وه‌فدى پارتى و گۆڕان له‌ سلێمانى كۆده‌بنه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 06/04/2019‌ :: 594‌ جار بینراوە
دیمه‌نێك له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ فۆتۆ: هۆگر كه‌مال

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ گردى زه‌رگه‌ته‌ى شارى سلێمانى له‌ باره‌ى ورده‌كارى پرسى پێكهێنانى حكومه‌ت له‌ كۆبوونه‌وه‌دان.


پێش نیوه‌ڕۆژى (ئەمڕۆ شەممە 6ی نیسانی 2019) وه‌فدى دانوستاندارى پارتى گه‌یشته‌ سلێمانى و له‌ گردى زه‌رگه‌ته‌ له‌ سلێمانى له‌گه‌ڵ وه‌فدى دانوستانكارى گۆڕان كۆبونه‌وه‌.

هێمن شێخانى، ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌دواڕۆژى وت: "كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌باره‌ى ورده‌كارییه‌كانى پرسى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ته‌وەیە".

وتیشى: "پێشتر به‌هۆى رێكنه‌كه‌وتنى پارتى و یه‌كێتى پرۆسه‌ى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ وه‌ستابوو، به‌ڵام دواى رێككه‌وتنیان پرۆسه‌كه‌ ده‌ستى پێكردووەته‌وه‌ و ئه‌مڕۆش باس له‌ ورده‌كارییه‌كانى رێككه‌وتنى ئێمه‌ و پارتى ده‌كرێت له‌باره‌ى پرسى پێكهێنانى حكومه‌ت و ورده‌كارییه‌كانى".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ئایا تا چه‌ند راسته‌ له‌ پۆسته‌كانى گۆڕاندا ده‌بێت پارتیش ره‌زامه‌ند بێت له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ى پۆسته‌كان وه‌رده‌گرن، شێخانى وتى: "نه‌خێر ئێمه‌ په‌یوه‌ست نین به‌ هیچ حیزبێكى تر و به‌دڵنیاییه‌وه‌ خۆمان پۆسته‌كان ده‌ستنیشان ده‌كه‌ین بێ ره‌زامه‌ندى هیچ حیزبێك".

باسى له‌وه‌شكرد: پۆسته‌كان له‌ناو گۆڕان به‌ سیڤى ده‌ستنیشان ده‌كرێن، ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا جڤاتى نیشتمانى كۆببێته‌وه‌ و بڕیار ده‌درێت لیژنه‌یه‌ك بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى كه‌سه‌كان پێكبهێنرێت و سێ باشترینیان هه‌ڵده‌بژێردرێن بۆ هه‌ر پۆستێك و دواتر جڤاتى نیشتمانى كه‌سێك یه‌كلایى ده‌كاته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى پۆسته‌كه‌ وه‌ربگرێت.

وه‌فدى پارتى پێكهاتووه‌ له‌ هه‌ریه‌ك له‌ (كه‌مال كه‌ركوكى، دڵشاد شه‌هاب، فرسه‌ت سۆفى، كاكه‌مین نه‌جاڕ و هێمن هه‌ورامى). 

وه‌فدى گۆڕانیش پێكهاتووه‌ له‌ (جه‌لال جه‌وهه‌ر، مسته‌فاى سه‌ید قادر، جه‌مال محه‌مه‌د، ئاراس وه‌لى، ره‌وف عوسمان و عه‌لى حه‌مه‌ساڵح).

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure