رۆژنامەی حوڕییەت: ئایا ئەردۆگان حیزبی داد و گەشەپێدان لە ڕیشەوە دەگۆڕێت؟

هەواڵ / جیهان :: 02/04/2019‌ :: 158‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ


رۆژنامەی حوڕییەتی چاپی توركیا بڵاوی كردەوە كە پاش هەڵبژاردنەكانی شارەوانی توركیا ئێستا رەجەب تەیب ئەردۆگان وەك سەرۆكی ئەو حیزبە كۆمەڵێك بژاردەی جیاوازی لەبەردەستدایە كە چارەنووس و توانا و ئایندەی ئەو حیزبە دیاری دەكەن.


نووسەری وتارەكە دەڵێت: "پێ‌دەچێت ئەو گۆڕانكاریی و چاكسازییانەی كە ئەردۆگان رابەرایەتییان دەكات لایەنە ئابوورییەكانی ژیان و مەسەلە پەیكەرییەكانی ئەكەپە بگرێتەوە بێجگە لە كۆمەڵێك گۆڕانكاری لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆ و ئاساییش و ئازادییەكان".


نووسەر بە پێویستی دەزانێت نوێكردنەوە و هاوچەرخكردن لە ئەكەپەدا رووبدات چونكە ئەزموونی سیاسی توركیا جەخت لەوە دەكاتەوە و نموونەش چارەنووسی حیزبی نیشتمانی دایكە كە لە ساڵی 1989دا كۆنترۆڵی ئەنقەرە و ئیستانبوڵی لەدەست دا و حیزبی رەفاه جێگەی گرتەوە.


وتارەكە دەڵێت: "حیزبی نیشتمانی دایك دەرسی لەو شكستە وەرنەگرت و سەرئەنجام لە شانۆی سیاسی توركیا دوورخرایەوە".


لە 16ی نیسانی ساڵی رابوردوودا ئەردۆگان لە وتارێكدا بە بۆنەی سەركەوتنی حیزبەكەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا وتی: "گرنگتر لەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنە شارەوانییەكانی ساڵی 2019یە واتە ئەم هەڵبژاردنەی ئێستا".


وتارەكە دەڵێت: "هەرچەندە ئەكەپە هەندێك گۆڕانكاری لە پەیكەری حیزبدا ئەنجام داوە بەڵام پێدەچێت پێویستی بە گۆڕانكاری ریشەیی قووڵتر هەبێت بۆ سەركەوتن لە هەڵبژاردنەكانی 202دا".


هەرچەندە هاوپەیمانی نێوان ئەكەپە و مەهەپە 52%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە و سەقامگیری سیاسی لە توركیادا بە پارێزراوی ماوەتەوە بەڵام هەموو حیزبەكانی دیكەش لە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەی ئێستا رازین و لە ماوەی 25 ساڵی رابوردوودا حیزبی جەهەپە توانی بۆ یەكەمجار پێگەی خۆی لە ئەنقەرە بەدەست بهێنێتەوە.


نووسەری راپۆرتەكە دەڵێت: "گرنگترین خاڵی جیاكەرەوەی حیزبی ئەكەپە لە حیزبەكانی تری توركیا بوونی سەرۆكێكی بەهێزی وەكو ئەردۆگانە بەڵام هەنگاوەكانی داهاتووی زۆر چارەنووسی دەبن و هەمووان چاوەڕوانین بزانین ئایا گۆڕانكاری ریشەیی لە حیزبەكەیدا دەكات یاخود تەنیا چەند چاكسازییەكی سادە ئەنجام دەدات".

 

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure