شێوازى دیاریكردنى كاندیده‌كانى پارتى بۆ حكومه‌ت ئاشكرابوو

هەواڵ / کوردستان :: 05/04/2019‌ :: 4460‌ جار بینراوە
پارتی دیموكراتى كوردستان

تاگ :: پارتی

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 


به‌رپرسێكی پارتی دیموكراتى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی بۆ كابینه‌ی نۆیه‌م پۆست وه‌رده‌گرن به‌ دوو میكانیزم دیاریده‌كرێن به‌شێوه‌یه‌ك، وه‌زیره‌كان له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تییه‌وه‌ داده‌نرێن و به‌رپرسه‌كانی تریش به‌ پێی سیڤی ده‌بێت. 


به‌رپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ نه‌یویست ناوى بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: "پارتی بۆ به‌شداریكردن له‌ كابینه‌ی نۆیه‌م گۆڕانكاری له‌ زۆربه‌ی پۆسته‌ وزارییه‌كانی پێشوودا ده‌كات، به‌تایبه‌ت ئه‌و وه‌زیرانه‌ی كه‌ چه‌ند كابینه‌یه‌كه‌ له‌ پۆسته‌كانیان به‌رده‌وامن. ئه‌مجاره‌ پارتی ئه‌وان ده‌گۆڕێت و خه‌ڵكی نوێ ده‌هێنێته‌ پێشه‌وه‌". 

وتیشی: "ئه‌و كه‌سانه‌ی پۆستی وه‌زیریان له‌ كابینه‌ی نۆیه‌م پێده‌درێت له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی دیاریده‌كرێن كه‌ بڕیاروایه‌، له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا به‌ سه‌رپه‌رشتی مه‌سعود بارزانی ئه‌نجامبدرێت". 

ئه‌و به‌رپرسه‌ى پارتى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "پۆسته‌كانی بریكار و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و پۆسته‌كانی خوارتر به‌پێی سیڤی و پێشینه‌ی كاری رابردوویان ده‌بێت كه‌ تاچه‌ند توانایی به‌ڕیوه‌بردنی پۆسته‌كانیان هه‌یه‌، دوای ئه‌وه‌ی دیراسه‌ی سیڤییه‌كان ده‌كرێت جارێكی تر ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئاساییدا ره‌زامه‌ندیان له‌سه‌ر ده‌دات". 

سه‌باره‌ت به‌ ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌بنه‌ وه‌زیر ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌: "جارێ زووه‌ باس له‌ ناوه‌كان بكرێت، چونكه‌ هه‌ندێك پۆست تاوه‌كو ئێستا له‌ نێوان یه‌كێتی و پارتی یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه‌". 
 
پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure