باران 6500 دۆنم زه‌وى كشتوكاڵى شاره‌زوور داده‌پۆشێت

هەواڵ / ئابوری :: 02/04/2019‌ :: 843‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید

به‌ڕێوه‌به‌رى كشتوكاڵى شاره‌زوور ئاشكرایده‌كات: به‌هۆى بارانبارینى به‌رده‌وامى چه‌ند رۆژى رابردوووه، تائێستا شه‌ش هه‌زار و 500 دۆنم زه‌وى كشتوكاڵى ده‌شتى شاره‌زوور به‌ ته‌واوه‌تى بووه‌ به‌ ژێر ئاوه‌، هاوكات باس له‌ دروستبوونى جۆره‌ كرمێكیش ده‌كات له‌ دواى نه‌مانى ئه‌و ئاوه‌ى زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانى داپۆشیوه‌.


عه‌بدولكه‌ریم عارف، به‌ڕێوه‌به‌رى كشتوكاڵى شاره‌زوور به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌هۆى بارانبارینى به‌رده‌وامى چه‌ند رۆژى رابردووه‌ ئه‌و زه‌وییه‌ كشتوكاڵییانه‌ى كه‌ ده‌كه‌ونه‌ گونده‌كانى نزیك رووبارى سیروان به‌ ته‌واوى ژێر ئاو كه‌وتوون، جوتیاران زیانێكى زۆریان پێگه‌یشتووه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ به‌رهه‌مى گه‌نمى ئه‌مساڵدا هیچ به‌رهه‌مێكیان نابێت.
 
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: له‌ئێستادا رووبه‌رى شه‌ش هه‌زار و 500 دۆنم زه‌وى كشتوكاڵى ده‌شتى شاره‌زوور به‌ته‌واوه‌تى بووه‌ به‌ژێر ئاوه‌وه‌ كه‌ به‌ به‌رهه‌مى گه‌نم و چه‌ند دانه‌وێڵه‌یه‌كى دیكه‌ چێنراون، هاوكات ئه‌گه‌ر ئه‌م شه‌پۆلى بارانباینه‌ به‌رده‌وامى هه‌بێت رووبه‌رێكى زیاتر له‌ زه‌وى كشتوكاڵى ئاو دایده‌پۆشێت و زیانێكى زۆرترى لێده‌كه‌وێته‌وه‌.
 
به‌ڕێوه‌به‌رى كشتوكاڵى شاره‌زوور ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئه‌و زه‌وییه‌ كشتوكاڵییانه‌ى كه‌ به‌ ئاو داپۆشراون له‌دواى نه‌مانى ئاوه‌كه‌ش جۆره‌ كرمێك دروستده‌كات، كه‌ به‌ (قالۆنچه‌ى گه‌نم) ناسراوه‌، گه‌راى ئه‌م كرمه‌ش تواناى هه‌یه‌ بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ له‌و زه‌وییه‌ كشوكاڵییانه‌دا بمێنێته‌وه‌ كه‌ زیان به‌ قه‌دى گه‌نمه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت تا وشككردنى گه‌نم، بۆیه‌ به‌شێوه‌یه‌كى گشتى ئه‌م بارانبارینه‌ى ئه‌مدواییه‌ زیانێكى زۆرى به‌ كه‌رتى كشتوكاڵ گه‌یاندووه‌ به‌تایبه‌ت به‌رهه‌مى گه‌نم.

پ: س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure