واده‌ بۆ ئیمزاكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌ى یه‌كێتى و پارتى دیارینه‌كراوه‌

هەواڵ / کوردستان :: 09/04/2019‌ :: 577‌ جار بینراوە
واژۆكردنى رێككه‌وتنى یه‌كه‌مى نێوان یه‌كێتى و پارتى ده‌رباره‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت

دواڕۆژ، كۆچەر عەلی 

ئه‌گه‌رچى به‌پێى وته‌ى سه‌رچاوه‌یه‌كى پارتى پێشنیوه‌ڕۆى سبه‌ى رێككه‌وتنى نێوان یه‌كێتى و پارتى ده‌رباره‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت واژۆده‌كرێت، به‌ڵام وته‌بێژى یه‌كێتى ره‌تیده‌كاته‌وه‌ هیچ واده‌یه‌كى ره‌سمى له‌و باره‌یه‌وه‌ دانرابێت.


پاش ئەوەی گەیشتنە رێككەوتنێكی گشتگیر لەبارەی پۆستەكان و بەشداری لەحكومەتی هەرێم، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌مزووانه‌ رێككه‌وتنى دووه‌م له‌نێوان پارتى و یه‌كێتى واژۆبكرێت، به‌ڵام له‌باره‌ى واده‌یه‌كه‌یه‌وه‌ لێدوانى پێچه‌وانه‌ له‌ئارادایه‌.

سەرچاوەیەكى به‌رپرس لەنێو پارتی دیموكراتی كوردستان، كە نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت، (ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 9ى نیسانى 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: سبەینێ سەعات 11ی پێشنیوەڕۆ رێككەوتنەكەیان لەگەڵ یەكێـتی ئیمزادەكرێت و دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

به‌ڵام له‌تیف شێخ عومه‌ر، وته‌بێژى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: تا ئه‌م كاته‌ هیچ واده‌یه‌ك بۆ واژۆكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ پارتى دیارینه‌كراوه‌.

وتیشى: "واژۆكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌ نهێنى نییه‌، بۆیه‌ هه‌ر كاتێك واده‌كه‌ى دیاریكرا رایده‌گه‌یه‌نین و ئاشكرایده‌كه‌ین".

بڕیاربوو دوێنێ پارتی و یه‌كێتی رێككه‌وتنى دووه‌م سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ واژۆ بكه‌ن، به‌ڵام رازینه‌بوونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ زیادکردنی جێگرێکی تر بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم تا بدرێت به‌ یه‌كێتی، كۆبوونه‌وه‌كەی‌ دواخست.

ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى ئایا نیگه‌رانیه‌كه‌ى گۆڕان چاره‌سه‌ركراوه‌ له‌تیف شێخ عومه‌ر وتى: "ئاگادارنیم و ئه‌وه‌ش كێشه‌ى ئێمه‌ نیه‌".

بۆ ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌رێكى مامناوه‌ند بدۆزرێته‌وه‌ پارتى له‌نێوان هه‌ردوو لایه‌نى دووه‌م و سێیه‌مى براوه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ گفتوگۆدایه‌ و داواى كاتى كردووه‌.

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی بۆ دواڕۆژ وتی: "بڕیاربوو رۆژی دووشه‌ممه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ واژۆبكرێت، به‌ڵام به‌هۆی داوایه‌كی گۆڕانه‌وه‌ دواخرا و براده‌رانی پارتی پێیانوتین كاتمان بده‌نێ خۆمان له‌گه‌ڵ گۆڕان قسه‌ ده‌كه‌ین و ده‌گه‌ینه‌ رێككه‌وتن و دواتر رێككه‌وتنه‌كه‌ ئیمزاده‌كه‌ین.

به‌پێى دوایین زانیارییه‌كان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ئێستادا دژی دانانی دوو جێگره‌ بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم، ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌هۆی ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ی پارتی و یه‌كێتی واژۆنه‌كرێت، بۆ ده‌ستبه‌ردابوون له‌و پۆسته‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان مه‌رجی بۆ پارتی داناوه‌ به‌وه‌ی ئه‌وان ئاماده‌ن ده‌ستبه‌رداری پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم بن، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا داوای پۆستی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بۆ یه‌كێتی دیاریكراوه‌.

دوێنێش هێمن هه‌ورامی، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پارتى به‌ میدیاى حزبه‌كه‌ى راگه‌یاند: پڕۆسه‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م له‌ قۆناغی كۆتاییدایه‌. تێگه‌یشتنێكی باش له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی هه‌یه‌ وه‌ك براوه‌ی دووه‌م و "له‌ چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا رێككه‌وتنی نێوان پارتی و یه‌كێتی واژۆده‌كرێت".

وتیشی: "پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان وه‌ك سێ پایه‌ی سه‌ره‌كی پێكهێنانی حكومه‌ت، له‌سه‌ر پۆسته‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ خاڵی كۆتایی و له‌ سه‌دا 98ی پۆسته‌كان یه‌كلاكراونه‌ته‌وه‌".

داڕشتنەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure