ئاسایشی سلێمانی شكستپێهێنانى پيلانێكى نوێى داعش راده‌گه‌یه‌نێت

هەواڵ / کوردستان :: 02/04/2019‌ :: 2961‌ جار بینراوە
وێنه‌ى ده‌ستگیركراوانى داعش فۆتۆ: ئاسایشى سلێمانى

دواڕۆ، هۆگر كه‌مال

ئاسایشی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت: پیلانێكی نوێی "تیرۆرستانی داعش"ى بۆ تێكدانی ئارامی هەرێم و سلێمانی شكستپێهێناوه‌.


له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاسایشى سلێمانى سێ باندی "تیرۆرستان" ئاشكرادەكات كه‌ ئەندامەكانیان بە رەگەز عەرەب بوون و دەستگیركراون.

به‌پێى راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ كه‌ (ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2ى نیسانى 2019) وێنه‌یه‌كى بۆ دواڕۆژ نێردراوه‌ هاتووه‌: لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری و نهێنی و بەدواداچوون و شەونخونی بەردەوام، بەرچاوڕونبووین لە جموجۆڵی نوێی "تیرۆرستانی داعش" كە سێ تاقمی جیاواز مەرامیان بوو لە هەرێم و سلێمانی خۆیان رێكبخەن.

ده‌شڵێت: "ئەوەبوو دوای دەستكەوتنی زانیاری دروست و بەڵگەی تەواو و رەزامەندی دادوەر و سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئاسایشی سلێمانی، پلانی دەستگیركردنی تیرۆرستانی داعش خرایه‌ بواری جێبەجێكردنه‌وه‌".

ئاسایش رونیشیده‌كاته‌وه‌: لەلایەك جموجۆڵی شانەنستوەكانی داعش، خرانە ژێرچاودێری وردی ئەمنی، تەواوی ئامانجەكانیش دەستنیشانكران، پاشان لە سلێمانی و چەمچەماڵ و گەرمیان ئۆپراسیۆنی دەستگیركردنی ئەندامەكانی "تاقمە تیرۆرستییەكان" دەستپێكرد.

بۆ بینینى وێنه‌ى ده‌ستگیركراوان و ئۆپراسیۆنه‌كان كلیك لێره‌ بكه‌.

به‌شێك له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى ئاسایش:

لە رۆژی 2019/1/14 تیرۆرست ( شوعەیب زەید ) ناسراو بە ئەبو ئەیمەن دەستگیركرا كە چەكداری داعش بووە و بەشداری چەندین شەڕی كردوە و سەر بە كەتیبەی ئەبو عەباس بووە لە ویلایەتی دیالە، لەگەڵ چەند كەسێكی  دیكە، بەنیازبوونە، شانەیەكی تیرۆرستی دروستبكەن، بەڵام پێش هەر جوڵە و جێبەجێكردنی هەر مەرامێك، لە سلێمانی لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیركرا.

سیڤی تیرۆرست

شوعەیب زەید ناسراو بە ئەبو ئەیمەن
ساڵی 1984 لە مقدادیە لە دایك بووە
ساڵی 2015 بەیعەتی داوە بە تیرۆرستانی داعش
سەر بە كەتیبەكانی ئەبو عەباس و عەبدولرەحمان بووە لە دیالە
بەشداری جەندین شەڕی چەكداری كردووە
بەشداربووە لە چەندین كردەوەی تیرۆرستی دژبە بەهاكانی مرۆڤایەتی 
مەرامیان بووە بێنە سلێمانی و خۆیان رێكبخەن بۆ ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆرستی
رۆژی 14/1/2019 لە سلێمانی دەستگیركرا

لە هەڵمەتێكی دیكەی هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی، توانرا رۆژی 2019/1/27 دوای چاودێریكردنی ورد، تیرۆرست مستەفا خەلیفە عەبدوڵا حەلبوسی، دەستگیربكرێت كە چەكداری داعش بووە و لە سوریاوە هاتۆتە هەولێر و پاش ماوەیەك رودەكاتە سلێمانی.

سیڤی تیرۆرست

مستەفا خەلیفە عەبدوڵا حەلبوسی
لە ساڵی 1996 لە ئەنبار لە دایكبووە
2015 بەیعەتی داوە بە تیرۆرستانی داعش
بەشداری خولی سەربازیكردوە و چەكداری داعش بووە
لە عێراقەوە رودەكاتە سوریا
بە قاچاغ لە سوریاوە هاتۆتە هەولێر و پاش مانەوەی رودەكاتە سلێمانی
پیلانیان هەبووە لە سلێمانی خۆیان حەشاربدەن و كاربكەن بۆ تێكدانی ژیانی خەڵك و  ئارامی سلێمانی 
رۆژی 2019/1/27 دەستگیركرا

هێزەكانی ئاسایش، لێكۆڵینەوەكانیان چڕتركردەوە، پلانی روبەڕووبونەوەی تیرۆرستانی داعشیان گۆڕی،  بە چاودێری سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ناوچەكانی گەرمیان،  چەمچەماڵ، بەهاوكاری ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، گەرمیان، رێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵی تێدا گیرایەبەر و پشتێنەیەكی ئەمنی دروستكرا، بەدواداچوونی وردیش دەكرا، بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر شانەیەكی نەنستوی داعش، پاشان چەندین شەو و رۆژ ماندوبون و گەڕان، توانرا شوێنی چەند چەكدارێكی تیرۆرستانی داعش ئاشكرابكرێت، كە بەناوی كرێكاری و كاركردنەوە رویانكردبووە سنوری پارێزگای سلێمانی، لە هەڵمەتێكی هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی و رۆژئاوای سلێمانی ئەو تیرۆرستانەی كە دزەیانكردبووە هەرێمی كوردستان ، لە رۆژی 2019/1/30 لە سنوری چەمچەماڵ دەستگیركران.

سیڤی تیرۆرستان

تیرۆرست عومەر یونس توركی ناسراو ئەبو عەبد
ساڵی 1994 لە بەغدا لەدایكبووە
ساڵی 2014 بەیعەتی داوە بە تیرۆرستانی داعش
مەوادی خۆراكی و پێداویستی بۆ چەكدارانی داعش دابینكردووە
لێپرسراوی دانانی عەبوە ناسیفە بووە لە تاجی و بەشداری چەندین شەڕیكردووە
2019/1/30 لە سنوری چەمچەماڵ دەستگیركرا.

عومەر كامیل توركی ناسرا بە ئەبو فاروق
ساڵی 1978 لە بەغدا لەدایكبووە
ساڵی 2014 بەیعەتی داوە بە  تیرۆرستانی داعش
چەكداری داعش بووە و ئەركی گواستنەوەی چەكدارانی داعش و دابینكردنی پێداویستیەكانیان بووە
بەرەو هەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێـت تا لە سلێمانی خۆیان رێكبخەن و پیلانەكانیان جێبەجێبكەن
2019/1/31 لە سنوری چەمچەماڵ دەستگیركرا. 

تیرۆرست عەلی یونس توركی ناسراو بە ئەبو بیلال
ساڵی 2014 بەیعەتی داوە بە داعش
چەكداری داعش بووە لە تاجی
ئەركی رێكخستنی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو بووە
سەرەتا چوه‌تە هەولێر و دواتر هاتۆتە سلێمانی
سەرپەرشتی گروپێكی چوار كەسی تیرۆرستی كردوە
2019/1/31 له‌ سنوری چەمچەماڵ دەستگیركرا

هەر  پەیوەست بە پیلانی تیرۆرستانی داعش،  بۆ تیكدانی ژیانی خەڵك و ئارامی هەرێم، ئاسایشی سلێمانی، بە هاوكاری ئاسایشی گەرمیان، لە ناوچەی زینانەی سەر بە گەرمیان،  تیرۆرست ئەحمەد خەمیس شوجاع دەستگیركرا كە لە بەشی هەواڵگی تیرۆرستانی داعش كاریكردوە و راسپێردراوە بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر هێزەكانی ئاسایشی هەولێر و سلێمانی و پێشمەرگە هاوكات هەر لە درێژەی هەڵمەتی هێزەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم (ئاسایشی سلێمانی، ئاسایشی گەرمیان) چەند تیرۆرستێكی تر دەستگیركران.

سیڤی تیرۆرست

تیرۆرست ئەحمەد خەمیس شوجاع ناسراو بە ئەبو عەلی
ساڵی 1998 لە ئامرلی لەدایكبووە
2017 بەیعەتی داوە بە تیرۆرستانی داعش
رادەسپێردرێت زانیاری لەسەر ئەفسەران و كارمەندانی  ئاسایشی هەولێر و سلێمانی كۆبكاتەوە
رۆژی 2019/1/20 لە زینانە دەستگیركرا

هێزەكانی ئاسایش بەردەوام لە لێكۆڵینەوە و  بەدواداچوون و بەردەوام بوون لە چاودێركردنی باردۆخی ئەمنی هەرێم و سەرەداو و زانیاری نوێتر بەدەستهات لەسەر باندێكی تری تیرۆرستی داعش كە خۆیان رێكخستووە و پیلانیان هەیە رووبكەنە ناوچەی حەمرین و پەڵكانە و زینانە و ببنە چەكداری خۆكوژی داعش.
ئەوەبوو رێگا و سنورەكانی گەیشتن بە ناوچەی حەمرین لە گەرمیان كۆنتڕۆڵكران و لە شارەكانی هەرێمی كوردستانیش چاودێری زیاتر.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure