ناوه‌ڕاستى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ پڕۆژه‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ده‌نگى له‌سه‌ر ده‌درێت

هەواڵ / کوردستان :: 06/04/2019‌ :: 183‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

لیژنەی یاسایی په‌رله‌مانى كوردستان پێشنیازه‌كانى هەمواری یاسای دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی رادەستی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد و شێوازى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێم و زیادكردنى جێگرى دووه‌م بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم بووەته‌ خاڵى ناكۆكى نێوان فراكسیۆنه‌كان.


(چوارشه‌ممه‌ى رابردوو 3ى نیسانی 2019) په‌رله‌مانى كوردستان خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى پڕۆژه‌ یاسای هه‌موار و كاراكردنه‌وه‌ى یاسای سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجامدا و دواى وه‌رگرتنى پێشنیازه‌كانیش له‌ لایه‌ن لیژنه‌ى یاسایه‌وه‌، به‌پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆ پێویسته‌ له‌ماوه‌ى حەوت رۆژدا خوێندنه‌وه‌ى سێیه‌مى بۆ بكرێت، به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژیش بڕیاره‌ له‌ ناوەڕاستی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ خوێندنەوەی سێییەمى بۆ پڕۆژه‌ یاساكه‌ بکرێت و ببێته‌ یاسا.

هه‌ربه‌پێى زانیارییه‌كان، فراكسیۆنه‌كانى نێو په‌رله‌مان بۆچوونى جیاوازیان هه‌یه‌ له‌باره‌ى شێوازى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك له‌ نێو په‌رله‌مانى كوردستان كه‌ به‌شێوازى نهێنى، یاخود ئاشكرابێت خاڵى دووه‌میش زیادكردنى جێگرێكى دیكه‌یه‌ بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم.

وابڕیاریشه‌ له‌ ماوه‌ى دوو رۆژى داهاتوو، فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ نێویشیان فراكسیۆنه‌كانى پارتى و یه‌كێتی و گۆڕان كۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌ش ئه‌نجامبده‌ن له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ ناكۆكانه‌ى كه‌ له‌باره‌ى پڕۆژه‌ یاساكه‌وه‌ هه‌یانه‌.

رووپاك ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: پێشنیازەکانی تایبه‌ت به‌ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان زۆرن، زۆرترینیان تایبەتن بە شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك و دەسەڵاتەکانی، هەمواری یاساكە لە قۆناغی کۆتاییدایە و لیژنەی یاسایش پێشنیازەکانی رادەستی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووه‌.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: لە خوێندنەوەی سێیەمدا، گفتوکۆ لەسەر ماددەکانی پڕۆژەکە ناکرێت و تەنیا دەخرێتە دەنگدانەوە، بەپێی دەنگ پێشنیازەکانی هه‌مواری یاساكه‌ پەسەند دەکرێت.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure