پاسپۆرتی دوو قه‌زا خرانه‌ سه‌ر پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌

هەواڵ / کوردستان :: 03/04/2019‌ :: 1444‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید


به‌ڕێوه‌به‌رى پاسپۆرتى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات: له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى پاسپۆرتى عێراقه‌وه‌ ئاگادار كراوینه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ مه‌ودوا هاوڵاتیانى سنورى قه‌زاكانى سه‌یدسادق و شاره‌زوور، ده‌بێت بۆ ده‌رهێنان و نوێكردنه‌وه‌ى مامه‌ڵه‌كانیان روو له‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ بكه‌ن.


موقه‌ده‌م سالار سه‌ردار، به‌ڕێوه‌به‌رى پاسپۆرتى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژ-ى راگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ  (چوارشه‌ممه‌ 3ى نیسان) له‌لایه‌ن به‌رپرسانى به‌غدا-وه‌ ئاگاداركراینه‌وه‌ كه‌ چیتر هاوڵاتیانى سنورى قه‌زاكانى سه‌یدسادق و شاره‌زوور ناتوانن مامه‌ڵه‌ى ده‌ركردن و نوێكردنه‌وه‌ى پاسپۆرت له‌ پارێزگاى سلێمانى ئه‌نجامبده‌ن، ده‌بێت روو له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پاسپۆرتى هه‌ڵه‌بجه‌ بكه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌هۆى هه‌ڵكه‌وته‌ى شوێنى جوگرافى ئه‌و دوو ناوچه‌یه‌ و نزیكییان له‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌".

وتیشى: "هه‌ر هاوڵاتییه‌كى ئه‌و دوو قه‌زایه‌ ئه‌گه‌ر به‌ مه‌به‌ستى ده‌رهێنان و نوێكردنه‌وه‌ى پاسپۆرت بڕواته‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پاسپۆرتى سلێمانى، كارى بۆ ناكرێت و ره‌وانه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كرێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ له‌ ده‌سەڵاتى ئێمه‌دا نییه‌ و ئه‌و بڕیاره‌ له‌ به‌غدا-وه‌ ده‌رچووه‌".

بەوتەی موقەدەم سالار، له‌ئێستادا رۆژانه‌ مامه‌ڵه‌ى زیاتر له‌ 100 هاوڵاتى وه‌رده‌گیرێت، "به‌ڵام به‌هۆى نه‌بوونى ده‌فته‌رى پاسپۆرت له‌سه‌رتاسه‌رى عێراق-دا واده‌ى پێدانه‌وه‌ى پاسپۆرت به‌ هاوڵاتیان دیاریكراو نییه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رۆژانه‌ گرفتى نه‌بوونى هێڵى ئینته‌رنێتمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا".

به‌ڕێوه‌به‌رى پاسپۆرتى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "تا ئێستا له‌سه‌ر پاسپۆرتى هه‌ڵه‌بجه‌ ناوى سلێمانى ده‌نوسرێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆى ئه‌وه‌ى پێش ئه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پاسپۆرتى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ فه‌رمى بكرێته‌وه‌، نزیكه‌ى دوو ملیۆن ده‌فته‌رى پاسپۆرت به‌ چاپ گه‌یه‌نرابوون و ناوى هه‌ڵه‌بجه‌یان له‌سه‌ر نه‌نوسرابوو، بۆیه‌ تا ئه‌و دوو ملیۆن ده‌فته‌رە به‌كار نه‌هێنرێن و دیزاینێكى نوێ داده‌نرێت، ناوى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌سه‌ر پاسپۆرت نانوسرێت".

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure