گه‌رمیان.. نرخى زه‌وى بازرگانى 100 هه‌زار دۆلار به‌رزده‌بێته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 04/04/2019‌ :: 916‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرت، سیروان حه‌سه‌ن 

دواى یه‌ك مانگ له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى سیستمى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌، له‌ سنوورى گه‌رمیان زه‌وى و خانووى بازرگانى نزیكه‌ى 100 هه‌زار دۆلار، خانوو زه‌وى ئاسایی-ش نزیكه‌ى حه‌وت هه‌زار به‌رزبووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام نرخى كرێ گۆڕانكارى ئه‌وتۆى به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌. 


هه‌ڵمه‌ت عه‌باس، خاوه‌نى نوسینگه‌ى سروشتى كه‌لار بۆ كرێن و فرۆشتنى خانوو و زه‌وى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ دواى نه‌مانى سیستمى پاشه‌كه‌وت له‌ ماوه‌ى یه‌ك مانگى رابردوودا له‌ سنوورى گەرمیان و قەزای كه‌لار به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى نرخى هه‌موو موڵكێك روو له‌ هه‌ڵكشانه‌، به‌ تایبه‌تى زه‌وى و خانووى بازرگانى زۆر به‌رزبووه‌ته‌وه‌. 

وتیشى: "نرخى خانووى و زه‌وى ئاسایى له‌ نێو گه‌ڕه‌كه‌كان له‌ نێوان پێنج بۆ حه‌وت هه‌زار دۆلار به‌رزبووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام نرخى زه‌وى بازرگانى زۆر به‌روبووه‌ته‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ ماوه‌ى ئه‌و مانگه‌ زیاتر له‌ 100 هه‌زار دۆلار نرخه‌كه‌ى زیادیكردووه‌". 

هه‌ڵمه‌ت عه‌باس نموونه‌ى خانوویه‌كى نێو بازارى شارى كه‌لارى هێنایه‌وه‌، كه‌ پێشتر له‌ كاتى سیسته‌مى مووچه‌ به‌ پاشه‌كه‌وت خاوه‌نه‌كه‌ى داواى 280 هه‌زار دۆلارى كردووه‌، به‌ڵام له‌م هه‌فته‌یه‌دا 380 هه‌زار دۆلارى بۆ وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام خاوه‌نه‌كه‌ى ئاماده‌نه‌ بووه‌ بیفرۆشێت و داواى 450 هه‌زار دۆلارى لێده‌كات. 

ئه‌و خانووه‌ ده‌كه‌وێته‌ بازاڕى كه‌لاره‌وه‌ رووبه‌ره‌كه‌ى 150مه‌تره‌و ته‌نها دوو دووكانى له‌ گه‌ڵدایه‌ و واتا هه‌ركه‌سێك بیكڕێت ده‌بێت بیڕوخێنێت و بیكاته‌ دوكان و باڵه‌خانه‌ى بازرگانى. 

به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى خانوو و زه‌وى له‌ سنووره‌ گه‌رمیان له‌ كاتێكدا مانگێك له‌مه‌وبه‌ر فۆرمى خانووى پڕۆژه‌ى مامۆستایان دابه‌شكرا، كه‌ زیاتر له‌ دوو هه‌زار یه‌كه‌یه‌، هه‌روه‌ها بریاره‌ هه‌فته‌ى داهاتوو له‌ سنورى كه‌لار و كفرى دوو هه‌زار و 259 پارچه‌ زه‌وى به‌سه‌ر راگیراوانى سیاسى و رزگاربووانى ئه‌نفال دابه‌شبكرێت. 

مامۆستا ئه‌حمه‌د ره‌حیم، له‌ گه‌رمیان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند؛ له‌ پڕۆژه‌ى خانووى مامۆستایان له‌ كه‌لار خانووى بۆ ده‌رچووه‌ و فۆرمى خانووه‌كه‌ى به‌ هه‌شت هه‌زار دۆلار فرۆشتووه‌ چونكه‌، پاره‌ى نه‌بووه‌ به‌شدارى بكات و پێشه‌كى و قیستى خانووه‌كانى پێنه‌دراوه‌. 

وتیشى: فۆرمه‌كه‌ى به‌ قازانج فرۆشتووه‌ته‌وه‌ و هه‌ر له‌ دواى ساڵى 2003ه‌وه‌ له‌ گه‌رمیان هه‌موو ئه‌و پڕۆژه‌ نیشته‌جێبوونانه‌ى هاتوونه‌ته‌ ناوچه‌كه‌ دواتر قازانجى زیاتریان كردووه‌، هه‌ربۆیه‌ له‌ ئێستا ته‌نیا فۆرمه‌كه‌ به‌و پڕه‌ پاره‌یه‌ ده‌فرۆشرێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ برى ئه‌وه‌ ئیتر له‌ لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه‌ به‌ سودمه‌ندبوو هه‌ژمارده‌كرێت و له‌ هیچ پڕۆژه‌یه‌كى دیكه‌ ناتوانیت به‌شدارى بكه‌یت ئه‌گه‌ر مه‌رجى ئه‌وه‌بێت سودمه‌ندبوان نه‌گرێته‌وه‌.

لاى خۆشیه‌وه‌ ئارام عادل، به‌رێوه‌به‌رى باجى خانووبه‌ره‌ى گه‌رمیان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند؛ سه‌باره‌ت به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى كرێى خانوو و موڵكى بازرگانى له‌ سنوورى گه‌رمیان هیچ گۆڕانكارییه‌كى ئه‌وتۆ رووینه‌داوه‌ و تا ئێستا هیچ كرێچییه‌ك سه‌ردانى نه‌كردوون بۆ تۆماركردنى سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ كرێى له‌سه‌ر زیادكرابێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ نرخێكى كه‌م زیادیكردووه‌. 

وتیشى: پێشترله‌ كاتى قه‌یرانى دارایى له‌گه‌ڵ خاوه‌ن ته‌لار و ئه‌وانه‌ى دوكانیان زۆره‌ له‌ نێو بازار كۆبوونه‌وه‌و دواتر له‌ رێگاى ئیداره‌ى گه‌رمیانه‌وه‌ بریاریاندا كرێى دوكان و بازرگانى 20% و كرێى خانووش 15% داشكانى بۆ بكرێت، له‌به‌رامبه‌ریشدا له‌ لایه‌ن باج و درامه‌ته‌وه‌ ئاسانكارى بۆ خاوه‌ن موڵكه‌كان بكرێت له‌ پێدانى باج به‌ حكوومه‌ت به‌مشێوه‌یه‌ هه‌مووان سودمه‌ندبوون. 

له‌گه‌ڵ نه‌مانى سیسته‌مى پاشه‌كه‌وت جگه‌ له‌ نرخى خانوو و زه‌وى، نرخى زۆربه‌ى كاڵاو شمه‌ك وپێداویستییه‌كانى دیكه‌ بەرزبووەتەوە. 

هاوكار له‌تیف، كه‌ كاری كڕین و فرشتنى زه‌وى خانوو ده‌كات بۆ دواڕۆژى وتى: له‌ دواى نه‌مانى سیسته‌مى پاشه‌كه‌وت نرخ به‌رزبووه‌ته‌وه‌ و له‌ به‌رزبوونه‌وه‌شدایه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى زه‌وى دابه‌شده‌كرێت له‌ كه‌لار و كفرى، هه‌روه‌ها پڕۆژه‌ى مامۆستایان و پڕۆژه‌یه‌كى دیكه‌ كه‌ له‌م ڕۆژانه‌ ده‌خرێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و پێكهاتووه‌ له‌ 800 خانوو، ئه‌مانه‌ وایانكردووه‌ تا ڕاده‌یه‌كى كه‌م بازار ڕابگرن و خه‌ڵك چاوه‌ڕێ ده‌كات له‌و پڕۆژه‌و زه‌ویانه‌ سودمه‌ندبن. 

وتیشى: "له‌ ئێستادا له‌ سنوورى گه‌رمیان گرفتى كرێنیشینى هه‌یه‌ و زۆر به‌ زه‌حمه‌ت خانووى كرێ ده‌ستده‌كه‌وێت، پێویسته‌ حكوومه‌ت بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌م گرفته‌ به‌ پڕۆژه‌كانى نیشته‌جێبووندا بچێته‌وه‌ بۆ نموونه‌ پڕۆژه‌ى مامۆستایان ماوه‌ى دروستكردنى زیاتر له‌ چوار ساڵه‌ بۆیه‌ ئه‌مه‌ش ماوه‌یه‌كى زۆره‌". 

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ ئه‌كره‌م ره‌زا، به‌ڕێوه‌به‌رى تۆماركردنى خانووبه‌ره‌ى گه‌رمیان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند؛ نه‌مانى سیسته‌مى پاشه‌كه‌وت كاریگه‌رى له‌سه‌ر موڵك دروست كردووه‌ به‌هه‌موو جۆره‌كانیانه‌وه‌ بووه‌ته‌ هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخ له‌ سنوورى گه‌رمیان و به‌وهۆیه‌وه‌ له‌ لایه‌ن به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌یانه‌وه‌ خه‌مڵاندن بۆ زه‌وى خانوو و موڵك زیاتر بووه‌. 

وتیشى: "له‌ دواى نه‌مانى سیسته‌مى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌، مامه‌ڵه‌كردنى كڕین و فرۆشتن و به‌ناوكردنى موڵك زۆر زیادى كردووه‌، ئه‌مه‌ش به‌شێكى په‌یوه‌ندى به‌ جوڵانى بازاره‌وه‌ هه‌یه‌ و به‌شێكیشى په‌یوه‌ندى به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ پێشتر خه‌ڵك موڵكى كڕیوه‌، به‌ڵام له‌به‌ر نه‌بوونى لایه‌نى ماددى نه‌هاتووه‌ مامه‌ڵه‌ى به‌ناوكردن بكات و ئێستا كه‌ بارى دارایى باشتربووه‌ هاووڵاتیان مامه‌ڵه‌كانیان ده‌كه‌ن". 

پ: س.م 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure