باران به‌هاری شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانى دوكانى كرد به‌ پایز‎

هەواڵ / ئابوری :: 06/04/2019‌ :: 1420‌ جار بینراوە
گه‌یشتنى ئاو به‌ شه‌قامى سارتكه‌ له‌ شارۆچكه‌ى دوكان

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جه‌مال

 هه‌موو رۆژانى هه‌ینییه‌ك له‌ وه‌رزى به‌هاردا خاوه‌نى شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانى هاوینه‌ هه‌وارى دووكان چاوه‌ڕوانى ئه‌و ده‌بوون گه‌شتیاران رویان تێبكات ، ئه‌م ساڵ دۆخه‌كه‌ گۆڕاوه‌ ، زۆرى باران و به‌رزبوونه‌وه‌ى ئاستى ئاوى ده‌ریاچه‌ى دووكان كارێكى وایكرد كه‌پره‌كانیان ژێر ئاو بكه‌ون و هاوڵاتیان بۆ بینینى ئه‌و دیارده‌یه‌ سه‌ردانى بكه‌ن.
ئه‌و ره‌وشه‌ زیانى ئابورى داوه‌ له‌و پڕۆژه‌ كه‌شتیارانه‌ كه‌ جگه‌ له‌وه‌ى داهاتى سه‌ردان كه‌رانیان له‌ده‌ستداوه‌ زیانى زۆریشی به‌ كه‌پره‌كان و پڕۆژه‌ گه‌شتیاره‌كانى ئه‌و سنوره‌ گه‌یاندووه‌.    


هاوینه‌هه‌واری دوكان له‌سنووری پارێزگای سلێمانی ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیارییه‌، كه‌ ئوتێل، مۆتێل، كابینه‌، كه‌پری مۆدێرن، كه‌پری میللی تێدایه‌ كه‌ هاوڵاتیانى سنورى سلێمانى و ناوچه‌كانى ترى هه‌رێمى كوردستان و عێراقیش سه‌ردانی ده‌كەن.
پشتیوان حاته‌م، سه‌رۆكی شاره‌وانی دوكان به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌مڕۆ به‌نداوی دوكان ئاوێكی زیاتر به‌رده‌داته‌وه‌ و به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ ئاستی ئاوی زێیه‌كه‌ به‌راورد به‌ڕۆژانی  ڕابردوو زیاتر به‌رز ده‌بێته‌وه‌، هه‌موو فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیش له‌حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدان و هه‌ماهه‌نگی ته‌واو كراوه‌ و ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ بۆ به‌هاناوه‌چوونی هاوڵاتیان و هه‌ر حاڵه‌تێكی نه‌خوازراو".


به‌ردانه‌وى باوى به‌ربه‌ستى دوكان به‌هۆى سه‌رڕێژبوونی و زۆر بوونى ئاوى باراناو كارێكى وایكرد كه‌ چیتر وه‌ك ساڵانى پێشوو ركابه‌رى پێشوه‌خت له‌سه‌ر گرتنى كه‌پره‌كانى گوێى ئه‌و روباره‌ نه‌كرێت له‌لایه‌ن گه‌شتیارانه‌وه‌ به‌و پێیه‌ى هه‌م مه‌ترسیداره‌ هه‌م زۆبه‌شیان ژێر ئاو كه‌وتوون كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌م دۆخه‌ تاوه‌كو زیاتر له‌ دوو مانگى تر به‌رده‌وام بێت.
رێژین ره‌وف، به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری دوكان به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت و له‌لایه‌ن به‌نداوی دوكانه‌وه‌ پێیان راگه‌یه‌ندراوه‌ تا دوو مانگی دیكه‌ش زیادبوونی ئاو رووده‌دات.
 وتیشی :"ده‌توانین بڵێین ئه‌مساڵ هه‌ندێك شوێنی گه‌شتیاری بێمۆڵه‌ت و مۆڵه‌تدراویش ژێر ئاو ده‌كه‌ون كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌ نییه‌ و رووداوێكی سروشتییه‌، چونكه‌ ساڵی 1988یش روویداوه‌، به‌ڵام هه‌ندێك شوێن  ئه‌و روداوه‌ى ساڵی 1988 له‌به‌ر چاو نه‌گرتووه‌ كه‌  ره‌نگه‌ زیاتر چووبێته‌ پێشه‌وه‌".
باران و ئاو ئه‌گه‌ر بۆ جوتیاران له‌م ساڵدا نیعمه‌ت بووبێت بۆ خاوه‌ن شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانى دووكان نه‌هامه‌تییه‌ كه‌ پلانى ده‌ستكه‌وتى داراییانى بۆ وه‌رزى به‌هار تێكدا.  
كاروان حه‌سه‌ن له‌ هه‌وارگه‌ی نه‌وا له‌ سنورى دووكان بۆ دواڕۆژ وتى:" به‌هۆی بارانبارین و زۆربوونی ئاوه‌وه‌ نزیكه‌ی 20 كه‌پری مۆدێرن و دوو كابینه‌ی تایبه‌تیش واته‌ (ڤی ئای پی) له‌ئاودان  كه‌ 30 تاوه‌كو 40 هه‌زار دۆلاریان تێچووه‌ و دیواره‌كانیان به‌هۆی ئاوه‌وه‌ دارماون، ئه‌گه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاوه‌كه‌ زیاتر بێت به‌دڵنیاییه‌وه‌ زیانی زیاتریان پێده‌گات".

كاروان بێئومێده‌ له‌وه‌ی ئه‌مساڵ دۆخی كاره‌كه‌یان باشببێته‌وه‌ و  ده‌ڵێت:" ئه‌سته‌مه‌ جارێكی دیكه‌ هاتنی ئه‌و گه‌شتیارانه‌ بۆ نێو كه‌پره‌كان وه‌ك جارانی لێ بێته‌وه‌".

  هاوكات موراد ته‌یب له‌هه‌وارگه‌ی لۆنا  ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌  له‌كۆى ئه‌و 60 كه‌پره‌ى له‌ هاوینه‌ هه‌وارى دوكان هه‌یانه‌ 20 كه‌پریان ژێر ئاو كه‌وتوون، ئه‌گه‌ر ئاوى دوكانیش زیاتر به‌زر بێته‌وه‌  كه‌پره‌كانى دیكه‌ش ئاو دایان ده‌پۆشێت.
موراد ته‌یب به‌ دواڕۆژى وت: ئه‌مساڵ ته‌نها دوو رۆژی یه‌كه‌می جه‌ژنی نه‌ورۆز كارمان كردووه‌، له‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌ دۆخمان زۆر خراپ بووه‌".
  پێداچوونه‌وه‌:هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure