نوێنه‌ری هه‌ده‌په‌ نهێنی سه‌رنه‌كه‌وتنی ئه‌ردۆغان له‌ ئیسته‌نبول ئاشكراده‌كات

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 02/04/2019‌ :: 1015‌ جار بینراوە
موزه‌یه‌ن گونه‌ش

دواڕۆژ، سامان قوبادى

نوێنه‌رى پارتى دیموكراتى گه‌لان (هه‌ده‌په‌) باس له‌وه‌ده‌كات: ده‌نگه‌كانيان زیادیكردووه‌، به‌ڵام چه‌ند شاره‌وانییه‌كى له‌ده‌ستداوه‌، موزه‌یه‌ن گونه‌ش نوێنه‌رى هه‌ده‌په‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا ده‌ڵێت: "هه‌ر كه‌سێك شاره‌وانى ئیسته‌نبول به‌ده‌ستبهێنێت حكومڕانى داهاتووى توركیا ده‌گرێته‌ده‌ست".


دواڕۆژ: له‌ هه‌ڵبژاردنى رابردوو هه‌ده‌په‌ 104 شاره‌وانى به‌ده‌ستهێنابوو، به‌ڵام له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا دابه‌زى بۆ 69 شاره‌وانى، بۆچى؟
موزه‌یه‌ن گونه‌ش:
راسته‌ هه‌ده‌په‌ ژماره‌یه‌ك شاره‌دارى له‌ده‌ستداوه‌، زیندانیكردنى ئه‌ندامه‌كانى هه‌ده‌په‌ و ژماره‌یه‌كى زۆر چالاكى مه‌ده‌نى و ترساندن هۆكار بوو، به‌ڵام له‌رووى یاساییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى رێژه‌ى یاسایى تێپه‌ڕێنین هه‌وڵى زۆردرا، كه‌مته‌رخه‌مى له‌ خۆشمان هه‌یه‌ كه‌ وایكرد هه‌ندێك ناوچه‌مان له‌ده‌ستدا، به‌ڵام به‌گشتى دواى گرتنى ئه‌ندامه‌كانمان و به‌ سه‌ربازیكردنى ناوچه‌ كوردییه‌كان، هێشتا ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كانمان به‌دڵه‌. 

دواڕۆژ: زیندانیكردنى سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش و ئاماده‌نه‌بوونى له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، ئایا هۆكار نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ى ژماره‌یه‌ك شاره‌دارى له‌ده‌ستبده‌ن؟
موزه‌یه‌ن گونه‌ش:
تائێستا نۆ ئه‌ندام په‌رله‌مانى هه‌ده‌په‌ له‌ زیندانن، 12 ئه‌ندام په‌رله‌مانى ترمان به‌هۆى بڕیارى گرتنیان له‌ ده‌ره‌وه‌ى توركیان، هه‌ر سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش نییه‌، به‌ڵكو گوڵتان كشاناك، فیگان یوكسه‌ك و چه‌ندین سه‌ركرده‌ى تر، هاوسه‌رۆكه‌كانى هه‌ده‌پ له‌ زیندانن، به‌ڵام زیندانیكردنیان كاریگه‌ری نه‌بووه‌، جگه‌ له‌وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى بۆ سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كان ده‌رچوون و سه‌ر به‌ هه‌ده‌په‌ن، پاش سێ مانگ له‌ ده‌ستبه‌كاربوون بڕیارى ده‌ستگیركردنیان بۆ ده‌رده‌كرێت، ئه‌گه‌ر كه‌سێكى تریش دابنێین به‌هه‌ر بیانوویه‌ك بێت فه‌رمانى گرتنیان بۆ ده‌رده‌كرێت، بۆیه‌ نه‌مانى سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كان له‌ پۆسته‌كانى خۆیان كاریگه‌ریى هه‌بوو له‌سه‌ر له‌ده‌ستدانى شاره‌دارییه‌كان.

دواڕۆژ: به‌ڵام ده‌نگه‌كانى هه‌ده‌په‌ زیادیكردووه‌، هاوكات چه‌ند سه‌رۆك شاره‌دارییه‌كتان له‌ده‌ستداوه‌، ده‌ڵێیت چى؟
موزه‌یه‌ن گونه‌ش:
راسته‌ ده‌نگمان زیادیكردووه‌، به‌ڵام له‌ هه‌ندێك شار و شارۆچكه‌ جارێكى تر ده‌نگه‌كان جیاده‌كرێنه‌وه‌ و ده‌ژمێردرێنه‌وه‌، هێشتا ئه‌نجامى فه‌رمیش رانه‌گه‌یه‌نراوه‌، هه‌ده‌په‌ زیاتر له‌ 69%ى ده‌نگه‌كانى به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌ناوچه‌ كوردییه‌كان، ده‌نگى ناوچه‌ تورك و كورده‌كان به‌ جیا جیاكرانه‌وه‌ و ژمێردراون، هه‌روه‌ها له‌ باكورى كوردستانیش ده‌نگه‌كان به‌جیا ژمێردراون، هه‌ده‌په‌ له‌ ناوچه‌ توركه‌كان ده‌نگى زیادبووه‌، به‌ڵام له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ى باكورى كوردستان كه‌میكردووه‌.

دواڕۆژ: ئایا سكاڵاكان ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن ده‌گۆڕێت؟
موزه‌یه‌ن گونه‌ش:
چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین كۆمسیۆن له‌و شوێنانه‌ى سكاڵا له‌سه‌ر سندوقه‌كانى ده‌نگدان تۆماركراوه‌ دووباره‌ جیابكرێنه‌وه‌ و بژمێردرێنه‌وه‌، بێگومان ئه‌نجامى سكاڵاكان ده‌گۆڕێت، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى خراپتر بۆ ئه‌ردۆغان، ئه‌مه‌ش ده‌ره‌ئه‌نجامى سیاسه‌تى زوڵم و زۆرى ئه‌كه‌په‌یه‌، به‌ده‌ستهێنانى هه‌ندێك شاره‌دارى بۆ ئێمه‌ زۆر گرنگ بوو، بۆ نموونه‌ شاره‌وانى شێرناخ، تائێستا هیچ حزبێكى تر جگه‌ له‌ هه‌ده‌په‌ نه‌یتوانیوه‌ ده‌نگى ئه‌م شاره‌ بۆ خۆى به‌رێت.

دواڕۆژ: به‌رده‌وام خه‌تاكه‌ ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆى ئه‌كه‌په‌ و ئه‌ردۆغان، ئایا پێتوانییه‌ خودى هه‌ده‌په‌ش هۆكاره‌، به‌تایبه‌ت كه‌ سیاسه‌تێكى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى نییه‌؟  
موزه‌یه‌ن گونه‌ش:
سیاسه‌تێكمان په‌یڕه‌وكرد كه‌ له‌رێگه‌ى هاوپه‌یمانى و رێككه‌وتنه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنمان به‌ده‌ستهێنا، دواى هه‌ڵبژاردن پێداچوونه‌وه‌ به‌ سیاسه‌تى هه‌ده‌په‌دا ده‌كرێت، چونكه‌ قۆناغێكى نوێ هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌.

دواڕۆژ: هۆكارى له‌ده‌ستدانى چه‌ند شارێكى گه‌وره‌ به‌تایبه‌ت ئیسته‌نبول، له‌لایه‌ن ئه‌كه‌په‌ و ئه‌ردۆغان بۆچى ده‌گه‌ڕێنیته‌وه‌؟
موزه‌یه‌ن گونه‌ش:
هه‌ر كه‌سێك ئیسته‌نبول به‌ده‌ستبهێنێت، واته‌ حكومه‌تى داهاتووى توركیا بۆ ئه‌وه‌، ئه‌م شاره‌ تایبه‌تمه‌ندى خۆى هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت له‌ هه‌ڵبژاردندا، ده‌نگى ئیسته‌نبول به‌ر هه‌ر لایه‌كدا بێت كاریگه‌ریى له‌سه‌ر سه‌رجه‌م شاره‌كانى ترى توركیا ده‌بێت، به‌مه‌به‌ستى سه‌رنه‌كه‌وتنى ئه‌ردۆغان رێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ چه‌ند حیزبێكى ترى توركیا ئه‌نجامدا، چونكه‌ چیتر هه‌نگاوێك به‌ره‌و چاره‌سه‌رى كێشه‌ى كورد ناهاوێت، بۆیه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ كاریگه‌ریى هه‌بوو له‌سه‌ر له‌ده‌ستدانى شاره‌ گه‌وره‌كان، به‌تایبه‌ت ئیسته‌نبول له‌لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه‌، سیاسه‌تى خراپى ئه‌ردۆغان ته‌نیا له‌سه‌ر كورد نییه‌، به‌ڵكو بۆ توركیشه‌.

دواڕۆژ: كه‌واته‌ پێتوایه‌ له‌ده‌ستدانى ئیسته‌نبول به‌و مانایه‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو بۆ سه‌رۆكایه‌تى توركیا ئه‌ردۆغان ئه‌م پۆسته‌ش له‌ده‌ستبدات؟
موزه‌یه‌ن گونه‌ش:
سه‌ره‌تاى ده‌ركه‌وتنى ئه‌ردۆغان و سه‌ركه‌وتنى له‌ سه‌رۆكى شاره‌دارییان ئیسته‌نبول بوو، به‌ده‌ستهێنانى ئیسته‌نبول ده‌رگاى حوكمڕانى داهاتوو بۆ ئه‌و كه‌سه‌ ده‌كرێته‌وه‌، شاره‌وانى ئیسته‌نبول رۆڵى گرنگ و زۆرى هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتووى سه‌رۆكایه‌تى توركیا ره‌نگه‌ ئه‌ردۆغان نه‌توانێت ده‌نگى پێویست به‌ده‌ستبهێنێت، چونكه‌ ترسى ئه‌و ته‌نها ئیسته‌نبول بوو، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت دوباره‌ ده‌نگه‌كان بژمێرنه‌وه‌. 

دواڕۆژ: دواى هه‌ڵبژاردن ده‌بنه‌ هاوپه‌یمانى كێ؟
موزه‌یه‌ن گونه‌ش:
له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك پارتى تر هاوپه‌یمانین، ئه‌مه‌ش قۆناغێكى تره‌ له‌سیاسه‌تى هه‌ده‌په‌ و توركیا، به‌تایبه‌ت له‌ باكورى كوردستان، ده‌رئه‌نجامى ئه‌مه‌ش له‌ماوه‌ى دوو رۆژى رابردوودا كه‌ ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه‌ ده‌نگێكى زۆر باشى به‌ده‌ستهێنا، كورسى ده‌سه‌ڵاتى هه‌ژاند، له‌مه‌ودوا سیاسه‌ت و به‌رنامه‌یه‌كى نوێى هه‌ده‌په‌ ده‌ستپێده‌كات.
 
پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure