هۆكاری دواخستنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی پارتی و یه‌كێتی ئاشكرابوو

هەواڵ / کوردستان :: 08/04/2019‌ :: 2297‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

دواى ئه‌وه‌ى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان به‌ فه‌رمى داواى پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم له‌ شاندى پارتى كرد، له‌ ئێستادا بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئاماده‌یه‌ ده‌سته‌به‌ردارى ئه‌و پۆسته‌ بێت، به‌ومه‌رجه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ بدرێت به‌و حیزبه‌.


وابڕیاربوو ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، 8ى نیسان، پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، رێككه‌وتنێكی دیكه‌ سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ واژۆ بكه‌ن، به‌ڵام ڕازینه‌بوونى بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ پێدانى پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم به‌ یه‌كێتی، كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ كاتێكى دیكه‌ دواخرا.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ئێستادا دژی دانانی دوو جێگره‌ بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم، ئه‌وه‌ش بووه‌هۆی ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ی پارتی و یه‌كێتی واژۆ نه‌كرێت، بۆ ده‌ستبه‌ردابوون له‌و پۆسته‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان مه‌رجی بۆ پارتى داناوه‌ به‌وه‌ى ئه‌وان ئاماده‌ن ده‌ستبه‌رداری پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم بن، كه‌ به‌پێی رێككه‌وتنی نێوان گۆڕان و پارتی ئه‌و پۆسته‌ به‌ر گۆران كه‌وتووه‌، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا داوای پۆستی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بۆ یه‌كێتی دیاریكراوه‌.

دواڕۆژ زانیویه‌تى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان رازى نییه‌ به‌ داواكارییه‌كه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و تاوه‌كو ئێستاش وه‌ڵامی داواكارییه‌كه‌ی گۆڕان له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ نه‌دراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام پارتى دیموكراتى كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ردوو لایه‌ن له‌ په‌یوه‌ندیدایه‌ تاوه‌كو ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ به‌ر له‌ دانیشتنى په‌رله‌مان ئه‌و پرسه‌ یه‌كلابكاته‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كان له‌ پێشنیازى یه‌كێتیى بۆ لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌وه‌ جێگیركراوه‌ كه‌ سه‌رۆكى هه‌رێم دوو جێگرى هه‌بێت و تاوه‌كو ئێستاش پارتى به‌و پێشنیازه‌ ڕازییه‌و چاوه‌ڕێش ده‌كات بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان نه‌رمى بنوێنێت.

هێمن شێخانى، ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانى كوردستان گۆڕان له‌وباره‌یه‌وه‌ بۆ دواڕۆژ وتی: "هه‌روه‌ك چۆن یه‌كێتی جێگرى دووه‌م بۆ سه‌رۆكى حكومه‌ت ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ هه‌مانشێوه‌ش گۆڕان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نییه‌ جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكى هه‌رێم ته‌نها بۆ بارگرانى زیادبكرێت".

روونیشیكرده‌وه‌: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دژی زیادكردنی جێگریكی تره‌ بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم و ئه‌م نیگه‌رانییه‌ى گه‌یاندووه‌ته‌ به‌رپرسانی پارتی، له‌ئێستاشدا پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان له‌گفتوگۆدان.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure