بلۆمبێرگ نهێنییه‌كى 40 ساڵه‌ى سعودیه‌ ئاشكراده‌كات

هەواڵ / جیهان :: 03/04/2019‌ :: 244‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


به‌پێى ئه‌و ئامارانه‌ى كۆمپانیاى "ئارامكۆ"ى سعودى بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، ساڵى رابردوو قازانجه‌كانى کۆمپانیاکە 224 ملیار دۆلار بووه‌، ئاشكراشیكردوه‌ کە به‌رهه‌مى كێڵگه‌ى نه‌وتی غه‌وار (گه‌وره‌ترین كێڵگه‌ى نه‌وت له‌ جیهان) كه‌میكردوه‌.


به‌شى ئابورى ئاژانسى هه‌واڵى بلۆمبێرگ له‌سه‌ر به‌رهه‌مى نه‌وتى عه‌ره‌بستانى سعودیه‌ له‌ ژێرناوى ناونیشانى "نهێنى ده‌وڵه‌ت و سه‌رچاوه‌ى سامانى شانشین" راپۆرتێکی ئاماده‌كردوه‌ كه‌ زانیارییه‌كانى جێگه‌ى گومان و لێكدانه‌وه‌ بوون بۆ بازرگانانى نه‌وت.

راپۆته‌كه‌ ده‌ڵێت: "ئێستا بۆ هه‌مووان ئاشكرا بوو كه‌ كێڵگه‌ى نه‌وتى غه‌وار له‌ عه‌ره‌بستانى سعودیه‌ كه‌ گه‌وره‌ترین كێڵگه‌ى نه‌وته‌ له‌ جیهاندا، نه‌وت كه‌متر به‌رهه‌مده‌هێنێت كه‌ پێشبینیده‌كرا".

بلۆمبێرگ رونیكردوه‌ته‌وه‌: كاتێك ئارامكۆ رۆژى دووشه‌ممه‌ كۆمه‌ڵێك ئامارى بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ ماوه‌ى 40 ساڵه‌ ئاشكراى نه‌كردوه‌، ئێستا په‌رده‌ى له‌سه‌ر زانیارییه‌كانى گه‌وره‌ترین كێڵگه‌ى نه‌وتى سعودیه‌ ئه‌لغه‌وار هه‌ڵدایه‌وه‌ كه‌ ئێستا 3.8 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌مده‌هێنێت، له‌كاتێكدا پێشتر رۆژانه‌ 5 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتى به‌رهه‌مدەهێنا.

فیریندار چۆهان، سه‌رۆكى به‌شى راوێژكارى له‌ كۆمپانیاى "ئینێرجى ئسبكتس لیمیتد" له‌ سه‌نگاپور به‌بلۆمبێرگى راگه‌یاندوه‌: بۆ گه‌وره‌ترین كێڵگه‌ى نه‌وتى سعودیه‌ ئه‌و دابه‌زینه‌ى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت له‌ كێڵگه‌ى غه‌وار گرنگترین خاڵى راپۆرته‌كه‌یه‌.

ئاژانسه‌كه‌ ده‌ڵێت: "سعودیه‌ كه‌ رۆژانه‌ نزیكه‌ى 12 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌مده‌هێنێت، پشت به‌چه‌ند كێڵگه‌یه‌كى كه‌م ده‌به‌ستێت، ئیداره‌ى زانیارى وزه‌ى ئه‌مریكاش كه‌ دامه‌زراوه‌یه‌كى حكومییه‌ و ئامار و داتاكانى  وه‌ك پێوه‌ر له‌ بازاڕه‌كان نه‌وت به‌كاردێت ده‌ڵێت ساڵى 2017 كێڵگه‌ى غه‌وار ر‌وژانه‌ 5.8 ملیۆن  به‌رمیل نه‌وتى به‌رهه‌م ده‌هێنا".

بلۆمبێرگ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردوه‌ كه‌ كه‌مبوونه‌وه‌ى به‌رهه‌مى نه‌وتى كێڵگه‌ى ئه‌لغه‌وار مانای ئەوەیە كه‌ كێڵگه‌ى "برمیان" له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانى ئه‌مریكا كه‌ رۆژانه‌ 4.1 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنێت، ده‌بێته‌ گه‌وره‌ترین كێڵگه‌ى نه‌وت له‌ جیهاندا، به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتدا ده‌ڵێت به‌راورده‌كه‌ زۆر ورد نیه‌، به‌وپێیه‌ى كێڵگه‌ سعودیه‌كه‌ چاڵێكى گه‌وره‌ى نه‌وته‌، به‌ڵام كێڵگه‌ى برمیان له‌ به‌رد پێكهاتووه‌ کە ئەوەش ئاماژه‌یه‌ بۆ ده‌ركه‌وتنى گۆڕانكارى هێزه‌كانى نه‌وت له‌ بازاڕدا.
 
ئا: س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure