سەركردەیەكی پارتی داوایه‌كی یه‌كێتی ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 02/04/2019‌ :: 7851‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت: برادەرانی یەكێتی داوا دەكەن دوو جێگر بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان دابنرێت، بۆ سەرۆكی حكومەتیش یەك جێگر بێت، ده‌ڵێت: "پێشتر حیزبەكان دەیانوت باسی پۆست و پلە ناكەن، بەڵام لە واقیعدا هەرایە لەسەر پۆست و پلە".


نوری حەمەعەلی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ 2ی نیسانی 2019 بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەوەی بیستوومە لەئەندامانی شاندی خۆمان، برادەرانی یەكێتی داوا دەكەن دوو جێگر بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان دابنرێت، بۆ سەرۆكی حكومەتیش یەك جێگر بێت، بەڕای من ئەگەر سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بكرێتە دوو جێگر، هەقە سەرۆكایەتی حكومەتیش بكرێتە دوو جێگر".

ناوبراو روونیكردەوە: پێشتر هەموو حیزبەكان دەیانوت باسی پۆست و پلەمان نەكردووەو ناكەین، بەڵام كە دێیتە سەر واقیع هەمووی هەرایە لەسەر پۆست و پلە، ئەی ئەگەر باسی پۆست و پلە ناكرێت، ئەی لەسەر چی ماوەو رێكناكه‌ون؟.

دەربارەی ئەوەی گەشبینن بەوەی لەگەڵ یەكێتی دەگەنە رێككەوتن، سەركردەكەی پارتی روونیكردەوە: وەكو پارتی هەمیشە حەزمان كردووە لەگەڵ هەموو حیزب و دۆستەكاندا وەكو یەك خێزانی گەورە كار بكەین، ئێمە یەكڕیزی و خزمەتكردنمان بەلاوە گرنگە.
 
لێدوانی ئەو سەركردەیەی پارتی لە كاتێكدایە تائێستا پارتی و یەكێتی نەگەیشتوونەتە رێككەوتنی كۆتایی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هەرێمی كوردستان.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure