له‌م پارێزگایه‌ى هه‌رێم كرێى كاره‌باى مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان له‌سه‌ر هاوڵاتیان زیادده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 03/04/2019‌ :: 1286‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

سه‌رۆكى لیژنه‌ى مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كانى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات: به‌هۆى به‌رزى نرخى گاز و نه‌بوونى كۆگاى تایبه‌ت به‌ هه‌ڵگرتنى گاز، نه‌بوونى فیته‌رى تایبه‌ت به‌ مۆلیده‌كان نرخى كاره‌با له‌سه‌ر هاوڵاتیان زیاددەكه‌ین.


حه‌مید ڕه‌شید، سه‌رۆكى لیژنه‌ى مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كانى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند: كرێى كاركردنى به‌گوێره‌ی كۆنوسی كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، بۆ هه‌ر كاتژمێرێك كاره‌بای مۆلیده‌، بۆ مانگى ئازار بڕی ( 40 دینار و 150) فلسمان دیاریكردووه‌، له‌ كاتێكدا له‌ پارێزگاى سلێمانى بڕى 39 دینار دیاریكراوه‌ بۆ یه‌ك كاتژمێر".

وتیشى :"هۆكارى ئه‌و زیاده‌ وه‌رگرتنه‌ له‌ هاوڵاتیان له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ تا ئێستا له‌ لایه‌ن قایمقامیه‌تى ناوه‌ندى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ فیته‌رى تایبه‌ت به‌ چاككردنه‌وه‌ى مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان دیارى نه‌كراوه‌ له‌ حاڵه‌تى شكانى هه‌ر مۆلیده‌یه‌كیشدا ده‌بێت له‌ سلێمانییه‌وه‌ فیته‌ر بهێنین و بۆ هه‌ر جارێكیش بڕى 250 هه‌زار دینارمان لێ وه‌رده‌گیرێت. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه‌ نرخى گاز له‌ زیاتر له‌سه‌ر خاوه‌ن مۆلیده‌كان ده‌كه‌وێت، به‌ جۆرێك نرخى لیترێك ده‌گاته‌ 550 دینار له‌ كاتیكدا له‌ سلێمانى لیترێك به‌ نزیكى 500 دینار ده‌درێته‌ مۆلیده‌كان. هاوكات له‌ سلێمانى خاوه‌ن مۆلیده‌كان كۆگاى تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌، به‌ڵام لێره‌ ئه‌و كۆگایه‌ بوونى نییه‌".

سه‌رۆكى لیژنه‌ى مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "كۆی گشتی پاره‌ی ئه‌مپێرێك كاره‌با بۆ مانگى ئازار له‌نێوان نۆ هه‌زار بۆ 10 هه‌زار 500 دینار ده‌بێت، به‌جۆرێك پێدانی كاره‌بای مۆلیده‌كان به‌هاوڵاتیان له‌ نێوان 250 بۆ 270 كاتژمێر بووه‌، هه‌روه‌ها به‌رنامه‌ی كاركردنی مۆلیده‌كان بۆ ئه‌م مانگه‌، گۆڕانكاری تێدا ده‌كرێت، به‌جۆرێك به‌یانیان (7 بۆ 9) كاره‌با ده‌درێت، كاره‌بای نیوه‌ڕوانیش، كه‌ پێشتر له‌ سه‌عات (11 بۆ1) ده‌درا، له‌م مانگه‌دا نامێنێت، ئێوارانیش له‌ كاتژمێر چواری سه‌ر له‌ ئێواره‌ بۆ كاتژمێریه‌كی شه‌و كاره‌با ده‌درێته‌ هاوڵاتیان".

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure