هێمن هه‌ورامی: له‌ چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا رێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی واژۆده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 08/04/2019‌ :: 586‌ جار بینراوە
پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان له‌سه‌ر پۆسته‌كان "گه‌یشتوونه‌ته‌ خاڵی كۆتایی"

دواڕۆژ

ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى پارتى رایده‌گه‌یه‌نێت: پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م له‌ قۆناغی كۆتاییدایه‌ و ده‌شڵێت: له‌ چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا رێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی واژۆده‌كرێت.


وابڕیاربوو پاش نیوه‌ڕۆى (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 8ی نیسانى 2019) پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دووه‌م رێككه‌وتن سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ واژۆبكه‌ن، به‌ڵام پێشتر راگه‌یه‌نرا كه‌ به‌هۆى ناكۆكییه‌كان ده‌رباره‌ى جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكى هه‌رێم ئه‌و پرسه‌ دواخراوه‌.

له‌ نوێترین پێشهاتدا هێمن هه‌ورامی، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پارتى به‌ میدیاى حزبه‌كه‌ى راگه‌یاند: پڕۆسه‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م له‌ قۆناغی كۆتاییدایه‌. تێگه‌یشتنێكی باش له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی هه‌یه‌ وه‌ك براوه‌ی دووه‌م و "له‌ چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا رێككه‌وتنی نێوان پارتی و یه‌كێتی واژۆده‌كرێت".

وتیشی: "پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان وه‌ك سێ پایه‌ی سه‌ره‌كی پێكهێنانی حكومه‌ت، له‌سه‌ر پۆسته‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ خاڵی كۆتایی و له‌ سه‌دا 98ی پۆسته‌كان یه‌كلاكراونه‌ته‌وه‌".

پێشتر دواڕۆژ بڵاویكرده‌وه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رازی نه‌بووه‌ پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و بریكاری وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان بدرێته‌ یه‌كێتی و به‌وشێوه‌یه‌ ئاماده‌نییه‌ بچێته‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌.

هه‌ورامى، كه‌ جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانیشه‌، وتی: كاتژمێر دووى رۆژی چوارشه‌ممه‌، خوێندنه‌وه‌ی سێیه‌م بۆ پێشنیازی هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌كرێت و ئومێد ده‌كرێت تا ئه‌وكاته‌ رێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی واژۆبكرێت.

پێشتر هێمن شێخانی، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دواڕۆژ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: هه‌روه‌ك چۆن یه‌كێتیی جێگری دووه‌م بۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت ڕه‌تده‌كاته‌وه،‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ش گۆڕان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نییه‌ جێگری دووه‌می سه‌رۆكی هه‌رێم ته‌نیا بۆ بارگرانی زیاد بكرێت.

هاوكات له‌تیف شێخ عومه‌ر، وته‌بێژی‌ یه‌كێتی‌ له‌باره‌ی‌ دواخستنی‌ واده‌ی‌ واژۆكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌یان به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ مه‌راسیمی واژۆكردنه‌كه‌ ئه‌نجامنادرێت و له‌رۆژانی‌ داهاتوودا ده‌كرێت، دواخستنه‌كه‌ش له‌سه‌ر داوای‌ هه‌ردوولا بووه‌".

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure