بڕیارێك له‌به‌رژه‌وه‌ندی كارمه‌نده‌ خۆبه‌خشه‌كانی وه‌زاره‌تێك ده‌درێت

هەواڵ / کوردستان :: 08/04/2019‌ :: 2828‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاریدا هه‌ركاتێك هه‌لی دامه‌زراندن له‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی هه‌بوو كارمه‌ندانی خۆبه‌خش داده‌مه‌زرێندرێن.

 
به‌پێی نوسراوێكی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ (ئەمڕۆ دووشەممە 8ی نیسانی 2019) ده‌رچووه‌ و وێنه‌یه‌كی ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌، تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌: وه‌ك پێزانین و له‌به‌رچاوگرتنی رۆڵی ئه‌و كارمه‌نده‌ ته‌ندروستیه‌ خۆبه‌خشانه‌ی كه‌ له‌ ده‌زگا ته‌ندروستییه‌كان دڵسۆزانه‌ خزمه‌تیان كردووه و پابه‌ندی رێنماییه‌كانی كاركردن بوون، بڕیارێک لە بەرژەوەندی ئەوان دەرکرا.
 
له‌ به‌شێكی تری نوسراوه‌كه‌دا هاتووه‌: پێویسته‌ له‌كاتی هه‌بوونی هه‌لی دامه‌زراندن یان له‌ بری دانانی گرێبه‌ست ئه‌وله‌ویه‌ت بدرێته‌ فه‌رمانبه‌ره‌ خۆبه‌خشه‌كان ئه‌ویش به‌پێی بڕوانامه‌ و پسپۆڕییه‌كه‌یان. 

لای خۆشییه‌وه‌ خاڵس قادر، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ ساڵی 2014 تاوه‌كو 2018 زیاتر لە هه‌زار پزیشك و كارمه‌ندی وه‌زاره‌ته‌كه‌ وازیان له‌ده‌وام هێناوه‌ و گه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاری دامه‌زراندن بدات سه‌رجه‌م ئه‌و میلاكانه‌ی كه‌ له‌ دامودەزگا ته‌ندروستییه‌كان به‌ بۆشی ماونه‌ته‌وه‌ ئه‌و خۆبه‌خشانه‌ له‌ شوێنی ئه‌وانه‌ی وازیان هێناوه‌ داده‌مه‌زرێندرێن. 

وتیشی: "جگه‌ له‌وانه‌ی پێشتر وازیان له‌ ده‌وام هێناوه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ و فه‌رمانگه‌ ته‌ندروستییه‌كان، پێوییستمان به‌ كارمه‌ند و پزیشكی تریش هه‌یه‌". 

 


پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure