هۆكاری دواخستنی واژۆكردنی رێككەوتنەكەی پارتی و یەكێتی ئاشكرابوو

هەواڵ / کوردستان :: 08/04/2019‌ :: 3826‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر


پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و بریكاری وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان واژۆكردنی رێككه‌وتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی بۆ كاتێكی نادیار دواخستووە.

وابڕیاربوو (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 8ی نیسان) پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، رێككه‌وتنێكی دیكه‌ سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ واژۆ بكه‌ن، به‌ڵام ڕازینه‌بوونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ پێدانی پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و بریكاری وه‌زاره‌ته‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان ئه‌و پرسه‌ بۆ كاتێكی دیكه‌ دواخرا.

به‌پێی زانیارییه‌كان، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕازی نه‌بوه‌ له‌ رێككه‌وتنی نێوان یه‌كێتی و پارتی پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و بریكاری وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان بدرێته‌ یه‌كێتی، به‌وشێوه‌یه‌ ئاماده‌ نییه‌ بچێته‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ئیمزاكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان یه‌كێتی و پارتی بۆ كاتێكی تر دواخرا.

دواڕۆژ زانیویه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌نێوان هه‌ر سێ لایه‌ن به‌رده‌وامده‌بێت تاوه‌كو ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌ چاره‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌رسێ لایه‌نه‌كه‌.

هێمن شێخانی، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دواڕۆژ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: هه‌روه‌ك چۆن یه‌كێتیی جێگری دووه‌م بۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت ڕه‌تده‌كاته‌وه،‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ش گۆڕان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نییه‌ جێگری دووه‌می سه‌رۆكی هه‌رێم ته‌نیا بۆ بارگرانی زیاد بكرێت.

له‌تیف شێخ عومه‌ر، وته‌بێژی‌ یه‌كێتی‌ له‌باره‌ی‌ دواخستنی‌ واده‌ی‌ واژۆكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌یان به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ مه‌راسیمی واژۆكردنه‌كه‌ ئه‌نجامنادرێت و له‌رۆژانی‌ داهاتوودا ده‌كرێت، دواخستنه‌كه‌ش له‌سه‌ر داوای‌ هه‌ردوولا بووه‌".

لای خۆیه‌وه‌ کەمال کەرکوکی، ئه‌ندامی شاندی دانوستانكاری پارتی به‌ میدیای رەسمی حیزبه‌كه‌ی ڕاگه‌یاندوه‌: "پارتی ھێشتا بابەتی پێدانی جێگری سەرۆکی ھەرێمی بە یەکێتی لەگەڵ گۆڕان یەکلایی نەکردوەتەوە، بۆیە پێویستی بەکاتی زیاترە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە، هه‌ر بۆیه‌ش واژۆكردنی رێككەوتنی یەكێتی و پارتی‌ دواكه‌وت".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure