سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی بڕیاریدا

هەواڵ / کوردستانی :: 06/04/2019‌ :: 4186‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال

كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ سلێمانی كۆتاییهات و دوای كۆبوونەوەكەش وتەبێژی مەكتەبی سیاسی ئه‌و حیزبه‌ رایگەیاند: بڕیاریانداوە لەچەند رۆژی داهاتوودا رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی ئیمزا بکەن.


لەتیف شێخ عومەر له‌ لێدوانێكدا بۆ میدیاكان وتی: "لەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا باس لە پۆستەكان و دابەشكردنی نەكرا، تەنیا گفتووگۆمان لەسەر ئەو لێكگەیشتنە كردووە كە پەیوەندی بە پشكەكانی یەكێتییەوە هەیە لە سیستمی حكومڕانی كوردستاندا، بەسەرۆكایەتییەكان و وەزارەتەكانەوە قسەی لێكراوەو كۆمیتەی سەركردایەتیش هەم دەستخۆشی و هەم پشتگیریان لەو لێكگەیشتنە كردووه‌".

وتیشی: "دەمەوێت هەڵەیەك راست بكەمەوە كە رێككەوتن لەرێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە نەبووە، بەڵكو رێككەوتنێكی دورودرێژە لە دانوسانێكدا كە چەند هەفتەیەكی خه‌یاندووە لەلایەن وەفدی ئێمەو دەرەوەی وەفدەكەش كە لە كۆتایی دانوساندنەكاندا پێویستی بەوە بووە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەنێوان كاك كۆسرەت و كاك مەسعود-دا ئەنجام بدرێت و دانوستانێكی ئاسانیش نەبووە و قورس بوو".

راشیگەیاند: دەمەوێت ئەوە بە لایەنگران و كادیرانی خۆمان بڵێین ئەو ئەنجامەی پێیگەیشتوون لەسەر ئەساسی ئەو رێككه‌وتنه‌ بووە كە پێشتر لەگەڵ برادەرانی پارتی كردوومانە كه‌ بنه‌ما ئه‌ساسییه‌كه‌ی به‌شداری سیاسیی حه‌قیقی و چەند پرسێكی تر بووە.

وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان روونیشیكردەوە: پرسی كەركوك و هەندێك پرس كە پەیوەندی بە بەغداوە هەیە رەوانەی ئەو رێككەوتنە كراوە كە لەنێوان كاك كۆسرەت و كاك مەسعود-دا كراوە.

لەكۆتایشدا وتی: "لەچەند رۆژی داهاتوودا رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی ئیمزادەكرێت".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure