

ئه‌وه‌شى وت: "ئێمه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ناحیه‌ى خورماڵ پێمانباشه‌ هاوڵاتیان له‌ پێدانى پاره‌ى ئاو ببخه‌شرێن، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتى ئێمه‌دا نییه‌، هاوكات له‌ هیچ شارێكى كوردستان نه‌بووه‌ شارێك خاوه‌نى سه‌رچاوه‌ى ئاو بێت و له‌ پێدانى پاره‌ى ئاو به‌خشرابێت، ئه‌گه‌ر حاڵه‌تى له‌م شێوه‌یه‌ هه‌بێت بێگومان هاوڵاتیانى ناحیه‌ى خورماڵیش له‌ پێدانى پاره‌ى ئاو ده‌به‌خشرێن".

به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى خورماڵ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: وه‌ك ئیداره‌ى ناحیه‌کە ساڵى رابردوودا به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نه‌بووین كه‌ پێوه‌رى ئاو دابنرێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ بڕیارێكه‌ له‌ زۆربه‌ی شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان جێبه‌جێكراوه‌ و كاری پێده‌كرێت، هاوكات به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌ وردى كار له‌م بابه‌ته‌دا كراوه‌ ده‌كرێت سودى زیاترى بۆ هاوڵاتیان هه‌بێت هه‌روه‌ك له‌ دانانی جۆزه‌ی 16 ئه‌مپێری رێگری زۆر كرا و چه‌ندین كه‌مپین و ده‌سته‌ دروستكرا بۆ رێگریكردن له‌ دانانی، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت كه‌ سودى زیاتره‌ له‌ زیانه‌كانى.

پ: س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure