سلێمانى: دواى نه‌مانى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ بازاڕى زه‌وی و خانوو بوژاوه‌تەوه‌

هەواڵ / ئابوری :: 03/04/2019‌ :: 1575‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان و پشتیوان

لەئێستادا خواست لەسەر کڕین و فرۆشتنی زەوی زیادیکردووە، بەوتەی کاسبکارانی ئەو بوارە، نرخى زه‌وی بەپێی شوێن  لە نێوان 10% بۆ 20% به‌رزبوه‌ته‌وه‌.


رێبین رەشید، مامەڵەکاری زەوی و خانوو بەدواڕۆژی وت: "لەئێستادا خەڵکێكى زۆر سه‌ردانى نوسینگه‌كانى كڕین و فرۆشتنى زه‌وى و موڵك ده‌كه‌ن پرسیار لەنرخی زەوی یان خانوو ده‌كه‌ن، ئەمەش وایکردوە نرخ روو له‌بەرزبوونه‌وه‌ بكات، بەڵام بازاڕیش كه‌مه‌".

وتیشی: "بەپێی شوێن، نرخى زەوی زیاتر گرانبووە، زەوی ھەیە پێش لابردنى پاشه‌كه‌وتى مووچە 200 مەتر زه‌وى بە 28 ھەزار دۆلار بووە، بەڵام ئێستا بووە بە 33 ھەزار دۆلار، بەڵام نرخی خانوو گۆڕانكارى کەمتری به‌سه‌ردا هاتووه‌، لەبەرئەوەی خەڵک زیاتر بەدوای زەویدا دەگەڕێن کە نرخەکەی لەنێوان 20 ھەزار دۆلار تا 30 ھەزار دۆلار بێت".

ئامانج شوان، کە نوسینگەی کڕین و فرۆشتنی ھەیە لە سلێمانى دەڵێت: "ماوەیەکە کاری نوسینەگەكه‌مان باشبووە، جاران ھەفتەی گرێبه‌ستى مامه‌ڵه‌یه‌كى فرۆشتنى موڵك و زه‌ویمان  نه‌دەکرد، بەڵام ماوەیەکە ھەفتانە سێ تا چوار گرێبه‌ست دەکەین، زۆربەی زۆری مامه‌ڵه‌كانیش ئەو زەوییانەن کە نرخیان گونجاوە و ناگاتە سەروو 40 ھەزار دۆلار".

دەشڵێت: "بازاڕی خانووش ھەیە، بەڵام چونکە خەڵک دەیەوێت خانوو بەدڵی خۆی دروستبکات داواكارى له‌سه‌ر زەوی زۆرتره‌، زه‌وییە ئیفرازکراوەکان زیاتر خواستیان لەسەرە بەتایبەت لەم کاتەدا کە نرخیان زۆر بەرز نیە".

یەکێک لە خاوەن نوسینگەکان پێیوایە ئەو زەوییانەی کە خزمەتگوزارییان بۆ نەچووە زیاتر خواستی لەسەرە و نرخیان گرانە.

توانا کەریم، کڕیاری زەوی و خانوو لە ناوچەی ھەواری شار دەڵێت: "لەھەموو کاتێکدا نرخی زەوی گرانە و خواستی زیاتری لەسەرە، بەڵام خانوو کەمتر خواستی لەسەرە".

وتیشی: "نرخی زەوی لەم ناوچەیە زیاتر ئەو زەویانە بەرزبۆتەوە کە خزمەتگوزاریان بۆ نه‌چووه‌، زیاتر مامەڵەی پێوەدەکرێت و نرخیشیان لە  نێوان 20% بۆ 30% بەرزبۆتەوە خواستی لەسەرە ماوەیەکە مامەڵەیان پێوەدەکرێت".

 

کاروان حسێنیش، خاوەنی نووسینگەیەکی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوییە بۆ دواڕۆژ وتی: "لابردنی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە نرخی خانوو و زەوی بەڕێژەی 10٪ بەرزکردۆتەوە واتە نزیکەی 10 هەزار دۆلار زیادیکردوە بەتایبەتیش ئەو شوقانەی بەسیستمی پێشکەوتوو دروستکراون.

ناوبراو روونیشدکردەوە: لە پاڵ بەرزبوونەوەی نرخی خانوو و زەوی، بەڵام گۆڕانکاری ئەوتۆ لە نرخی کرێی خانوو و شوقە رووینەداوە.

لەئێستادا نرخی زەوی لەبازاڕەکاندا مامەڵە و خواستی لەسەرە ھەربۆیە رۆژانە نرخ گۆڕانکاری بەسەردا دێت لە ئێستادا زەوی بازاڕی بەرزە، به‌ڵام نرخى شووقه‌ له‌ شاره‌كانى نیشتەجێبوون كه‌متر خواستى له‌سه‌رە.

 

پ:س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure