باشماخ: زیاتر لە1300 تەن تەماتە هاوردەی هەرێم كرا

هەواڵ / ئابوری :: 03/04/2019‌ :: 141‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن


هاوردەكردنی تەماتەی ئێرانی، لەرێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بۆ هەرێمی كوردستان و سنووری پارێزگای سلێمانی و قەزای پێنجوێن دەستیپێكردوەو تەنیا دوێنێ سێشەممە زیاتر لە(100) ئوتومبێلی پڕ لەتەماتەی ئێرانی هاوردەكراون.


لەوبارەیەوە، شاخەوان بەكر، بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بەدواڕۆژی راگەیاند: دوای ئەوەی لەماوەی رابردوودا، هاوردەكردنی تەماتە لەوڵاتی ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان لەرێگەی مەرزی باشماخەوە راگیرابوو، لەئەمڕۆوە هاوردەكردنەكەی دەستیپێكردەوە.

وتیشی: "تەنیا دوێنێ سێشەممە 133 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری تەماتەی ئێرانی لەباشماخەوە هاتوونەتە هەرێم كە بڕەكەی دەكاتە زیاتر لە(1300) تەن".

روونیشیكردەوە: بەردەوامی هاوردەكردنی تەماتەی ئێرانی نرخەكەی دادەبەزێنێت لەبازاڕەكاندا.

هاوكات كەریم عەلی، فرۆشیاری تەماتە لەعەلوەی پێنجوێن بۆ دواڕۆژ، وتی "ماوەی چەند رۆژێكە نرخی تەماتە بەشێوەیەكی بەرچاو بەهۆی نەهێشتنی هێنانی لەوڵاتی ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان و سنووری پارێزگای سلێمانی و قەزای پێنجوێن زۆر بەزربوەوە كە پێشتر بەهۆی پشووەكانی نەورۆز و سیانزە بەدەرەوە لەئێرانەوە بۆ هەرێم قەدەغەكرابوو".

ئاماژەی بەوەشكرد: دوێنێ دووشەممە نرخی كیلۆیەك تەماتە لەبازاڕەكانی پێنجوێندا لەنێوان (1750 بۆ 2500) دینار بوو، بەڵام ئەمڕۆ كیلۆ نیوێك تەماتەی ئێرانی لەپێنجوێن، نرخەكەی دابەزی بۆ تەنیا 1000 دینار.

پ: س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure