عێراق و ئێران واز له‌دۆلار ده‌هێنن

هەواڵ / ئابوری :: 07/04/2019‌ :: 1710‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


(ئەمڕۆ 7ی نیسانی 2019) فوئاد حسێن، وه‌زیرى دارایی عێراق، له‌ تاران له‌گه‌ڵ عه‌بدولناسر هیمه‌تى، به‌ڕێوه‌به‌رى بانكى ناوه‌ندى ئێران كۆبوه‌وه‌ بۆ تاووتوێكردنى میكانیزمه‌كانى زیادكردنى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و هاوسه‌نگكردنى پرۆسه‌ى هاورده‌ و هه‌نارده‌كردن له‌ نێوان هه‌ردوو وڵات و رێگەكانى دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كانى ئێران.


ئاژانسى هه‌واڵى (ئێرنا)ى ئێران له‌ زارى سه‌رۆكى بانكى ناوه‌ندى ئێران بڵاویكردوه‌ته‌وه‌: گرنگترین ته‌وه‌رى گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ وه‌زیرى دارایی عێراق به‌دواداچوونه‌ بۆ بابه‌ته‌كانى په‌یوه‌ست به‌ دارایی و نه‌ختینه‌ و به‌هێزكردنى په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورى و سیاسییه‌كانى نێوان تاران و به‌غدا.

هیمه‌تى جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌: "له‌ڕێگه‌ى هه‌لومه‌رج و تواناكانى به‌رده‌ست ده‌كرێت هاوسه‌نگى له‌نێوان هاورده‌ و هه‌نارده‌ى هه‌ردوو وڵات رابگرین".

سه‌باره‌ت به‌ كۆسپ و ته‌گه‌ره‌كانى چالاكى و كارى بانكه‌ ئێرانیه‌كان له‌ عێراق، به‌ڕێوه‌به‌رى بانكى ناوه‌ندى ئێران ده‌ڵێت: "ئاڵوگۆڕى بانكى و دراوى له‌ نێوان هه‌ردوو وڵات به‌ دینارى عێراقییه‌، ئه‌وه‌ش هێمایه‌ بۆ لوتكه‌ى هاریكارى بانكى له‌گه‌ڵ عێراق".

لای خۆشیه‌وه‌ فوئاد حسێن، وه‌زیرى دارایی عێراق خۆشحاڵى خۆى ده‌ربڕیوه‌ به‌ به‌ره‌وپێشچونى په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانى و ئابورییه‌كانى نێوان ئێران و عێراق و هاوسه‌نگكردنى ئاڵوگۆڕى بازرگانى كه‌ خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندى هه‌ردوو وڵات بكات.

ئا:س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure