نهێنییه‌كی ساڵی 2015ی په‌رله‌مان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم ئاشكراده‌كرێت

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 2554‌ جار بینراوە

تاگ :: پەرلەمان

دواڕۆژ

هاوڕێ ئه‌بو كاروان ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حیزبی شیوعی كوردستان و په‌رله‌مانتاری پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان له‌دیدارێكی دواڕۆژدا، ره‌خنه‌ له‌ حیزبه‌كان ده‌گرێت و  ده‌ڵێت: "لەپرۆژه‌یاساكانی پێنج حیزبدا له‌ 2015، خاڵی ناکۆک كه‌ كێشه‌ی لێكه‌وته‌وه‌، دەسەڵاتەکانی سەرۆک بوو، ئه‌وكات پارتی ڕازی بوو بەوەی سەرۆک ته‌نیا دوو دەسەڵاتی بمێنیتەوە، ئه‌وانیش (پەیوەندییەکانی دەرەوەو ھێزە چەکدارەکان)، به‌ڵام حیزبه‌كان ئه‌وه‌شیان ره‌تكرده‌وه‌، ئه‌ی خێره‌ ئێستا به‌ ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌كانیه‌وه‌ كارا ده‌كرێته‌وه‌!.


له‌باره‌ى ئه‌وه‌ی گۆڕان و پارتی چۆن له‌سه‌ر دیاریكردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ناو په‌رله‌ماندا رێككه‌وتوون، هاوڕێ ئه‌بو كاروان په‌رله‌مانتاری پێشووی حیزبی شیوعی كوردستان بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: "لە پرۆژەکە ئێستادا كه‌ گۆڕان و پارتی ئاماده‌یان كردووه‌، ھاتووە (سەرۆکی ھەرێم سەرۆکی باڵای دەسەڵاتی جێبەجیکردنە)، بەبی ئەوەی ھیچ پێناسەیەکی بۆ بکرێت، پێموایە لەسەر داوای بزوتنەوەی گۆڕان بووەو نەیانویستووە لەپێناسەکەدا پێگەی سەرۆکی ھەرێم گەورەتر نیشان بدرێت و پارتیش ڕازی بووە، بۆ ئەوەی کێشە دروست نەبێت لە بەردەم  ڕیککەوتنەکەیان".

وتیشی: "به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی ئه‌و دوو حیزبه‌، لە خاڵی (5)ی ماددەی چوارەمدا ھاتووە (سه‌رۆکی ھەریم لەدەنگدانێکی ئاشکرا و بەدەنگی زۆرینەی ڕەھای ئەندامانی پەرلەمان ھەڵدەبژێردرێت)، ئەمەش پێچەوانەی بنەماکانی ھەڵبژاردن و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان و دیموکراتیەت و مافی مرۆڤە، كه‌ لەپەیرەوی ناوخۆشدا ده‌ڵێت (دەنگدان بە نھێنییەو جیاکردنەوەی دەنگەکان بەئاشکرایە).

ئه‌وه‌شی رونكردووه‌ته‌وه‌: لە خاڵی (3)ی ماددەی 16ھەمدا ھاتووە "وەرگرتنەوەی متمانە لەسەرۆک بەڕێژەی (3/4) ئەندامانی پەرلەمان بێت"، بۆیه‌ ناکرێت متمانە وەرگرتنی سه‌رۆكی هه‌رێم بە زورینەی 50+1 بێت و  وەرگرتنەوەی متمانە بە (3/4) بێت، ئەمەش لەجێگای خۆیدا نییە، چونکە چۆن دەبیت بۆ نموونە بەژمارەیەک پەرلەمانتار ببێتە سەرۆک و ھەمان ژمارە بۆیان نەبێت متمانەی لیوەربگرنەوە".

ئەو ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی حیزبی شیوعی ره‌خنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌گرێت و ده‌ڵێت: "دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم زۆرن و وەکو خۆی ماونەتەوە، له‌كاتێكدا  لە 2015دا و لەململانێی نێو حیزبەکاندا و لەنێو پەرلەمانیشدا کە پێنج لایەنی سیاسی پرۆژەیاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیان ئاڕاستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد، بەمەبەستی ھەموارکردنەوه‌، یاساکە جگە لە شێوازی ھەڵبژاردنی سەرۆک لەناو پەرلەمان بێت یان لەخەڵکەوە، خاڵێکی ناکوکی تر لەسەر دەسەڵاتەکانی سەرۆک بوو، پارتی ئه‌وكات ڕازی بوو بەوەی سەرۆک ته‌نیا دوو دەسەڵاتی بمێنیتەوە (پەیوەندییەکانی دەرەوە ھێزە چەکدارەکان)، ئه‌ی خێره‌ ئێستا به‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌وه‌ كارا ده‌كرێته‌وه‌!.

ده‌ڵێت: "بۆ ڕاستی و دروستی قسەکانم دوو بەڵگەم لایە، یەکێکیان ئەوەیە کە ڕۆژی 2015/8/17 لەکاتی کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کێشە دروست ببوو لەنێوان سەرۆکی پەرلەمان و جیگرەکەی لەسەر دیاریکردنی کاتی کۆبونەوەی پەرلەمان، هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌یویست کونگرەی ڕۆژنامەنووسی ئه‌نجامبدات و نوسراوێكی به‌رزكردبووه‌وه‌ بۆ ئەنجومەنی شورا، ئه‌مه‌ش سه‌رۆكی په‌رله‌مانی توڕه‌ كردبوو، منیش سەردانی سەرۆک و جێگر و سکرتیری پەرلەمانم کرد لەسەر وردەکاری کێشەکان و د.یوسف وتی پارتی ھێچ پرۆژەیەکیان نییەو د.جه‌عفه‌ر نایەوێت كات بۆ دانیشتنی پەرلەمان له‌سه‌ر یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم دابنرێت و دەیەوێت کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامبدات، منیش پیموت: تا سەردانی د. جه‌عفه‌ر دەکەم كاتی دانیشتن دیاری مەکە، د.یوسف وتی باشە چاوەڕوانت دەکەم، چوومە لای جێگر و پیموت: دکتۆر ئەوە ئێستا گفتووگۆ لە نیوان لایەنە سیاسییه‌کاندا ھەیە بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئه‌م كێشه‌یه‌و ناکرێت ئێوە کێشەکان قوڵبکەنەوە، لەکاتێگدا پارتی ھیچ پروژەیەکی نییەو تۆ نامەیەکت ناردوە بۆ ئەنجومەنی شورا و دەتەوێت کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی بکەیت ...ھتد".

ده‌َڵێت: "د.جه‌عفه‌ر لە وەڵامدا وتی با کاک یوسف كاتی دانیشتنی په‌رله‌مان دانەنێت و منیش کونگرەی ڕۆژنامەنووسی ناکەم و پارتیش پروژەی ھەیەو لەپروژەکەدا سەرۆکی ھەریم دوو دەسەڵاتی دەمێنێت (پەیوەندییەکانی دەرەوەو ھێزە چەکدارەکان)، گەڕامەوە لای سەرۆکی پەرلەمانی ئەوکات و وردەکارییەکانم بۆ باسکردن، لەوەڵامدا وتی باشە و با بە نووسین بێت ئەو پێشنیار و پرۆژانە، دیسان گەڕامەوە بۆ لای د.جه‌عفه‌ر و ئاگادارمکردەوە له‌داواکارییەکەی د.یوسف، وتی: زورباشە با دەستەی سەروکایەتی کۆبینەوەو بە نووسین پروژەی پارتی دەدەمێ. جاریکی تر گەڕامەوە بۆ لای د.یوسف، بەڵام بینیم وەفدێکی بریتانی هاتبوونه‌ لای، منیش لە ژووری سکرتێر دانیشتم و لە چاوەڕوانی رۆیشتنی وەفدەکەدا بووم، بەڵام بەداخەوە رۆیشتنی وەفدەکەش زۆر دواکەوت و جه‌عفه‌ر ئیمینکی کونگرەی روژنامەنووسی ئەنجامدا، بێئەوەی ئاگەداری من بکات و پێیوابوو مادام من دواكه‌وتووم له‌ گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ لای ئه‌و، ھەڵوێستی د.یوسف ئیجابی نەبووە، بویە (ئه‌بو کاروان) نەگەڕاومەتەوە بو لای، لە کونگرە روژنامەنوسییەکەدا ئۆباڵی قەیرانەکەی خستە ئەستۆی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی پەرلەمانی ئەوکاتیش دواتر کاتی کۆبونەوەی دەستنیشانکرد".

"کەواتا دەتوانم بڵێم لەزاری د.جه‌عفه‌رەوە رزامەندی درابوو بەوەی دەسەڵاتی سەرۆک تەنیا پەیوەندییەکانی دەرەوەو ھێزە چەکدارەکان بێت"، ئه‌مه‌ وته‌ی ئه‌بو كاروان په‌رله‌مانتاری پێشووه‌.

ئه‌بو كاروان باس له‌وه‌شده‌كات: ھەروەھا لەکۆبونەوەی حیزب و لایەنە سیاسییەکاندا بەئامادەبوونی نوێنەرانی ئەمریکا و بریتانیا و  UN، لەدوای گفتوگۆیەکی دورودرێژ، پارتیی پروژەیاسایەکی بەنوسراو له‌کۆبونەوەكه‌دا خستبووه‌ روو، تێیدا دەسەڵاتی سەرۆک  پەیوەندییەکانی دەرەوەو ھێزە چەکدارەکان بێت، ھەر لەسەر ڕۆشنایی ئەو پروژەیە کۆبونەوەی پەرلەمان دواخرا کەواتا پێشتر پارتیش رازی بووە کە دەسەڵاتەکانی سەرۆک کەمبکرێتەوە، خیرە ئێستا بۆچی ھیچ لایەنێکی سیاسی و فراكسیۆنێك داوای کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆك ناکات، به‌ پاساوی ئەوەی لە داھاتوودا لە ڕیگه‌ی دەستورەوە چارەسەر دەكرێت كە بە بڕوای من ھەڵەیەكی گەورەیە حیزبەكان و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بەو مادەیەو بەو شیوازە ڕازین و دە نگی پێبدەن؟!.

ئامادەکردنی: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure