دواڕۆژ نوێترین زانیارى ده‌رباره‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی پێشینه‌ی خانووبه‌ره‌ و هاوسه‌رگیری ئاشكراده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 09/04/2019‌ :: 5107‌ جار بینراوە
وه‌ك سه‌رده‌می قه‌یرانی دارایی ده‌بێت

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

به‌ڕێوه‌به‌ری بانكێك رایده‌گه‌یه‌نێت: تائێستا هیچ بڕیارێكی ره‌سمی له‌باره‌ی  وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی ساڵانی رابردوو پێكه‌وه‌ نه‌دراوه‌، سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕانیش ده‌ڵێت: ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ڵێنی پێداون وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزانه‌ وه‌ك سه‌رده‌می قه‌یرانی دارایی ده‌بێت. 


سه‌باحه‌ت حه‌مه‌تاهیر، به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی فیدراڵ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ دوای بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی كه‌ له‌ سه‌رده‌می پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ درابوو به‌وه‌ی كه‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی پێشینه‌ی خانووبه‌ره‌، هاوسه‌رگیری و كشتوكاڵ بۆ فه‌رمانبه‌ران رابگیرێت، به‌ڵام بۆ هاوڵاتیان پێویسته‌ له‌سه‌ریان ساڵانه‌ به‌شێك له‌و قه‌رزانه‌ بده‌نه‌وه‌.
 
وتیشی: "تائێستا هه‌مان بڕیاری پێشوو جێبه‌جێ ده‌كرێت و وه‌زاره‌تی دارایش هیچ بڕیارێكی ره‌سمی تازه‌ی بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان ده‌رنه‌كردووه‌ كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبێت قه‌رزه‌كانی ساڵانی پێشوو به‌ چه‌ند قۆناغێك یان به‌ یه‌كجاری بدرێنه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی باس ده‌كرێن ته‌نیا ده‌نگۆیه‌ و ره‌سمی نییه‌". 

به‌رله‌ قه‌یرانی دارایی ئه‌و كه‌سانه‌ی پێشینه‌ی هاوسه‌رگیری، خانووبه‌ره‌ و كشتوكاڵیان وه‌رده‌گرت ده‌بوایه‌ به‌ شێوه‌ی مانگانه‌ و ساڵانه‌ به‌شێك له‌و قه‌رزانه‌ بده‌نه‌وه‌ حكومه‌ت، بۆ هاوڵاتیانیش ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا به‌شێك یان قستێكی قه‌رزه‌كانیان نه‌دابایه‌وه‌ حكومه‌ت ئه‌وا به‌ رێژه‌ی له‌ 10% ده‌چووه‌ سه‌ر قه‌رزه‌كانیان ده‌بوو بیده‌ن، به‌پێی قسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی فیدراڵیش تا ئێستا هه‌مان سیسته‌م كاری پێده‌كرێت كه‌ ده‌بێت هاوڵاتیان له‌ماوه‌ی ساڵێك به‌شێك له‌و قه‌رزانه‌ی له‌سه‌ریانه‌ ده‌بێت بیده‌نه‌وه‌ حكومه‌ت گه‌رنا له‌ 10%ی زیاده‌ دێته‌ سه‌ر قه‌رزه‌كانیان.

هاوكات عه‌لی حه‌مه‌ سالح، سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ یاداشتێکیان ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حکومه‌تی هه‌رێم كردووه‌ و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران گفتوگۆیان کردووه‌، كه‌ هه‌م مووچه‌خۆران و هاوڵاتیانیش توانای ئه‌وه‌یان نیه‌ قه‌رزی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ پێکه‌وه‌ بده‌نه‌وه‌، به‌رپرسانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش به‌ڵێنیان پێداون کاری جدی بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزانه‌ وه‌ک پێشتر بێت.

وتیشی: "به‌پێی به‌ڵێنه‌كه‌ی به‌رپرسانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پێش قه‌یرانی دارایی چۆن  قه‌رزه‌كان وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌، هه‌ر ساڵێک قه‌رزى ساڵێک بدرێت و هیچ فائیده‌یه‌کیشی نه‌یه‌ته‌ سه‌ر بۆ نمونه‌ قه‌رزی هاوسه‌رگیریی پێشتر شه‌ش مانگ جارێک بووه‌، وای لێبکرێته‌وه‌ نه‌ک مانگانه‌ بێت".

پ: س. م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure