مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتیى بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پارتى له‌كۆبوونه‌وه‌دایه‌

هەواڵ / کوردستان :: 03/04/2019‌ :: 1421‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال

وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆیدا مه‌كته‌بی سیاسی بڕیار له‌سه‌ر به‌شداریكردن یان نه‌كردن له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌دات.


له‌تیف شێخ عومه‌ر، وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: (پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 3ی نیسانی 2019) مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی له‌ سلێمانى كۆبوه‌وه‌ و بڕیار له‌سه‌ر به‌شداریكردن یان به‌شدارینه‌كردن له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌دات.

وتیشى: "ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بی سیاسی بڕیارده‌دات كه‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مان بكات یا نه‌یكات".

بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ: دوو رۆژه‌ په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆن له‌ نێوان به‌رپرسانى باڵاى یه‌كێتى و پارتى هه‌یه‌ و لێكنزیكبوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام رێكنه‌كه‌وتوون و پارتیش دوێنێ سێشه‌ممه‌ وه‌ڵامى یه‌كێتى دایه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى دواخست بۆ ئه‌مڕۆ.

هەر بەپێی زانیارییەکان: كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتیى له‌ماڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵە و بۆ تاووتوێكردنى وه‌ڵامه‌كه‌ى پارتییه‌، ئه‌مڕۆش بڕیارى خۆیان به‌ پارتى ده‌گه‌یه‌نن، ئه‌گه‌ر بگه‌نه‌ ئه‌نجام ئه‌وا وه‌ڵامێكى ئه‌رێنى پارتى ده‌ده‌نه‌وه‌ و فراكسیۆنه‌كه‌یان به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى په‌رله‌مان ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌گه‌نه‌ رێككه‌وتن به‌شدارى ناكه‌ن.

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (3ى نیسانى 2019) په‌رله‌مانی كوردستان كۆببێته‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕۆژه‌یاسای كاراكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بكات.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure