گەشتوگوزاری دوكان: كەپرە میللییەكان و پڕۆژەیەك ژێر ئاو دەكەون

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 76403‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

شارەوانی دوكان رایدەگەیەنێت: ئێستا دۆخی قەزاكە ئاساییە، بەڵام سبەینێ بەنداوی دوكان ئاوی زیاتر بەردەداتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش لەئامادەباشیدان. گەشتوگوزاریش ئاماژە بەژێر ئاوكەوتنی كەپرە میللیەكان و پڕۆژەیەكی مۆڵەتدراوی گەشیاری دەكات.

پشتیوان حاتەم، سەرۆكی شارەوانی دوكان ئەمشەو هه‌ینى 5ی نیسان، بە دواڕۆژ-ی راگەیاند: "ئێستا دۆخەكە ئاساییە، گیرانی شەقامی سارتكەش كە ئەمڕۆ رویدا بەهۆی زیادبوونی ئاوەكەوە بوو، بەڵام سبەینێ بەنداوی دوكان ئاوێكی زیاتر لەئەمڕۆ بەردەداتەوە و بەم هۆیەشەوە ئاستی ئاوی زێیەكە بەراورد بەڕۆژانی  ڕابردوو زیاتر بەرزدەبێتەوە، هەموو فەرمانگە پەیوەندیدارەكانیش لەحاڵەتی ئامادەباشیدان و هەماهەنگی تەواوكراوە و ئاگاداركراونەتەوە بۆ بەهاناوەچوونی هاوڵاتیان و هەر حاڵەتێكی نەخوازراو".

هاوكات رێژین رەوف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوكان بە دواڕۆژ-ی راگەیاند: "ئەوەی تێبینی دەكرێت و لەلایەن بەنداوی دوكانەوە پێیان راگەیەندراوە تا دوو مانگی دیكەش زیادبوونی ئاو روودەدا".

وتیشى :"دەتوانین بڵێین ئەمساڵ هەندێك شوێنی گەشتیاری بێمۆڵەت و مۆڵەتدراویش ژێر ئاو دەكەون كە ئەوەش لەدەسەڵاتی ئەوان نییە و رووداوێكی سروشتییە، چونكە ساڵی 1988یش روویداوە، بەڵام هەندێك شوێن گرنگى نه‌داوه‌ به‌و رووداوەی ساڵی 1988 نەداوە و زیاتر چووه‌ته‌ پێشەوە".

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوكان ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: "كەپرە میللییەكان كە هی دوو گوندن و خۆیان بە خاوەنی دەزانن، لەگەڵ پڕۆژەیەكی مۆڵەتدراو ژێر ئاو دەكەون".
   
پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure