یەكەم كاردانەوەی گۆڕان بۆ رێككەوتنی پارتی و یەكێتی

هەواڵ / کوردستان :: 03/04/2019‌ :: 771‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

بەرپرسێكی گۆڕان رایدەگەیەنێت: ئەوان پیرۆزبایی لەڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم دەكەن و ئاشكرایكرد كە دەرگای بزووتنەوەی گۆڕان كراوەیە بەڕووی هەموو لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتیش یەكێتی نیشتمانی.


ئەمڕۆ پارتی و یەكێتی دوای چەندین مانگ لە گفتوگۆ گەیشتنە رێككەوتن و فراكسیۆنی یەكێتیش بەشداری دانیشتنی پەرلەمانی كوردستانیان كرد بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان.

نەسرەدین مەحمود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان (ئەمڕۆ 3ی نیسانی 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: رێككەوتنی هەموو لایەنەكان بەلای ئەوانەوە خاڵێكی زۆر باشە و  پیرۆزبایی لەڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی دەكەن و هیوادارن ئەو رێككەوتنە ببێتە رێككەوتنێكی گشتی سەرجەم لایەنەكان و ئەوان ئارەزوومەندن لەحكومەتی نوێی هەرێم بەشداربن.

لەماوەی رابردوو پەیوەندی گۆڕان و یەكێتی گرژی تێكەوت، سەبارەت بەوەی پێیانوایە دوای ئەم رێككەوتنە، پەیوەندی گۆڕان و یەكێتیش ئاسایی ببێتەوە، ناوبراو روونیكردەوە: هەموو رێككەوتنێك لە خزمەتی خەڵكی كوردستان كارێكی باشە، ئێمە و یەكێتیش لە سنور و هەرێمێك و وڵاتێكدا دەژین، ئومێد دەكەین پەیوەندییەكانمان باش بن، لەڕابردوودا هەندێك گلەیی و ساردیی هەبووە، ئومێد دەكەین یەكێتی نیشتمانی بەو شێوەیەی پێشوو نەبێت و ئەگەر لەو خاڵانەی هەبووە لەڕابردوودا كە هەبووە پێداچوونەوەیان كردبێت، دەرگای بزووتنەوەی گۆڕانیش كراوەیە بەڕووی هەموو لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتیش یەكێتی نیشتمانی.

دەربارەی ئەو خاڵانەش چین كە باسیكردن، بەرپرسەكەی گۆڕان وتی: "لە رابردوودا زۆر باسی ئەو رێككەوتنانە و لێكتێگەیشتنەكانمان كرد و كۆمەڵێك خەلەل بوون، دۆخی كوردستان و قۆناغەكە وا پێویستدەكات جارێكی دیكە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بەخۆیاندا بچنەوە و ئەمڕۆش یەكێتی و پارتی كارێكی باشیان كرد بۆ رێككەوتن، بەتایبەتیش كە ئێستا لایەنەكان لە پەرلەمان تاوتوێی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و كێشەكان دەكەین، ئەوكاتەش ئێمە و یەكێتی دەتوانین دانیشین و دەست بخەینەسەر ئەو خاڵانەی كە بۆ هەرێمی كوردستان پێویست و باش بێت".

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure