بڕیارێک له‌ به‌رژه‌وه‌ندى دەرچوانی به‌شه‌ کشتوکاڵییه‌كان دەردەکرێت

هەواڵ / کوردستانی :: 05/04/2019‌ :: 35‌ جار بینراوە
فرۆشگایه‌كى كشتوكاڵى

دواڕۆژ، زریان محەمەد

لیژنه‌ی به‌دواداچونی كۆمپانیا و نوسینگه‌ كشتوكاڵیه‌كانى قایمقامیه‌تى سلێمانى به‌ هاوكارى قامیقامى سلێمانى و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بڕیاریدا، "بۆ لەمەودوا ھەموو ئەو شوێنانەی بەرھەمی کشتوکاڵی لێ دەفرۆشرێت له‌لایه‌ن ده‌رچوانى بەشە جیاوازەکانی زانستی کشتوکاڵیه‌وه‌ سەرپەرشتی کارەکانیان بكرێت".


بێستون عەلی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی به‌دواداچونی كۆمپانیا و نوسینگه‌ كشتوكاڵییه‌كان له‌ قایمقامیه‌تى سلێمانى بە دواڕۆژی وت: "به‌مه‌به‌ستی رێكخستنه‌وه‌ی كاری نوسینگه‌ و كۆمپانیا و هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی تۆو و ده‌رمانی به‌خێوكردنی رووه‌ك و كشتوكاڵ ده‌فرۆشن لەگەڵ ئاوات محه‌مه‌د، قایمقامی سلێمانی و نوێنه‌رانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی: ئاسایشی ئابووری، كشتوكاڵ، ڤێتێرنەری، شارەوانی، باخچەكانی سلێمانی، سەندیكانی ئەندازیارانی كشتوكاڵی، پزیشكانی ڤێتێرنەری، فرۆشیارانی كەلوپەلی كشتوكاڵ و لیژنەی باڵای بەدواداچوونی نوسینگە كشتوكاڵییەكان، كۆبونەوەمان ئەنجامدا. له ‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا‌ چه‌ند بڕیارێكدران كه‌ ده‌بێت به‌ مه‌رج بۆ شوێنه‌ كشتوكاڵییه‌كان و پێویسته‌ پێوه‌ی پابه‌ندبن، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ رووبه‌ڕووی رێكاری یاسایی ده‌بنه‌وه"‌.

وتیشی : "یه‌كێك له‌و مه‌رجانه‌ی كه‌ پێوسته‌ هه‌موو ئه‌و شوێنانه پابه‌ندبن پێوه‌ی، هه‌بوونی ده‌رچوانی به‌شه‌ كشتو‌كاڵییه‌كانه‌ له‌ شوێنه‌كه‌ و سه‌رپه‌رشتی كردنی‌ پڕۆژه‌كانیان‌ تا به‌شێوه‌یه‌كی دروست و زانستی رێنماییه‌كانی به‌كارهێنانی ده‌رمان بۆ‌ جوتیارن، هاوڵاتیان رونبكه‌نه‌وه".

سه‌رۆكی لیژنه‌ی به‌دواداچونی كۆمپانیا و نوسینگه‌ كشتوكاڵیه‌كان له‌ قایمقامیه‌تى سلێمانى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "به‌ره‌زامه‌ندی پارێزگاری سلێمانی لیژنه‌كه‌مان سه‌ردانی نوسنگه‌ و كۆمپانیا كشتوكاڵیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سنوری شاری سلێمانی ده‌كات، به‌مه‌ش لیژنه‌كه‌ رێگری فرۆشتنی ده‌رمانی قڕكه‌ر و مادده‌ی خراپ ده‌كات".

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن




  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure