پارتی: بۆ رێککەوتن لەگەڵ یەکێتی گەیشتووین به‌ قۆناغی کۆتایی

هەواڵ / کوردستان :: 02/04/2019‌ :: 4287‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی رایده‌گەیەنێت: گەیشتوینەتە قۆناغی کۆتایی لەگەڵ یەکێتی  بۆ پێکهێنانی حکومەت و ده‌شڵێت: "هیوادارین کەسانی نەیار نەتوانن ببن بە بەربەست".


هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئەندامی شاندی دانوستکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەت (ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2ى نیسانى 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: "گەیشتوینەتە قۆناغی کۆتایی لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەت و کابینەی نوێ".

وتیشی: "ئێمە و یەکێتی و گۆڕان حکومەت دروستدەکەین، هیوادارین کەسانی نەیار نەتوانن لە رێگه‌ی پەیوەندی حیزب و کەسایەتی کێشە دروستبکەن و یان ببن بە بەربەست بۆ کارکردن و حوکمڕانی". 

زیاتر له‌ شه‌ش مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستاندا تێپه‌ڕبوو، به‌ڵام ناكۆكى هه‌ردوو لایه‌نى براوه‌ى یه‌كه‌م و دووه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌سه‌ر به‌ركه‌وته‌ و پشكه‌كان له‌ كابینه‌ى نوێدا، پێكهێنانى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى دواخستووه‌.

پێشتر بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەركردایەتی پارتی بە دواڕۆژی راگەیاند: نێوان ئەوان و یەكێتی جیاوازییەكی وای نەماوە تەنها لەسەر هەندێك پۆستە كە یەكێتی داوادەكات.

بڵند وتیشى: "خاڵی جیاوازییان ئەوەیە یەكێتی لە دوایین كۆبوونەوە داوای شەش وەزارەتیان كردبوو، ئەوانیش پێیانوابوو بەركەوتەی ئەوان پێنج وەزارەتە، بەڵام ئەوەش دوا بڕیارنییە، بەڵكو ئێستاش لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی هەیە و پێموایە دەگەینە رێككەوتن".

لێدوانى ئه‌و به‌رپرسانه‌ى پارتى له‌كاتێكدایه‌ بڕیاره‌ سبه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى كۆببێته‌وه‌.

لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی بەدواڕۆژی راگەیاند: سبەینێ سەركردایەتی حیزبەكەیان بەمەبەستی بەرچاوڕوونی لە ئاڕاستەی گفتوگۆكانیان لەگەڵ پارتی، بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومەتی هەرێم كۆدەبنەوە.

وتیشی :"كۆبوونەوەكە بۆ ئەو مەبەستەیە مەكتەبی سیاسی و وەفدی دانوستانكار بەرچاوڕوونی سەبارەت بە گفتوگۆكان دەخەنە بەردەم سەركردایەتی، تا بزانن وەفدی دانوستانكار چیانكردووە و دانوستانەكان چۆن دەستیان پێكردووە و بەرەو چ ئاڕاستەیەك رۆیشتوون".

سەبارەت بەوەی ئامادەن لەگەڵ پارتی گفتوگۆ بكەنەوە، وتەبێژی یەكێتی دەڵێت  :"هەمیشە ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەساسی شەراكەتی راستەقینە".

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure