زیانەکانی لافاو لەناحیەیەکی هەرێم ئاشکراکران

هەواڵ / کوردستان :: 03/04/2019‌ :: 341‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن


بەهۆی بارانبارین و دروستبوونی لافاوەوە، لەسنووری ناحیەی گەرمكی سەر بەقەزای پێنجوێن، خانوویەك روخا و بەوهۆیەوە ژمارەیەك سەر ئاژەڵ مرداربوونەوە، هاوكات زیانیش بەر رێگەی سەرەكی مەرزی سەیرانبەن گەیشتووە.

غەریب عەلی، بەڕێوەبەری ناحیەی گەرمك، (ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی نیسانی 2019) بەدواڕۆژی راگەیاند: بەهۆی ئەو بارانبارینە بەخوەڕەی بەدرێژایی ئەم ماوەیە روویكردۆتە سنوورەكەمان، لەگوندی باراوی سەر بەناحیەكەمان، خانوویەكی دار رووخا و بووە هۆی مرداربوونەوەی ژمارەیەك سەر ئاژەڵ.

وتیشی: "هاوكات هەر بەهۆی كاریگەری و بەهێزی ئەم بارانەوە، زیان بە رێگای نزیك مەرزی سەیرانبەن گەیشتووە و بەشێكی رێگەكە  رۆچووە بۆ ئەو مەبەستەش چەند تیمێكی رێگەوبانی سلێمانی گەیشتوونەتە ناوچەكە و كار بۆ چاككرنەوەی دەكەن".

لایخۆشیەوە، بەهادین حەسەن، لێپرسراوی بەشی كەشناسی پێنجوێن، بۆ دواڕۆژ، ئاماژەی بەوەكرد: كۆی گشتی بارانبارینی ئەمساڵی سنوورەكەمان تا رۆژى سێشەممە بریتیە لە(1637.8) ملم، لەكاتێكدا بارانی پار تەنیا (881) ملم بووە و بەو هۆیەشەوە جیاوازی رێژەی بارانی ساڵی پار لەگەڵ ئەمساڵ تا ئەمڕۆ بریتییە لە (756.8) ملم.

پ: س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure