ئه‌م ناوچانه‌ ژێر ئاو كه‌وتن و هۆشدارى ده‌درێته‌ هاوڵاتیان

هەواڵ / کوردستان :: 06/04/2019‌ :: 10900‌ جار بینراوە
وێنه‌یه‌كى به‌نداوى دوكان و رودانى لافاو

دواڕۆژ

قایمقامى دوكان رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌شێك له‌ كه‌پره‌كانى دوكان ژێرئاو كه‌وتوون، دڵنیایی-ش ده‌داته‌ هاوڵاتیان و گه‌شتیاران و ده‌ڵێت: "سه‌رجه‌م ئه‌و ناوچانه‌ى كه‌ مه‌ترسیدارن له‌ژێر كۆنتڕۆڵى تیمه‌كاندان".


سیروان سه‌رحه‌د، قایمقامى قه‌زاى دوكان (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 6ى نیسانى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: وه‌ك ده‌زانن به‌هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى رێژه‌ى بارانبارینه‌وه‌، ئاستى ئاوى دوكان-یش به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كى به‌رچاوى به‌خۆیه‌وه‌ بینیووه‌ كه‌ له‌ماوه‌ى 31 ساڵى رابردوودا و له‌ ساڵى 1988-ه‌وه‌ روداوى له‌وشێوه‌یه‌ روینه‌داوه‌، له‌ئێستادا نزیكه‌ى 7 ملیار مه‌تر سێجا ئاو له‌ به‌نداوه‌كه‌دا كۆبووه‌ته‌وه‌.

وتیشى: "بۆ رێكخستنى ئه‌م ئاوه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رى به‌نداوى دوكاندا ئێمه‌ به‌رده‌وام له‌ هاوكاریداین، دوێنێ نزیكه‌ى 720 مه‌تر سێجا ئاو له‌ چركه‌یه‌كدا چووه‌ته‌ ناو زێى دوكان، بۆ ئه‌مڕۆش رێژه‌كه‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌ بۆ 850 مه‌تر سێجا له‌ چركه‌یه‌كدا، هه‌ر بۆیه‌ ئێمه‌ش هاوڵاتیانمان ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ كه‌ نزیكى رۆخى زێیه‌كه‌ نه‌كه‌وت بۆ ئه‌وه‌ى روداوى نه‌خوازراوى لێنه‌كه‌وێته‌وه‌".

قایمقامى دوكان ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: هه‌رچه‌نده‌ كه‌پره‌ گه‌شتیارییه‌كان ژێرئاو كه‌وتوون، به‌ڵام ئێمه‌ دڵنیایی ده‌ده‌ینه‌ گه‌شتیاران و هاوڵاتیان كه‌ هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌ئارادا نیه‌، سه‌رجه‌م ئه‌و ناوچانه‌شى كه‌ مه‌ترسیان هه‌یه‌ له‌ژێر كۆنتڕۆڵى تیمه‌كانى ئێمه‌دان.

له‌باره‌ى ئه‌وه‌شى كه‌ مه‌ترسى له‌سه‌ر گه‌ڕه‌كه‌كانى دوكان دروستده‌بێت یاخود نا؟ سیروان سه‌رحه‌د ئاشكرایكرد: "هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر هاوڵاتیان نیه‌، تاكه‌ شت هه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌، گه‌ڕه‌كى فه‌رمانبه‌ران ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ئاو بچێته‌ به‌شێك له‌ ماڵه‌كانییه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێمان راگه‌یاندون ئاماده‌كارى بكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ دوو رۆژى رابردوودا له‌ دوو ماڵ رویداوه‌ له‌و گه‌ڕه‌كه‌".

رونیشكرده‌وه‌: "به‌هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى ئاستى ئاوى دوكا ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌شێك له‌ پڕۆژه‌ى ئاوى دوكان بوه‌ستێت، به‌ڵام له‌ دوو رۆژى رابردوودا به‌دواى جێگره‌وه‌یه‌كدا گه‌ڕاوین بۆ ئه‌و پێشهاته‌ و به‌ره‌وپێچونى باشمان به‌خۆوه‌ بینووه‌".

له‌باره‌ى گیران و داخرانى به‌شێك له‌ رێگاكانى دوكان-یشه‌وه‌ قایمقامى دوكان جه‌ختى كرده‌وه‌: "ته‌نیا رێگه‌ى قه‌شقۆڵى ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ دابخرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ ئاماده‌كارى ته‌واوه‌تیمان كردووه‌ بۆ ئه‌و پێشهاته‌ش كه‌ دایبخه‌ین".

دوێنێ هەینی رێژین رەوف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوكان له‌باره‌ى نوقمبوونى چه‌ند شوێنێكه‌وه‌ له‌ دوكان هۆشداریدا و به‌ دواڕۆژ-ى راگه‌یاند: "به‌هۆى زیاتر به‌ردانه‌وه‌ى ئاوى به‌نداوى دوكان كەپرە میللییەكان كە هی دوو گوندن و خۆیان بە خاوەنی دەزانن، لەگەڵ پڕۆژەیەكی مۆڵەتدراو ژێرئاو دەكەون".

داڕشتنه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە