به‌زربوونه‌وه‌ى ئاستى ئاو مه‌ترسی بۆ ناحیه‌یه‌كى هه‌رێم دروست ده‌كات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 05/04/2019‌ :: 3078‌ جار بینراوە

دوارۆژ، مادح جه‌مال

ماوەی چەند رۆژێکە ناحیەی تەق تەق لە سنوری قەزای کۆیە، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێی بچوکەوە بەشێکی ژێر ئاو کەوتووە، هاوکات زیانی گەورەشی بە کەرتی کوشتوکاڵ و گەشتیاری ناوچەکە گەیاندووە.

 
حاكم عومەر ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ى ته‌ق ته‌ق به‌دوارۆژى راگه‌یاند: سه‌باره‌ت به‌ بارینی بارانی به‌ لێزمه‌ و مه‌ترسیه‌كانى دروستبوونى لافاو و ئه‌گه‌ری بەرزبوونەوەی ئاستی زێی بچوك، به‌رده‌وام هاووڵاتیانمان ئاگاداركردووەته‌وه‌ و رۆژانه‌ هۆشداریمان پێداون بۆ ئه‌وه‌ى پێش وه‌خته‌ ماڵ و موڵك و منداڵیان له‌ شوێنه‌ مه‌ترسیداره‌كان دوربخه‌نه‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانى ئاشتى و رزگاری.

وتیشی: "ئامانجی سه‌ره‌كیمان پاراستنى گیانى هاووڵاتیان بووه‌ له‌ مه‌ترسیه‌كانى زێی بچوك به‌و پێیه‌ى ده‌یان ساڵه‌ باران به‌مشێوه‌ نه‌باریوه‌، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ تا ئیستا زیانه‌كانمان ماددی بوون هه‌ر چه‌نده‌ تیمه‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌رگری شارستانیمان چه‌ند كه‌سێكیان رزگار كردووه‌ كه‌ له‌ كه‌ناری زێی بچوك گیریان خواردبوو".

هاوکات فه‌رهاد مەولود، سه‌رۆكی شاره‌وانى تەق ته‌ق بۆ دواڕۆژی روونکردەوە: هه‌ر زوو دیواری زێی بچوكمان به‌رز كرده‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌كاتى به‌رزبونه‌وه‌ى ئاوی زێی بچوك  گه‌ڕه‌ك و ماڵه‌كانى كه‌نارەکەی پاراست، هه‌روه‌ها به‌رده‌وام چاودێری زێی بچوكیشمان كردووه‌ و مه‌نهۆڵه‌كانیشمان خاوێن كرده‌وه‌ تاوه‌كو و ئاوی باران به‌ ئاسانى به‌و ڕێره‌وانه‌ بڕوات.

كه‌رتى كشتوكاڵ و سامانی ماسی زیانى گه‌وره‌یان به‌ركه‌وتووە
كاوه‌ عومەر، به‌رپرسی به‌شی پلان له‌ فه‌رمانگه‌ى كشتوكاڵى ناحیه‌ى ته‌ق ته‌ق به‌دوارۆژى راگه‌یاند: 147 حه‌وزه‌ ماسی تێكچووه‌ كه‌ مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت نزیكه‌ى 100 هه‌زار ماسی تێدابوبێت، هه‌روه‌ها پێنج هەزار و 900 دۆنم زه‌وی كشتوكاڵی كه‌ به‌ گه‌نم و جۆ چێنراوه‌ ئێستا زێی بچوك دایپۆشیون، ئه‌مانه‌ زانیاری سه‌ره‌تایین و رۆژانه‌ به‌رده‌وامین له‌ تۆماركردنى زیانه‌كانى هاووڵاتیان.

وتیشی: "تائیستا هیچ بڕیارێك نییه‌ زه‌ره‌رمه‌ندان قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر چی ئومێدیشمان وایه‌ حكومه‌تى هه‌رێم بڕیارێك ده‌ربكات كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی جوتیاران بێت".

شاكێو محەمەد، کە یەکێکە لە خاوه‌ن حه‌وزه‌ ماسیه‌كانى ناحیه‌ى ته‌ق ته‌ق باس لەوە دەکات، خۆی له‌كاتى هاتنی شه‌پۆلێكى به‌هێزی باران و دروستبوونى لافاو به‌ ئەسته‌م توانیویه‌تى منداڵه‌كانى رزگار بكات، ئه‌و به‌دوارۆژى وت: "له‌ حه‌وزه‌كه‌مدا سێ هەزار ماسی هه‌بوو، به‌ڵام ئاوی زێی بچوك بردوویەتی و هه‌روه‌ها بەبەهای حەوت هەزار دۆلار مه‌كینه‌ و نافوره‌ و ئامێری كاره‌بایی ئاو بردویه‌تى".

رێبوار عبدوڵا، یه‌كێكى تره‌ له‌وانه‌ى ره‌زوباخ و حه‌وزه‌ماسیه‌كانى له‌ناوچووه‌ له‌ گوندی مه‌لازیاد، ئه‌و به‌دوارۆژ دەڵێت: "پێشتر ماسیه‌كانم له‌حه‌وزدا ده‌رهێناوه‌ به‌ڵام ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ دارودره‌ختى جۆراروجۆرم ژێر ئاو كه‌وتوه‌ كه‌ ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ ماندوبووم له‌گه‌ڵیدا". ئه‌و جوتیارانه‌ داوا له‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ن بودجه‌یه‌كى تایبه‌ت بۆ رووداوه‌ سروشتیه‌كان ته‌رخان بكات و قه‌ره‌بویان بكاتەوه‌، چونكه‌ ره‌نج وماندبوون و خه‌رجیه‌كى زۆریان داوه‌.

كه‌رتى گه‌شتیاری له‌ناوچووه‌
لە سنوری قەزای کۆیە و ناحیەی ته‌ق ته‌ق چه‌ندین پڕۆژه‌ى گه‌وره‌ى گه‌شتیاری له‌سه‌ر زێی بچوک دروستکرابوو، كه‌ له‌ وه‌رزی به‌هار و هاویندا گه‌شتیارێكى زۆر له‌ پاریزگای هه‌ولێر و كه‌ركوكه‌وه‌ روویان تێدەکرد.

ئیسماعیل عبدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری كۆیه‌ به‌دوارۆژى راگه‌یاند: پڕۆژه‌ گه‌شتیارییه‌كان كه‌ له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌ دروستكرابوو ئێستا زێی بچوك دایپۆشیوه‌، به‌تایبه‌ت پڕۆژه‌ گه‌شتیارییه‌كانى ته‌ق ته‌ق و سایه‌ و قه‌ره‌ناو، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى چه‌ندین كه‌پر و شوێنى تری گه‌شتیاری كه‌ هاووڵاتیان دروستیانکردبوو ئێستا لەناوچوون.

زیانه‌كان نه‌خه‌مڵێنراون
گۆران سماقه‌یی، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رگری شارستانى كۆیه‌ بۆ دواڕۆژی ئاشکراکرد: زیانه‌كان زۆر زۆرن کە بریتین له‌ تێكچوونى خانووی هاووڵاتیان و رووخانى حه‌وزه‌ ماسیه‌كان و تێكدانى پڕۆژه‌ گه‌شتیارییه‌كان و له‌ناوچوونى باخی هاووڵاتیان، پێشبینی دەکەین زیانه‌كان له‌ 100 ملیۆن دینار زیاتربێت،  به‌ڵام به‌و پێیه‌ى تائیستا زێی بچوك كه‌مینه‌كردوه‌، نه‌مان توانیووه‌ بگه‌ین به‌ ژماره‌یه‌كى دروست خەمڵاندنی بۆ نەکراوە.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure