توێژه‌رێكى كۆمه‌ڵایه‌تى: زیادبوونی تاوان دەرئەنجامی بارودۆخى چەند ساڵی رابردووە

هەواڵ / کوردستان :: 07/04/2019‌ :: 367‌ جار بینراوە
له‌ماوه‌ى كه‌متر له‌ مانگێكدا دوو باند ده‌ستگیركران

دواڕۆژ

له‌ ماوه‌ى كه‌متر له‌ مانگێكدا دوو باندى دزى و كوشتن له‌ سلێمانى ده‌ستگیركران و توێژه‌رێكى كۆمه‌ڵایه‌تیش ده‌ڵێت: زیادبوونی تاوانەكان به‌هۆى كەڵەكەبوونی بارودۆخى چەند ساڵی رابردووە.


له‌ 12ى ئازارى رابردوو باندێكى شه‌ش كه‌سى مووچه‌ى پزیشك و كارمه‌ندانى نه‌خۆشخانه‌ى شار-یان له‌ سلێمانى رفاند، كه‌ زۆرینه‌ى ئه‌ندامانى بانده‌كه‌ پێشتر به‌ تاوانى جیاجیا سزادرابوون.

(ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 7ى نیسانى 2019)ش ئاسایشى سلێمانى ده‌ستگیركردنى باندێكى ئاشكراكرد كه‌ كاریان دزى و كوشتن بووه‌ و دانیان به‌ تاوانى كوشتنى دوو هاوڵاتیدا ناوه‌.

ده‌رباره‌ى هۆكارى زیادبوونى تاوان له‌تیف حسێن، توێژه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌ دواڕۆژى وت: بەداخەوە زیادبوونی تاوانەكان دەرئەنجامی كەڵەكەبوونی ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی چەند ساڵی رابردووە بەتایبەتی پێنج ساڵی رابردووی قەیرانی دارایی و فەراهەمبوونی ژینگەیەكی لەبار بۆ تاوان و تاوانكاری.

وتیشى: "هۆكاری زیادبوونی تاوانەكان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخە ناسەقامگیرەی كە لەچەند ساڵی رابردوو بە ئێستاشەوە لە كوردستان خوڵقاوە".

پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو (4ى نیسان) ئاسایشى سلێمانى ده‌ستگیركردنى دوایین كه‌سى باندى دزییه‌كه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى شارى ئاشكراكرد.

به‌پێى وته‌ى رزگار ئەحمەد، لێپرسراوی راگەیاندنی ئاسایشی سلێمانی بۆ دواڕۆژ:  تۆمەتبار (ش. م. ئـ.) سەرپەرشتیار و دوایەمین کەسى ئەو باندەى مووچەى نەخۆشخانەى شاریان دزى پێشتر لەسەر تاوانى کوشتن دەستگیرکراوە و بەماددەى 406 لە یاساى سزادانى عێراقى لە دادگاى تاوانەکان حوکمدراوە بە زیندانى هەتاهەتایی و دواتر بەهۆى ئاشتەوایی نێوان هەردوو بنەماڵەکە و رێککەوتن لە دەرەوەى دادگا، بەر لێبوردنى گشتى کەوتووە و ئازادکراوە.

ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى به‌شێك له‌ تاوانه‌كان له‌لایه‌ن هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێت كه‌ پێشتر ده‌ستگیركراون و دواتریش به‌هه‌ر هۆیه‌ك ئازادكراون له‌تیف حسێن ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو: بەڵی ئەمە راستە و بەوتەی لایەنە ئەمنییەكان كه‌ ئەو باند و تاوانكارانە دەستگیردەكەن ئاماژە بۆ ئه‌وه‌ دەكەن كە پێشتر تاوانباربوون یان ماوەی سزاكەیان تەواوكردووە یان بەر لێبوردنی گشتی كەوتوون، كە بەداخەوە نەك خۆیان چاكسازیان تێدانەكراوە خەڵكی تریش بەرەو تاوانكاری دەبەن.

ئه‌و توێژه‌ره‌ ئه‌وه‌شى وت: "هۆكاری ئەمەش روونە كە یاسای لێبوردنی گشتی بەبێ‌ فلتەرێكی راستەقینە، بەبێ‌ گرنگیدانی زیاتر بە توێژەران لەناو چاكسازییەكاندا و هەڵاواردن لە سزادانی تاوانباران هەموو ئەمانە هۆكارن بۆ ئەوەی نەك نەتوانراوە تاوانكارییەكان كەم بكرێنەوە، بەڵكو زیاتر بوون".

دوپاتیشیكرده‌وه‌: نابێت هەڵاواردن لە سزادانی تاوانباراندا هەبێت، لەكاتێكدا دەزانین برایانی ئاسایش و پۆلیس بەردەوام لە هەوڵی دەستگیركردنی هەموو ئەوانەن كە تاوانكارن یان بەنیازی تاوانن، بۆیە دەبێت هەموو لایەك هاوكاربن بۆ ئەوەی یاسا رۆڵی خۆی بگێرێت و هەمووان لەبەردەم یاسادا وەك یەك بین، بۆ ئەوەی خەڵك متمانەی زیاتر بە یاسا هەبێت و رۆحی تۆڵەكردنەوە لەناو خەڵكدا زیاتر نەچەسپێ‌.

هاوكات لوقمان ساڵح، توێژەری دەروونی ده‌ڵێت: تەنها هۆکاری ئابوری واناکات دزی زۆر بێت لە گەڵ ئەوەی هۆکارێکی کاریگەرە، به‌ڵكو نادادی کۆمەڵایەتی و ویستى پارەداربوون و لاوازی سیستمی دادوه‌رى ئەمانە هه‌موو هۆکارن.

وتیشى: "بەردەوام دروستبوونی باند ئەوەمان پێدەڵێت کە به‌ندینخانه‌كان ناتوانن بە ئەدای خۆیان هه ستن. ئەمە یەکەم جار و دواجاریش نابێت کە کەسانێک ئەو کارە بکەن، زیندان وەک دامەزراوەیەکی چاکسازی وەک پێویست نەیتوانیوە بەم کارە هه‌ستێت".

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure