خامنه‌یی بۆ عەبدولمەهدی: هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌عێراق دەربکەن

هەواڵ / عێراق :: 06/04/2019‌ :: 1137‌ جار بینراوە

 دواڕۆژ، ئازوو محه‌مه‌د

رابه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران، له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و وه‌فدی باڵای هاورێی، پێیڕاگه‌یاندوون: هه‌وڵبده‌ن به‌ زووترین كات هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ عێراق ده‌ربكه‌ن.


به‌ گوێره‌ی راپۆرتێكی فارس نیوزی ئێرانی، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 6ی نیسانی 2019  عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و شاندی باڵای هاورێی له‌گه‌ڵ ئایه‌توڵڵا خامنه‌یی رابه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران كۆبوونه‌ته‌وه‌.

له‌و دیداره‌دا خامنه‌یی ئاماژه‌ی به‌ تێكه‌ڵی و نزیكی هه‌ردوو وڵاتی ئێران و عێراق له‌ بواره‌كانی كه‌لتورو نه‌ریت و مێژوویی كردووه‌و وتوویه‌تی: "په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو وڵات قوڵ و درێژخایه‌نن و پێشكه‌وتن و ئارامیی و سه‌قامگیریی عێراق به‌ سوود و سه‌قامگیری ئێران ده‌زانین، به‌ڵام ئه‌مریكییه‌كان ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و ئارامی عێراق به‌ زیانی خۆیان ده‌بینن، بۆیه‌ ده‌بێت به‌ زووترین كات هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ عێراق بكرێنه‌ده‌ره‌وه‌".

هاوكات سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیش له‌و دیداره‌كه‌دا جه‌ختی له‌وه‌كردووه‌ته‌وه‌: كه‌ په‌یوه‌ندی عێراق و ئێران په‌یوه‌ندییه‌كی تایبه‌ته‌، وتی: "ئێمه‌ رامانگه‌یاندووه‌ هیچكات په‌یره‌وه‌ی گه‌مارۆكانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر تاران ناكه‌ین و دژ به‌ ئێران ناوه‌ستینه‌وه‌".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure