به‌رپرسێكى پارێزگاكه‌: ئه‌گه‌ر به‌سره‌ ده‌سه‌ڵاتى بدرێتێ پێویستمان به‌ هه‌رێمبوون نییه‌

هەواڵ / عێراق :: 05/04/2019‌ :: 173‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا


ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى به‌سره‌، (ئه‌مڕۆ هه‌ینى 5ى نیسان)، رایگه‌یاند: ئاسه‌وار و جێكه‌وته‌كانى به‌هه‌رێمبوونى پارێزگاى به‌سره‌، هه‌رچۆنێكبن، له‌ خراپییه‌كانى لامه‌ركه‌زییه‌ت باشتره‌، ده‌شڵێت: "ئه‌گه‌ر به‌سره‌ ده‌سه‌ڵاتى ته‌واوى بدرێتێ پێویستمان به‌ هه‌رێمبوون نییه‌".


ئه‌حمه‌د سلێتى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى به‌سره‌، به‌ دواڕۆژ-ى راگه‌یاند: "ناتوانین نكوڵى له‌بوونى مه‌ركه‌زییه‌تێكى زۆر خراپ بكه‌ین، به‌ڵام كاره‌ساته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ندێك بیر له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى مه‌ركه‌زییه‌ت و هه‌ڵگرتنى لامه‌ركه‌زییه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌".

وتیشى: "په‌رله‌مانى ئێستا بیرله‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نه‌كانى ئێستاى پارێزگاكان ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ى كاتێكى دیاریكراو بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌ره‌و مه‌ركه‌زییه‌ت ده‌ڕۆن، ئه‌وه‌ش كارێكه‌ پێچه‌وانه‌ى ده‌ستوور و ئیراده‌ى خه‌ڵكى عێراق-ه‌".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجومەنى پارێزگاى به‌سره‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: "كاتێك ده‌سه‌ڵاتى فیدراڵى به‌ یاسادانان و جێبه‌جێكردنه‌وه‌ به‌و ئاراسته‌یه‌ بیرده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێت به‌ جددى بیر له‌ پاراستنى لامه‌ركه‌زییه‌ت بكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ پرسه‌كه‌ بووەته‌ پرسى خۆسه‌لماندن و ئیراده‌ى خه‌ڵك".

جه‌ختیشى كرده‌وه‌: "ئه‌وه‌ى له‌ به‌سره‌ رووده‌دات، په‌یوه‌ندیى به‌ حكومه‌تى خۆجێییه‌وه‌ نییه‌، ئه‌وه‌ ئه‌ركى حكومه‌تى فیدراڵییه‌ ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام ده‌یه‌وێت شته‌كان بخاته‌ ئه‌ستۆى حكومه‌تى خۆجێیى و خۆى له‌ ئه‌ركه‌كانى بدزێته‌وه‌".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا، به‌رپرسیارێتى ته‌واونه‌كردنى پرۆژه‌كانى به‌سره‌ى خسته‌ ئه‌ستۆى حكومه‌تى فیدراڵى كه‌: "به‌ بڕیارى 347ى ساڵى 2015ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران هه‌موو پڕۆژه‌كانى راگرتووه‌ له‌ پارێزگاكه‌، بودجه‌ى ته‌نها له‌ كرێ و موچه‌دا كورتكرده‌وه‌".

ئه‌حمه‌د سلێتى له‌ قسه‌كانیدا رونیشكرده‌وه‌: "جێبه‌جێكردنى پرۆژه‌ و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى خزمه‌تگوزارییه‌كان، به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ گه‌شه‌سه‌ندن و گۆڕانكارییه‌كاند بگونجێت، ئه‌ركى حكومه‌تى فیدراڵییه‌، پێویسته‌ حكومه‌تى فیدراڵی پاره‌یان بۆ په‌یدا بكات، چونكه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتى فراوانترى هه‌یه‌".

روونیشیكرده‌وه‌: "ئه‌گه‌ر لامه‌ركه‌زییه‌ت به‌ شێوه‌یه‌كى دروست جێبه‌جێبكرێت، به‌سره‌ ببێته‌ خاوه‌نى ده‌سه‌ڵاتى ته‌واوى خۆى، ئه‌وا هیچ پێویستمان به‌وه‌ نییه‌ ئه‌م پارێزگایه‌ ببێته‌ هه‌رێم، به‌ڵام هه‌رچه‌نده‌ ئاسه‌وار و جێكه‌وته‌كانى به‌هه‌رێمبوونى پارێزگاى به‌سره‌، هه‌رچۆنێك بن، له‌ خراپییه‌كانى لامه‌ركه‌زییه‌ت باشتره‌، كه‌ هه‌ندێك ده‌یانه‌وێت پارێزگاكه‌ بگه‌یه‌ننه‌ لامه‌ركه‌زییه‌ت".

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure