سیناریۆی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌مان و ئه‌گه‌ره‌كانی رێككه‌وتنی یه‌كێتی و پارتی

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 03/04/2019‌ :: 1461‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

وابڕیاره‌ پاشنیوه‌ڕۆى (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 3ی نیسانی 2019) په‌رله‌مانى كوردستان خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بکات، تاوه‌كو ئێستاش جگه‌ له‌ فراكسیۆنه‌كانى پارتى و گۆڕان و پێكهاته‌كان، لایه‌نه‌كانى دیكه‌ بڕیارى به‌شداریكردنیان نه‌داوه‌ و فراكسیۆنى یه‌كێتیش چاوه‌ڕێى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى مه‌كته‌بى سیاسى حیزبه‌كه‌ى ده‌كات.


بەپێی بانگهێشتنامەیەکی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، داوا لە پەرلەمانتاران کرابوو (دوێنێ سێشەممە 2ى نیسان)، کاتژمێر 3:00ی پاشنیوەڕۆ ئامادەبن بۆ کۆبوونەوه‌، به‌ڵام به‌هۆكارى هه‌وڵه‌كان بۆ رێككه‌وتنى شاندى پارتى و یه‌كێتیى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 3ى نیسان دواخرا.

کارنامەی کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان تایبەت دەبێت بە ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووه‌م بۆ پێشنیازی یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان- عێراق و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسەندكردنی دەستور، هەروەها خستنەڕووی راپۆرتی لیژنەی یاسایی بەپێی حوكمی ماددەكانی 87 و 89 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.

به‌ گوێره‌ى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، له‌ ئه‌گه‌رى رێككه‌وتنى ئه‌مڕۆى پارتى و یه‌كێتیى، دوو سیناریۆ ئاماده‌كراوه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان، سیناریۆى یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ جارێكى دیكه‌ كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان دوابخرێت تاوه‌كو پارتى و یه‌كێتیى به‌ رەسمى رێككه‌وتنه‌كه‌ واژۆ ده‌كه‌ن، سیناریۆى دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌ له‌ ئه‌گه‌رى رێككه‌وتن و رێكنه‌كه‌وتن، په‌رله‌مانى كوردستان به‌رده‌وام بێت له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ و خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ پڕۆژه‌یاساكه‌ بكات.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئەمڕۆدا پێشنیازی هەمواری یاساکە ناخرێتە دەنگدانەوە، بۆ هەر پەرلەمانتارێک هەیە دوو خولەک بۆ هەر ماددەیەكی یاساکە قسە بکات و بۆچوون و پێشنیازی لەبارەوە بخاتەڕوو.

دواڕۆژ زانیویه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ یه‌كێتیان ڕاگه‌یاندووه‌: ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت سه‌رۆكى هه‌رێم جێگرێكى بۆ زیادبكرێت، ئه‌وا ده‌توانن له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى په‌رله‌مان و كۆبوونه‌وه‌ى داهاتوو، ئه‌و پێشنیازه‌ بخه‌نه‌ڕوو، فراكسیۆنى پارتیش پشتگیرى ده‌كات و ده‌نگى پێده‌دات.

پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم لەلایەن پارتی و گۆڕان و پێکهاتەکانی ناو پەرلەمانی کوردستانەوە پێشکەشکراوە کە ژمارەیان 68 پەرلەمانتارە، بەڵام تائێستا  فراکسیۆنەکانی یەکێتی و  نەوەی نوێ و کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتوی ئیسلامی لەگەڵ پڕۆژەیاساکەدا نین و بڕیارى به‌شداریكردنیشیان نه‌داوه‌.

عه‌بدولستار مه‌جید، سه‌رۆكى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان له‌باره‌ى به‌شداریكردنى حیزبه‌كه‌ى به‌ دواڕۆژى وت: "له‌گه‌ڵ دواخستنى دانیشتنى دوێنێى په‌رله‌مان بووین، چونكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین بۆ پرسێكى وا گرنگ و چاره‌نووسساز كۆده‌نگییه‌ك هه‌بێت و لایه‌نه‌كان ڕێكبكه‌ون".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئه‌وان وەک فراکسیۆن ئه‌مڕۆ کۆبوونەوەی خۆیان دەکەن و سەبارەت بە بەشداریکردن لە دانیشتنی پەرلەمان بۆ خوێندنەوەی دووەمی پرۆژەیاساکە یان بایکۆتی کۆبوونەوەکە ھەڵوێست و دیدی خۆمان بە ڕوونی بۆ ڕای گشتی دەخەینەڕوو.

هاوكات شێركۆ جه‌وده‌ت، سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانى كوردستان بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو: وه‌كو فراكسیۆنى یه‌كگرتوو تێبینییان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساكه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا بڕیارى به‌شداریكردن و نه‌كردنیان نه‌داوه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ لوقمان وه‌ردى، ئه‌ندامى فراكسیۆنى سه‌وز له‌باره‌ى به‌شداریكردنیان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مان، بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: "تاوه‌كو ئێستا بایكۆتى كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌كه‌ن و بڕیارى به‌شداریكردنیش په‌یوه‌سته‌ به‌ رێككه‌وتنى شاندى یه‌كێتیى و پارتى".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure